
2021-11-02 14:25:27
هەر ناجێگیریەک یان داڕمانێک لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەری لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان دادەنێت، بە تایبەتی ژینگەی ئابووری، بۆیە هەر ناجێگیریەک لە ژینگەی سرووشت، بە هەمان شێوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژینگەی ئابووری بە تایبەت لەو ناوچانەی کە زیاتر دیاردەی ناجێگیرەکانی سرووشتی تیایاندا روو دەدات، دەبێت، وەک وشکەساڵی، کەمی دابارین و لافاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی، هتد، ئەمانە و چەند گۆڕانکارییەکی ژینگەیی دیكە، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە سەر ئابووری بزانین ئەوە پێویستە باسێکی ورد و کورتی وشکەساڵی بکەین.
وشکەساڵی دیاردەیەکی سرووشتی و ئاڵۆزە، لە زۆر بەشی گۆی زەوی روو دەدات، کاریگەری خراپ و نەرێنی دەکاتە سەر ژینگەی ئەو ناوچەیە کە تیایدا ئەم دیاردەیە روویداوە. بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر زۆربەی سێکتەرەکانی ژیان و دەبێتە هۆکاری خراپی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هاووڵاتییان و بەهۆیەوە ژیان و گوزەرانیان دەکەوێتە مەترسییەوە. وشکەساڵی پەیوەندیی هاوتایی هەیە بە وزە، ئاو و ژینگەی ئەو هەرێمە کە تیایدا ئەم دیاردە سرووشتییە رویداوە یان دەدات، جۆر و ڕێژەی جیاوازە لە ناوچەیەک و بۆ ناوچەیەکی دیكە.
وشکەساڵی پێناسەی زۆری هەیە، ئێمە لێرەدا دەتوانین پێناسەیەکی سادەی وشکەساڵی بکەین و بڵێین كە (وشکەساڵی دیاردەیەکی سرووشتییە بەهۆی کەمی دابارین، بەفر و باران، لە ناوچەک روو دەدات و بە جۆریک ئەو رێژەیە کەمترە لە رێژەی سرووشتی و پێویست بە گەشەی کشتوکاڵی ناوچەکە و ژینگەکەی کە دەبێتە کەمبوونی یان نەمانی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاو، لەناوچوونی ئاژەڵداری و تێکچوونی دۆخی ئابووری و خراپبوونی باری کۆمەڵایەتیی هاوڵاتییان بە تایبەت گوندنیشینان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و زیادبوونی بەهەڵەمبوون لە ناوچەکە)، تەنیا رێژەی کەمی باران هۆکاری وشکەساڵی نییە، بەڵکوو ناهاوسەنگی لە وەرزی بارانبارینیش دەبێتە هۆی وشکەساڵی .
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە جۆرەکانی وشکەساڵی بكەم کە چەند جۆرێکن و هەریەکەیان کاریگەری خۆیان هەیە، لەوانە:
یەکەم: وشکەساڵی ژینگەیی (بەهۆی کەم دابارین، بەفر و باران و سەرما، روو دەدات).
دووەم: وشکەساڵی کشتوکاڵی ( لە ئەنجامی کەمی رێژەی شێ لە خاکدا روو دەدات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لەبەر دوو هۆکار روو دەدات، هۆکاری یەکەم پەیوەستە بە خاکەوە و هۆکاری دووەمیش بەکارنەهێنانی رێگای ئاودێری نوێ و گونجاو بۆ کشتوکاڵ).
سێیەم، جۆری وشکەساڵی هێدرۆلۆجیە ( ئەم جۆرەیان بەهۆی کەمی رێژەیی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی روو دەدات و کەمبوونەوی ئاو هۆکارەکەی کەم دابارینە).
چوارەم: کۆتا جۆری وشکەساڵییە و پێی دەگوترێت وشکەساڵی ئابووری (لە ئەنجامی روودانی ئەو سێ جۆرەی تری وشکەساڵی روو دەدات و کاریگەری تایبەت لەسەر گوندنشینان دروست دەکات ).
لێرەدا باسی جۆری چوارەمی وشکەساڵی دەکەم وەک پێشتر ئاماژەم پێیدا ئەو ناوچانەی کە دیاردەی وشکەساڵی تیایاندا روو دەدات، راستەوخۆ زیان بە ژێرخانی ئابووری ئەو ناوچەی دەگەیەنێت و ئاسایشی خۆراک لەو ناوچەیە دەکەوێتە مەترسییەوە و تووشی داڕمان دەبێت بەتایبەت ئاسایشی خۆراکی گوندنشینان و هەروەها ئاژەڵە ماڵی و کێویەکان ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە بەهۆی کەمئاوی و نەبوونی خۆراکی تەواو بۆیان، بەرهەمی کشتوکاڵی و خۆراکی و ئاژەڵداری و پیشەسازی تووشی داڕووخان و لەناوچوون دەبن و بەو هۆیەشەوە کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیاندا دەهێنن و خراپبوونی دۆخی ئابووری، ئاسایشی نشتیمانیش دەخاتە مەترسییەوە.
ئەو سێکتەرانەی بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان پێدەگات و تووشی داڕووخان و لەناوچوون دەبن کە بەهۆیەوە زیانی ئابووری زۆر بە وڵات دەگەیەنن، زۆرن، لێرەدا ئاماژە بە گرنگترین ئەو سێکتەرانە دەكەم:
١-سێکتەری کشتوکاڵ: هیچ سێکتەرێک بە قەد سێکتەری کشتوکاڵ بەهۆی گۆڕانکارییە ژینگەیەکانەوە زیانیان بەرناکەوێت، وشکەساڵی و گۆڕانکاری لە کەشوهەوا راستەوخۆ کاریگەریان لەسەر بڕ و جۆر و رێژەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە دەبێت، وەک ئاماژەم پێدا ئەو بەرهەمانەی کە پشت بە دابارین دەبەستن، لە چاندن و گەشەکردنیان وهەروەها ئەو بەرووبوومانەی کە ئاودانیان پشت بە ڕێژەی دابارین دەبەستن، کەم دەبن و جووتیاران زیانیان پێدەگات و بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییە پشت ئاوییەکانیان تووشی بە بیابانبوون دەبن و ئەمەش کێشەی ئابووری خێزانی دروست دەكات و کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئابووریی گشتی وڵات دەبێت.
٢- سێکتەری پیشەسازی: ئاو یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی بەرهەمە پیشەسازییەکان، بۆیە کەمی دابارین دەبێتە هۆی کەمئاوی لەو ناوچەیەی کە وشکەساڵی تیایدا روو دەدات، بۆیە پیشەسازی بە گشتی و پیشەسازی کشتوکاڵی و خۆراکی زیانی زیاتریان بەردەکەوێت، بەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر خراپبوونی دۆخی ئابووری دەبێت.
٣- سێکتەری وزەی ئاو: وزەی ئاو بەو وزەیە دەگوترێت کە لە بزووتنی ئاو وەردەگیرێت، ئاو جگە لەوەی سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ژیانی مرۆڤ و گیانەوەر و ژیانەوەی زەوی، لە هەمان کاتیشدا سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاک، لە دێر زەمانەوە ئاو سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی وزە و هێز بووە، هەروەها بۆ جووڵانەوەی ئامێرە میکانیکییەکان و هاڕینی دانەوێڵە بەکارهاتووە و ئێستاش بەهۆی دروستکردنی بەنداوەوە تواندراوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوود لە وزەی ئاو وەربگیرێت، وشکەساڵی و کەمی دابارین دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاو لە بەنداوەکان و بەمەش سێکتەری وزەی ئاوی زیانی پێدەگات و راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووری دادەنێت.
٤- زیادبوونی رێژەی ئاگرکەوتنەوە: بەرزبوونەوی پلەکانی گەرما کە بەهۆی وشکەساڵییەوە روو دەدات، وا دەکات ئاگرکەوتنەوە زۆر ببێت و بەو هۆیەشەوە زەوییە کشتوکاڵییەکان زیانی زۆریان بەربکەوێت، جگە لەوەش زیانی گەورە بەر ئاژەڵە کێویەکان دەکەوێت کە ئەوانیش سەروەتێکی نیشتیمانی گرنگن و کاریگەریان لەسەر ئابووری هەیە.
٥- سێکتەری گەشتوگوزار: ئەمەش دەتوانین بڵێین دووەم سێکتەری ئابوورییە پاش کشتوکاڵ کە بەهۆی وشکەساڵی و کەمی دابارینەوە زیانی پێدەگات و ئەمەش راستەوخۆ کاریگەرییە ئابوورییەکانی دەردەکەوێت.
ئەم هۆکار و سێکتەرانەی کە ئاماژەم پێدان، هەموویان راستەوخۆ کاریگەر دەبن بە وشکەساڵی و کەمی دابارین و بەهۆیەشەوە ئابووریی ناوخۆیی و نیشتمانی، هەرێمی و نێودەوڵەتی تووشی داڕووخان و داڕمان و کێشەی گەورە بن، چونکە ئاو گرنگە بۆ مانەوەی ژیان، هەر بۆیە کەمبوونەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر هەموو سێکتەرەکانی ژیان و هەموو ئاماژەکانیش بەوە دەڕۆن کە جەنگی سێیەمی جیهانی بەهۆی کەمئاوییەوە روو دەدات . هەر بۆیە گرنگە هاوڵاتیان و هاونیشتمانیان و حکوومەتەکان رێگایەکی نوێ بدۆزنەوە بۆ پارێزگاریکردن لە ڕێژەی ئاو لە وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی ئابووریی وڵاتەکانیان پارێزراو بێت.
شەیما جەمال کوێخا
ماستەر لە ئابووریی ئاسایشی خۆراک