كەرتى تایبەت یان گشتى باشترە؟

كەرتى تایبەت یان گشتى باشترە؟




2019-10-06 19:53:25


بیلال سەعید
پچرانى پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانى نێوان هەرێم و بەغداد، هێرشى داعش بۆ سنورەكانى كوردستان و دابەزێنى نرخى نەوت لە بازارەكانى كوردستان، چەندە پەیامێكى مەترسیداربوو بۆ ئابوورى كوردستان، ئەوەندەش پەیامێكى روون و ئاشكرابوو كە ناكرێت تەنیا سەرچاوەى داهات لەكوردستان نەوت بێت و هەموو هاوڵاتیانى هەرێمەكەش تەنیا خەمیان دامەزراندبێت لەكەرتى گشتى.
كوردستان كە لە ئێستادا خاوەنی یەك ملیۆن و 344 هەزار كارمەندی حكومییە كە لەم ژمارەیە 683 هەزار فەرمانبەری بەردەوام و 25 هەزار فەرمانبەری گرێبەست و 22 هەزار خانەنشینن، ئەمە جگە لەوەى  412 هەزار كەس كە مووچەیەكی دیكەی چاودێری وەردەگرن.
واتە بە لیكدانەوە و شیكردنەوەیەك بۆ ژمارەى دانیشتوان و ژمارەى مووچە خۆرانى كوردستان دەگەێنە ئەو ڕاستییەى كە 26.88% كۆى دانیشتوانى هەرێم مووچە خۆرى حكومەتى هەرێمى كوردستانن، بەڵام ئایا ئەمە مەترسیدارە یان نە؟ ئایا كەرتى تایبەت لەهەرێمى كوردستان چەند لەسەدى دانیشتوانى هەرێمى كوردستان پیكدەهێنن؟
پیشتر وتەبێژی یەكێتی وەربەهێنەرانی كوردستان سەبارەت بەكاریگەرى بارودۆخى سیاسى و قەیرانى دارایى لەسەر كەرتى تایبەت ئاماژەى بەوە كردبووو كە نزیكەى  700 هەزار كەس لە كەرتی تایبەت بێكار بوون و 700 وەبەرهێنیش مایەپووچ بوون.
واتە ئەگەر گریمان 700 هەزارەكە ژمارەكەى تەواوبێت و نزیك بە 300 هەزارى دیكەش هاوڵاتى هەرێم لەكەرتى تایبەت كاربكات، واتە كۆى گشتى دەكاتە 1ملیۆن هاوڵاتى كوردستان كە لەرێگەى كەرتى تایبەتەوە سەرچاوەى داهاتیان دەست دەكەوێت..
بەڵام بەشیكردنەوە بۆ كەرتى گشتى و كەرتى تایبەت بەئاسانى دەردەكەوێت كە لەكوردستان نزیك بە 27% هاوڵاتیان لەكەرتى گشتى مووچە وەردەگرن، بەڵام 25% پشتیان بە داهاتى سەرچاوەى كەرتى تایبەت بەستووە، لەحاڵیكدا ئەگەرى كۆى بەشدارانى كەرتى تایبەت تەنیا لەكەرتى تایبەت كاربكەن و دووربن لەكەرتى گشتى كە ئەمە ئەگەرێكى ئەستەمە!
بۆیە پیویستە بزانین لە ئێستادا كە سەرچاوەى داهات و قووتى 26% هاوڵاتیان لە بەردەم مەترسیدایە، وەڵامى ئەوە بدەێنەوە ئایا كاتى ئەوە نییە، حكومەت خەمێكى زیاتر لە كەرتى تایبەت بداتەوە بۆئەوەى كاریگەرى مەترسییەكەى لەسەرى كەمبێتەوە.
بۆ ئەوەى كەرتى تایبەت كارابكرێت و هاوڵاتییەكى زیاتر لەجیاتى ئەوەى هەموو چاویان لەسەر كەرتى گشتى بێت، زۆر گرنگە حكومەت كۆمەڵێك رێكارى جیاواز بگرێتە بەر بۆ گەرانەوەى كارێگەرى كەرتى تایبەت بۆ كۆمەڵگەى كوردستان:
1.    پیویستە لەرێگەى كۆمەڵێك رێكارى یاسایى و رێنمایى كە لەلایەن پەرلەمانى كوردستان و وەزارەتە پەیوەندارەكانەوە دەربچێت، داهاتووى خزمەتى خانەنشینى و بیمەى كۆمەڵایەتى و تەندروستى بۆ هاوڵاتیانى كاركەر لەكەرتى تایبەت دابین بكرێت.
2.    زۆر گرنگە حكومەت و پەرلەمان لەرێگەى پەرلەمان و دامەزراوەكانیانەوە كار بۆ ئەوە بكەن كۆمپانیاكانى پشكدارى لە كوردستان زیاتر بكرێت بۆ ئەوەى هاوڵاتییەكى زیاتر بتوانێت بەشدارى جوڵەى ئابوورى بێت و هەروەها ژمارەیەكى زیاتر گەنج و لاو لەكۆمپانیاكان كاریان دەستبكەوێت.
3.    پیویستە سەنتەر و رێكخراو و كۆمەڵگە پیشەییەكان زیاتربكرێت بۆ ئەوەى هەلى كارى زیاتر لەبوارى پیشەییەكان بۆ گەنجان و لاوان بڕەخسێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكارى و یارمەتى زیاترى كارگە و كۆمپانیا ناوخۆییەكان بكرێت بۆ ئەوەى هەلى كار لە شوێنەكانیان زیاتر بڕەخسێنن.
4.    گرنگە سیستەمى كاركردنى كەرتى تایبەت و حكومى دارشتنەوەى نوێى بۆ بكرێت لە چونێەتى كاركردن و دەوام كردن بۆ ئەوەى كارمەندانى كەرتى تایبەت هەست بەجیاوازى كاركردن نەكەن.
* رۆژنامەنووسى ئابوورى