2021-11-02 14:37:12
كۆمپانیای تۆیۆتا كە كۆمپانیایەكی فرە رەگەزە بارەگا سەرەكیەكەی لەشارۆچكەی (تۆیۆتا ئایچی) وڵاتی ژاپۆنە ، لەساڵی 2017 كۆمپانیاكە خاوەنی 364 هەزارو 445 كارمەند بوو لەسەرتاسەری جیهان ، لەساڵی 2018 لەڕیزبەندی شەشەم گەورە كۆمپانیا بوو لەڕووی داهاتەوە ، لەساڵی 2017 شدا بووە گەورەترین كۆمپانیای دروستكەری ئۆتۆمبێل لەجیهان.
ئەو كۆمپانیایەی ژاپۆن لەسەرەتادا لەساڵی 1937 لەسەر دەستی كەسێك بەناوی (كیشیرۆ تۆیۆدا) دامەزرا كە پێشتر لەساڵی 1934 كۆمپانیایەكی تری باوكی بوو بەناوی پیشەسازی تۆیۆتا بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل كە سەرەتا یەكەم بزوێنەری دروستكرد كە ئەویش لەساڵی 1936 بوو بۆ ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا (ئەی . ئەی).
كۆمپانیاكە لەسەرەتای دامەزراندنیدا ناوەكەی (تۆیۆدا) بوو كە بەزمانی ژاپۆنی واتای (كێڵگەی برنجی بەپیت) دێت كە ناوی بنەماڵەی دامەزرێنەری كۆمپانیاكەیە ، بەڵام لەساڵی 1937 (ریسابورو تۆیۆدا) كە هاوسەرگیری لەگەڵ یەكێك لەبنەماڵەی دامەزرێنەری كۆمپانیاكە كرد پێیوابوو ناوی (تۆیۆدا) بەزمانی ژاپۆنی قورسە ، بۆیە ناوەكەی بۆ (تۆیۆتا) گۆڕی.
تۆیۆتا یەكەم كۆمپانیا بوو لەجیهان كە بۆیەكەمجار توانی ساڵانە 10 ملیۆن ئۆتۆمبێل دروستبكات كە ئەوەش لەساڵی 2012 بەدەستیهێنا كە هەر ئەو ساڵە دروستكردنی 200 ملیۆن ئۆتۆمبێلی لەمێژووی خۆیدا راگەیاند ، تۆیۆتا بەگەورەترین كۆمپانیای ژاپۆن دادەنرێت لەڕووی بەهای بازارو قازانج كردندا كە ئەوەش لەساڵی 2014 ەوە بەدەستیهێنا لەئێستاشدا ئۆتۆمبێلەكانی لە 170 وڵاتی جیهاندا دەفرۆشرێت.
سەڕەرای ئەو هەموو دەستكەوتە ، كۆمپانیاكە لەجیهاندا بەپێشەنگی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی دادەنرێت ، هەورەك پێشەنگە لەبازاری ئۆتۆمبێلی بزوێنەری كارپێكەر بە شانەی سووتەمەنی هایدرۆجینی كە تا ساڵی 2017 جۆرەكانی تۆیۆتاو لێكزس 10 ملیۆن ئۆتۆمبێلی لەو جۆرە بزوێنەرەی لێ فرۆشراوە كە تۆیۆتا (پریۆس) لەجۆری بزوێنەری هەجینە تائێستا لەسەرتاسەری جیهان 6 ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە.
كۆمپانیاكە جگە لەجۆری تۆیۆتا ، ئۆتۆمبێلی جۆری (هینۆ) و (لێكزس) و (وارنز) و (دایهاتسو) ش دروست دەكات هەروەها خاوەنی نزیكەی 16,6% پشكەكانی كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی (سوبارۆ) یە لەگەڵ خاوەنی نزیكەی 5,9% ی پشكی كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی (ئیسوزو) و خاوەنی نزیكەی 5,5% ی كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی (مازدا) یەو لەگەڵ خاوەنداریەتی چەند پڕۆژەیەكی هاوبەش لەنێویاندا دوو پڕۆژە لەچین كە بریتیە لە(جاك تۆیۆتا و سیچوانفاو تۆیۆتا) و پڕۆژەیەكی تریش لەهیندستان بەناوی (تۆیۆتا كیرلۆسكار) و پڕۆژەیەكی تریش لەكۆماری چیك لەگەڵ خاوەنداریەتی چەندین كۆمپانیای تر كە كاری بەدەر لەدروستكردنی ئۆتۆمبێل ئەنجام دەدەن.
كۆمپانیای تۆیۆتا یەكێكە لەگەورەترین كۆمپانیا قەبارە گەورەكان لەگەڵ ئەوەشدا بارەگای سەرەكیەكەی لەباڵەخانەیەكی سادەو ئاسایی پێكدێت كە بریتیە لەچوار نهۆم ، بەڵام بارەگای هونەری كۆمپانیاكە لە 14 نهۆم پێكهاتووە .
كۆمپانیاكە لەبواری پیشەسازی سەربازیش رۆڵی گرنگی هەبوو بۆ نمونە لەكاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا تۆیۆتا كارەكانی تەرخانكرد بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ سوپای ژاپۆن كە لەجۆرەكانی kc , kb , kcy بوون.
كۆمپانیای ناوبراو چەند مۆدیلێك ئۆتۆمبێلی هەیە كە لەئێستادا بەناوبانگترین و پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێلی جیهانن لەوانە جۆری تۆیۆتا (لاندكروزەر) كە بۆیەكەمجار لەساڵی 1951 دروستكراو تائێستاش بەردەوامە لەدروستكردنی هەروەها بۆیەكەمجار تۆیۆتا (كڕاون) لەساڵی 1955 و تۆیۆتا (كۆڕۆنا) لەساڵی 1957 و تۆیۆتا (كۆڕۆلا) لەساڵی 1966 دروستكران.
ئۆتۆمبێلەكانی تۆیۆتا زۆربەیان بەئۆتۆمبێلی بزوێنەری بچووك و ئابووری ناسرابوون ، بەڵام لەساڵی 1989 كۆمپانیاكە بڕیاریدا بەدروستكردنی ئۆتۆمبێلی گرانبەهاو بزوێنەری گەورەو فرە تایبەتمەند كە ئەویش كردنەوەی هێڵی ئۆتۆمبێلی جۆری (لێگزس) بوو.
لەئێستادا كۆمپانیاكە كارگەی دروستكردنی لەچەندین وڵات هەیە كە بریتین لە (ئوسترالیا ، هیندستان ، كەنەدا ، ئەندۆنیسیا ، پۆڵەندا ، باشووری ئەفریقیا ، توركیا ، بەریتانیا ، ئەمریكا ، بەڕازیل ، پاكستان ، ئیسپانیا ، ئەرجەنتین ، چیك ، مەكسیك ، مالیزیا ، تایلەند ، چین ، ڤێتنام ، فەنزوێلا ، فلیپین ، روسیا).
تۆیۆتا لەساڵی نەوەدەكانەوە چۆتە بواری پیشەسازی دروستكردنی فڕۆكە ئەویش بەهاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای (میتسوبیشی) ژاپۆنی كە خاوەنی پشكێكی كەمە لەو كۆمپانیایە ، بۆیە لەساڵی 1992 ویستی دروستكردنی فڕۆكەیەكی یەك بزوێنەری هەبوو كە فڕۆكەكە توانای هەڵگرتنی 6 سەرنشینی هەبوو ، لەساڵی 1997 یشدا توانی فرۆكەیەكی بەبزوێنەری دوانی پێشبخات كە شێوەی بزوێنەرەكەی لەئۆتۆمبێلی لێگزس V8 وەرگیرابوو ، هەروەك لەساڵی 2002 دا فڕۆكەیەكی تریشی دروستكرد ، كۆمپانیاكە لەساڵی 2008 دا رایگەیاند كە بەنیازە لەگەڵ كۆمپانیای میتسوبیشی فڕۆكەیەك دروست بكەن كە جێگای 90 تا 100 سەرنشین ببێتەوە كە ئەمە دەبێتە یەكەم فڕۆكە كە لەدوای چەندین دەیە ژاپۆن بتوانێت دروستی بكات.