نووسەری پارەدار و ئاستی فەرهەنگیی كتێب

نووسەری پارەدار و ئاستی فەرهەنگیی كتێب




2021-11-02 14:30:35


 

دەبوو كەمبوونەوەی خوێنەر و كەمبوونەوەی فرۆشی كتێب، هۆپی بە هەندێ نووسەر كردبا و ببووایە مایەی بەخۆداچوونەوە، دەبوو وایان لێ بكات چیتر كتێب چاپ نەكەن، یان هەر هیچ نەبێ ئاگایانەتر مامەڵە لەگەڵ نووسیندا بكەن، بەڵام هەتا دێ پارەی زیاتر لەو بوارە سەرف دەكرێت و مەرەكەبی زیاتر و كاغەزی زیاتر دەخرێتە سەر یەك و لە كۆگاكانی كتێب كەڵەكە دەكرێن. نووسەر هەیە ساڵانە چەندین كتێب دەنووسێت و ناخوێندرێتەوە. چەندین لاپەڕە ڕەش دەكاتەوە و دەكەوێتە ژێر تەپوتۆز. ئەمە دەبێ ئەوەیان تێبگەیەنێت كە خوێنەر ئەوانی ناوێت، چونكە ئەگەر ئەم بنەمایە بۆ هەمووان با، ڕێی تێ دەچوو، بەڵام كە من كتێبێك دەنووسم و كەمترین دەنگدانەوەی هەیە، لە كاتێكدا نووسەرەكەی تر لەگەڵ من كتێبێك دەنووسێت و دەنگدانەوەی باشی دەبێت، دەبێ لەم حاڵەتەدا من تێبگەم و بزانم یان حەقی نووسینەكەمم نەداوە، یان تواناكەم سنووردارە و زیاد لە توانای خۆم پەلم هاوێشتووە و پێویستم بە بەخۆداچوونەوەیە، یاخود خوێنەر جارێ منی ناوێ و دەبێ زیاتر قووڵ ببمەوە.

وەنەبێ پارە بۆ بواری فەرهەنگی و كولتووری تەخشان و پەخشان كرابێت و پارەی چاپكردنی كتێب بۆ هەموو كەس ڕژابێت نەخێر..! زۆر جار ئەو نووسەرە باشانەی تینوێتیی خوێنەر دەشكێنن و خەڵك بە دوایاندا دەگەڕێت، ئەوانەن كە خۆیان نەك حەقی ماندووبوونی نووسینەكانیان پێ نادرێت و ماندووبوونیان لەبەرچاو ناگیرێ، بەڵكو كتێبیشیان بۆ چاپ ناكرێ و پارەی چاپكردنی كتێبەكانیشیان نییە و بە زەحمەت كتێبێكیان پێ چاپ دەكرێ، هەندێ جاریش دەزگایەك بە منەتەوە بۆیان چاپ دەكا. لە كاتێكدا نووسەرە كەمخوێنەرەكان (با وایان ناو بنێین و نەڵێین خراپ)، ئەوانەن خۆیان خاوەنی سەرمایەیەیەكی ماددیی تایبەتین، یان دەستیان بە سەرمایەیەك ڕادەگات و بە كۆمەڵ كتێب بۆ خۆیان چاپ دەكەن. ئەوەندەی باشە هەندێكی دی لەو نووسەرە كەمخوێنەرانە پارەی چاپكردنی كتێبیان نییە، دەنا بە كۆمەڵ كتێب چاپ دەكەن و بەروبازاڕ پڕی كتێبی بێسەروبەر دەكەن.

زانای بەریتانی تۆماس هێنری هوكسلی دەیگوت: "ئابووری بریتی نییە لە پاراستنی ماڵ و سەروەت، بەڵكو بریتییە لە خەرجكردنی ئەو ماڵ و سەرەوەتە بە دانایی". ئەو بنەمایە بۆ كتێب گەلێك گرنگە، چونكە لە زۆرێك لە نووسەرانم بیستووە دەڵێن: "پارەی زۆرم نییە، دەنا كتێبی زۆرم هەیە چاپیان بكەم." بێگومان كەڵەكەكردنی كتێب لەسەر یەك، بە ئەگەری زۆرەوە مانای ئەوەیە كتێبی باش نین، یان وەكو گوتمان كتێبی كەمخوێنەرن. بۆیە نابێ هەبوون و نەبوونی پارە كار بكاتە سەر دیوە فەرهەنگی و كولتوورییەكەی كتێب و بكرێنە پێوەری باشی و خراپیی كتێب و نووسەر.

 

سەنگەر زراری