ووشكە ساڵی لەباشووری كوردستان، كاریگەری وچارەسەر

ووشكە ساڵی لەباشووری كوردستان، كاریگەری وچارەسەر




2021-11-02 14:27:10


    ووشكە ساڵی دیاردەیەكی سروشتی یە، ولەم سەردەمەدا بۆتە گرفتێكی جیهانی دیار لەبەردەم زۆربەی سێكتەرە ئابوورییەكانی هەندێ‌ ووڵاتان، وبەمەترسییەكی گەورە دادەنرێ‌ لەسەر ژینگەی سروشتی ومرۆیی، وئەم دیاردەیە كەتووشی ناوچەیەكی دیاریكراو دەبێت چەندین شوێنەواری خراپ لەدوای خۆی بەجێدەهێلێ‌ وزەوی ووڵاتان لە زەوی بەپیت وبەرهەمدار دەگۆڕێت بۆ بیابان، ودەبێتەهۆی كەمبوونەوە ولەناوچوونی بەرهەمی كشتوكاڵی وئاژەڵداری، ولەماوەیەكی دیاریكراو ڕوودەدات، كەلەچەند مانگێك بۆ ساڵێك دەست پێدەكات وزۆر جاریش دەگاتە نزیكەی پێنج ساڵ وهەندێ‌ جار زیاتریشە وەك ئەوەی كەپێی دەگووترێ‌ ووشكە ساڵی گەورە كەلەساڵی(1726) لەووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕوویدا وبۆماوەی(30) سی ساڵ درێژەی كێشا، دواتر ئەو دیاردەیە بەهۆی كەمی دابارین(باران، بەفر) و دابەزینی ڕێژەیی شێی خاك ڕوودەدات ولەئەنجامدا ئاستی ئاوی سەر زەوی وەك: جۆگە وگۆم وڕووبار ودەریاچەكان كەمدەكات وتەنانەت ئاوی ژێر زەویش لەشێوەی: سەرچاوە ئاوییەكان وكانیاو وبیری دەستی وبیرە ئیرتیوازییەكان كەم دەكات، وشێی ڕێژەیی لەهەوادا كەم دەبێت وپلەی گەرمیش بەرز دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر سیستەمی ژینگەیی وژیانی گیانداران(ڕووەك ومرۆڤ وئاژەڵ)، هەروەها كاریگەری خراپ دەكاتە سەر زۆربەی سێكتەرەكانی ئابووری ووڵات، وەك: كشتوكاڵ وپیشەسازی وبازرگانی وگواستنەوە وگەشتوگوزار وتەندروستی ... هتد.
    ئەم دیاردەیە بەپێی ماوە دابەش دەبێت بۆ؛ یەكەمیان، ووشكە ساڵی هەمیشەیی(Prolonged Drought) وەكوو ئەوەی لەبیابانەكان ڕوودەدات، بەدڵنیاییەوە ئەوەیان لەخاكی باشووری كوردستان بوونی نیە، بەڵام لەبیابانی گەوەری كیشوەری ئەفریقیا هەیە، ودووەمیان، ووشكە ساڵی وەرزی(Seasonal Drought) ئەو جۆرەیان لەئەنجامی گۆڕانكاری لەڕێژەی دابارین لەناوچەیەكدا ڕوو دەدات وەكوو ئەوەی كەلەوەرزی بەهاری ئەم ساڵـ(2021)ـدا هەیە لەخاكی باشووری كوردستان، كەچی دوا جۆریان ووشكە ساڵی شاراوە(Hidden Drought)یە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی ڕێژەیی شێ لەخاكدا ڕوودەدات كەدەبێتە هۆی لەناوچوونی ڕووەك، ئەوەش كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی بۆ سەر بەرهەمی كشتوكاڵی وڕووەكی سروشتی هەیە، دەرەئەنجام شوێنەواری خراپ لەسەر ئابووری ووڵات بەجێ دەهێڵێ‌، بەڵام سێ‌ جۆرە سەرەكییەكەی ووشكە ساڵی بریتین لە: ووشكە ساڵی ئاو وهەوایی(The Climate Drought) ئەمەیان بەپێی ڕێكخراوی جیهانی بۆچاودێری كەشوهەوا بریتی یە لە كەمی بارینی بەفر وباران وخراپ دابەشبوونیان بۆماوەیەكی درێژ، وەكوو ئەوەی ئەمساڵ ڕوویدا كەزۆربەی هەرە زۆری ناوچە دەشتاییەكان، وناوچە زوورگان وبەشێك لەناوچە چیاییەكانی خاكی باشووری كوردستانی گرتەوە وبووە هۆی لەناوبردنی بەرهەمی گەنمی ئەو زەوییانەی كەپشتیان بەئاوی باران بەستبوو، دواتر ووشكە ساڵی كشتوكاڵی(Agricultural Drought)یە ئەمەش دوای جۆری یەكەم دێت ودەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ڕێژەی شێی خاك وكەبوونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی وزیانێكی زۆر بەم كەرتەی ئابووری دەگەیەنێت بەتایبەتی بۆ خاكی ئەو زەوییانەی كەدێمەكارن، وبەپێی سەرژمێرییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان هێندەی ڕووبەری ووڵاتی ئۆكڕانیا(603550كم2) زەوییەكان تووشی ووشكەساڵی دەبن، ودوا جۆر كە ووشكە ساڵی هایدڕۆلۆجی(Hydrological Drought)یە بریتی یە لەوەی كەئاوی سەر زەوی وئاوی ژێر زەوی كەمدەبێت ودەرئەنجام كاردەكاتە سەر ئاستی ئاوی پاشكەوتكراو ودواتر كاریگەری لەسەر ژیانی زیندەگی دەبێت لەو ناوچەیە.
    هەروەها پێوەری دیاریكردنی ووشكە ساڵی بریتی یە لەكەمبوونەوەی ڕێژەیی باران بارین بۆ كەمتر لەنیوەی تێكڕای باران بارینەكە(كەمتر لە 50%) لەوەرزی دابارین، یان شیكردنەوە وبەراووردكردنی داتا وزانیاری تۆماری دابارینی ناوچەیەك بەمەرجێك لە(30 - 40) ساڵ زیاتر بێت، چونكە لەڕوژهەڵاتی ناوەڕاست هەر(20) بیست ساڵ جارێك گۆڕانكاری بەسەر ئاو وهەوادا داهاتووە، وئەگەر سەیری مێژووی ووشكە ساڵی بكەین لە ووڵات ئەوا دەبینین كە لەكۆتایی نۆوەدەكان ولە ساڵی(2008) وئێستاش كە(2021)ـە ئەو دیاردە سروشتیە لەشێوەی شەپۆلێكی ناڕێك ڕوویداوە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە كاری كردۆتە سەر ئاستی بەرهەمی كەرتە ئابوورییەكان وسەرەنجام بۆتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەمی هەمووەكی.
    دواتر ووشكە ساڵی لە ووڵاتە تازە پێگەیشتووەكان ولەهەرێمی كوردستانیش وەك یەكەیەكی ئابووری سەربەخۆ كاریگەری خێرای دەبێت لەسەر باری ئابووری ووڵات، لەبەر ئەوەی ئێمە وەكوو ووڵاتە پێشكەوتووەكان پلانی زانستیمان نیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو كێشە، وكاریگەییەكانیش ئەمانەن:
•    دابەزینی ئاستی بژێوی تاك بەتایبەتی لەو شوێنانەی كەلەسەر داهاتی كشتوكاڵ وئاژەڵداری دەژین، وكەمبوونەوەی بەرهەم ودواتریش كاردەكاتە كەمكردنەوەی گەشەی ئابووری ووڵات.
•    كەمبوونەوە ولەناوچوونی بەرهەمی كێلگە وزەوییە كشتوكاڵییەكان وسامانی ئاژەڵ وماسی، ئەمەش ووڵات تووشی مەترسی دەكات لەسەر ئاسایشی خۆراك، وپەنابردن بۆ ووڵاتانی دەرەوە.
•    بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەڵ وماددە خۆراكییەكان لەناوەخۆی ووڵات وتەنانەت لەدەرەوەش.
•    كەمبوونەوەی داهاتی جوتیارەكان وكەرتی كشتوكاڵ وداهاتی زۆربەی سێكتەرە ئابوورییەكانی تر.
•    نزمبوونەوەی ڕێژەی باج لەووڵات بەهۆی كەمی بەكارهێنان ونزمبوونی ئاستی بازرگانی.
•    زۆربوونی دیاردەی بێكاری وكۆچكردن لەو كەرتانەی كەبەهۆی ووشكە ساڵییەوە تووشی كەمی داهات بوون، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوودانی كۆچی بەكۆمەڵ وكارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە.
•    زیادبوونی دیاردەی بەبیابان بوون ولەناوچوونی ڕووبەری سەوزایی وزەوییە كشتوكاڵییەكان.
•    زیان گەیاندن بەكەرتی گەشتوگوزار، بەهۆی كەمبوون یان ووشك بوونی كانی وتاڤگە وسەرچاوە ئاوییەكان وگۆم ودەریاچەكانی ووڵات، وكەمبوونەوەی ڕووەكی سروشتی وباڵندە وئاژەڵە كێوییەكان كەساڵانە بونەتە هۆی ڕاكێشانی سەدان هەزار گەشتیار لەناوەوە ودەرەوەی هەرێمی كوردستان، وداهاتی ئەو كەرتە ئابوورییە لە باشووری كوردستان بۆتەهۆی بەرزكردنەوەی داهاتی تاك وتەنانەت كاری كردۆتە سەر بەرزبوونەوەی داهاتی هەمووەكیش.
    كەواتە بەهۆی ئەوەی كەپێگەی خاكی باشووری كوردستان بۆتە مەڵبەندێكی بازرگانی گرنگ كەووڵاتانی دراوسێ‌ وتەنانەت ئەوڕوپا وئەمریكاش چاویان بڕیوەتە ئەو پێگەیە، ودواتر ئاو وهەوایەكی مامناوەندی هەیە ودەوڵەمەندە بەزەوی كشتوكاڵی بەتایبەتی لەناوچە دەشتەكان ئەو ووڵاتە دەوڵەمەندە بەزەوییە كشتوكاڵیەكان وبەتایبەتی بۆ بەرهەمی گەنم، بۆیە كاریگەری ووشكە ساڵی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ لەلای ئێمە خێراترە وەك لەوولاتانی تر، وسەبارت بەناوچە دۆڵ وچیاییەكانی خاكی باشوور كە دەوڵەمەندە بەچەندین بنەمای سروشتی وەكوو كانی وگۆمی سروشتی وڕووبار وزێ ودەریاچە كەبۆنەتە هۆی ڕاكێشان وحەوانەوەی سەدان هەزار گەشتیار لەوەرزی بەهار وهاویندا، ئەو بنەما سروشتیانەش بێ‌ بەش نابن لەكێشەی ووشكە ساڵی، ئەمەش دەبێتە هۆی نزمبوونەی داهاتی ئەو پێگە گەشتیارییانە ولەئەنجامدا كاردەكاتە سەر كەمبوونەوەی داهاتی گشتی ووڵات بۆیە پێویستە لەو بارەدا هۆشیاری ژینگەیی سەبارەت بەپاراستنی ئاو وچۆنیەتی بەكارهێنانی بڵاوبكرێتەوە تاكوو كەمترین زیان بەر ئەو سێكتەرە گرنگە بكەوێ‌.
    بۆیە بەپێویستی دەزانین كەگرنگترین ئەو چارەسەر زانسییانە بخەینەڕوو بۆكەمكردنەوەی مەترسییەكان وبەرەنگاریوونەوەی ووشكە ساڵی لەباشووری كوردستان لەم چەند خالانەی خوارەوە:
1)    دانانی پلانێكی گونجاو وزانستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ووشكە ساڵی وچاودێریكردنی لەلایەن كەسانی پسپۆڕ لەو بوارە بەهەماهەنگی لایەنی پەیوەندار لەحكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی كەمترین زیان بەر هەردوو كەرتی كشتوكاڵ وگەشتیاری بكەوێ‌ لەووڵات.
2)    بەفیرَنەدانی ئاو وپاراستنی ئاوی سەر زەوی وئاوی ژێر زەوی وچاودێریكردنی، وڕاگرتنی مۆڵەتی دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی(بیری ئیرتیوازی) وسزای توند بەسەر ئەو كەسانە بسەپێ‌ كە ئاو بەهەدەر دەدەن وئاوی كانی وسەرچاوە ئاوییەكان وگۆم وڕووبار ودەریاچەكان پیس دەكەن.
3)    بەكارهێنانی ئاو بۆ ئاودێری بەشێوەیەكی سیستەمی ئاودێری مۆدێرن وقەترە، نەك شێوازی كۆن كەئاوێكی زۆر بۆ بەرهەمێكی كەم بەكاردەهات، ئەمەش لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری وكردنەوەی خول لەلایەن كەسانی پسپۆڕ لەوەزارتی كشتوكاڵ وسەرچاوە ئاوییەكانەوە دەكرێ‌ تا دەگاتە جوتیارێك.
4)    دروستكردنی بەنداو لەسەر ئەو ڕووبارانەی كەوا ئاوێكی باش وبەردەوامیان هەیە، تاكوو لەوەرزی ووشكە ساڵی ووڵات لەبێ‌ ئاوی ڕزگاری ببێت، ئەمەش چەندین سوودی گەورەی بۆ كەرتی كشتوكاڵ وئاژەڵدارەی وسامانی ماسی وكەرتی گەشتیاری وتەنانەت سوودی بۆئاووهەوای ناوچەكەش هەیە، ودەبێتە كەمكەرەوەی مەترسییەكانی ئەو دیاردەیە.
5)    سوود وەرگرتن لەئەزموونی ئەو ووڵاتانەی كەتووشی ووشكە ساڵی بوونە بەتایبەتی ووڵاتە پێشكەوتووەكان، ووەرگرتنی زانیاری وئەو تەكنیكانەی كە لەو بوارە بەكاری دەهێنن وڕاهێنانی ئەو كەسانەی كە لەكشتوكاڵ كاردەكەن تاكوو بتوانن خۆیان لەگەڵ كەش وهەوایی ووشك بگونجێنن وزانیاری زانستی وەربگرن لەسەر شێوازی ئاودێری وپەینكردن وهتد. 
6)    كۆمەك وهاوكاریكردنی ئەو كەسانەی كەتووشی زەرەر بوونە لەپڕۆژەی كشتوكاڵ وئاژەڵداری وپڕۆژەی بەخێوكردنی ماسی وتەنانەت پڕۆژە گەشتیارییەكان كەبەهۆی كەمبوونی ئاو و ووشكەساڵی تووشی بوون تاكوو ببێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی دەست بەرداری پیشەكەیان نەبن كاریگەری خراپ نەكەنە سەر داهاتی كەرتە ئابوورییەكانی ووڵات.
    لەكۆتاییدا دەتوانین بلێین دیاردەی ووشكە ساڵی سەبارەت ئاو وهەوا وخاكی باشووری كوردستان تاڕادەیەك دیاردەیەكی نوێیە لەچاو ووڵاتانی دراوسێ‌ وناوەراست وباشووری عێڕاق، چونكە ئێمە خاوەن ئاو وهەوایەكی مام ناوەندین وكاریگەری دەریای ناوەڕاست لەسەر ئاو وهەوای هەرێم هەیە، وئەو خاكە دەوڵەمەندە بەدەرامەتە ئاوییەكان، هەموو ئەوانە هۆكار بوونە كەوا ئێمە درەنگتر تووشی دیاردەی ووشكە ساڵی ببین، بەڵام لەئێستادا لەبەر ئەوەی گۆڕانكارییە ژینگەییەكان وئاو وهەواییەكان زۆر خێران، بۆیە پێویستە ئامادەكاری ولیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ووشكە ساڵی لەحكومەتی هەرێم دروست بكرێت وبەزانستیانە ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببنەوە تاكوو كەمترین زیان بەكەرتە ئابوورییەكانی ووڵات بگەیەنێت.
سەردار ئەسعەد مامۆ
ماستەر لەجوگرافیای سروشتی