کۆمپانیای تێسلا بانگهێشتی کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی نەکرا

کۆمپانیای تێسلا بانگهێشتی کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی نەکرا




2021-08-08 16:33:57


کۆمپانیای تێسلای تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە کۆبوونەوەیەکی کۆشکی سپی تایبەت بە گەورە بەرهەهێنەرانی ئۆتۆمبیلی ئەمریکی، بێبەشکرا.

 

ئیدارەی بایدن بانگهێشتی کۆمپانیاکانی فۆرد، جێنیرال مۆتۆرس و ستینلانتیس، خاوەنی ئۆتۆمبێلی کاریسلەر، هەر سێ گەورە کۆمپانیای بەر‌هەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی کرد بۆ نێو کۆشکی سپی، بەڵام کۆمپانیای تێسلای لەو کۆبوونەوەیە بێبەشکرد.

 

ئیلۆن ماسک، خاوەن کۆمپانیای تێسلا سەرسوڕمانی خۆی لە بانگهێشتنەکردنی بۆ کۆبوونەوەکە دەربڕی و لە تویتەر نووسی: "نامۆیە کە تێسلا بانگهێشتی کۆبوونەوەی گەورە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل نەکراوە، ئەوە کارێكی تێکدەرانەیە".

 

کۆبوونەوەکەی ئیدارەی بایدن تایبەت بووە بە پەرەدان بە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئەمریکا.

 

جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە بانگهێشتنەکردنی تێسلا، گوتی کۆبوونەوەکە لەگەڵ سێ گەورە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بوون، کە هەلی کاری زۆر بۆ کرێکارانی نێو سەندیکای کرێکارانی ئەمریکا دەدۆزنەوە و پێویستە خۆتان لە هۆکاری بانگهێشتنەکردنەکە بکۆڵنەوە.

 

جێن ساکی گوتیشی، ئەو سێ کۆمپانیایە گەورەترین کۆمپانیان لە ئەمریکا. راشیگەیاند، ئیدارەی بایدن پێشوازی لە هەوڵی هەموو کۆپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکات لەنێویاندا تێسلا.

 

کۆمپانیای تێسلا کۆمپانیایەکی ئەمریکییە ناوەندەکەی لە کالیفۆرنیای ئەمریکایە و لە چەندین وڵاتدا لقی هەیە.

 

ئیلۆن ماسک، خاوەن کۆمپانیاکە بە دژایەتیکردنی سەندیکای کرێکاران ناسراوە و لە ساڵی 2017دا سەندیکای کرێکارانی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی سکاڵایەکیان دژ بە کۆمپانیای تێسلا بەرزکردەوە و بە دەرکردنی ژمارەیەک کرێکاری لایەنگری کاری سەندیکایی، تۆمەتبارکرد.

 

ساڵی رابردووش،  ئیلۆن ماسک کارمەندێكی کۆمپانیاکەی دەرکرد، کە سەندیکایەکی کرێکارانی دامەزراندبوو و دواتر چەند تویتێکی دژ بەو سەندیکایانە بڵاوکردنەوە. بەو هۆیەوە سەندیکای کرێکارانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل سکاڵایەکیان دژ بە ماسک بەرزکردەوە.

رووداو