2021-08-08 16:25:17
کامەران حەسەن
دکتۆرای پیشەیی کارگێری و کار
ئابووری عێراق ساڵانێکە پشتی بە نەفت بەستووە و بە تایبەت لەو کاتانەی نرخی نەفت بەرزبووە، هەنگاوەکان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری خاوتر بووە، هەرێمی کوردستان بەدەر نەبووە لەم سیاسەتە و لە دوای بوژانەوەی کەرتی نەفت و گاز و وەبەرهێنانی زۆر لەم بوارەدا، وای کردووە کە کەرتەکانی دیکە پشتگوێبخرێن، بەڵام لە دوای قەیرانەکانی ساڵی ٢٠١٤، هەنگاوەکان بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان چڕتر بووە و لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکی بەهێز بەدیدەکرێت کە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و چەندین سێکتەری دیکە ببوژێتەوە و ئابووری کوردستان لە سەری بنیاتبنرێت. بە بڕینی بڕە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان و تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژە ژێرخانەکانی چەند هێندە کردوە، بەڵام ئەمە ئەوە نەگەینێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەوەستان ڕاوێستێت و تەنها چاوەڕێت ڕێکەوتنەکان بکات و چاوەڕوانی هاتنی بودجە بکات، بەڵکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوای ڕێگەچارەی دروست و بنیاتنەرانە دەگەڕێت و یەکێک لەو چارەسەریانە هاوبەشی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەتە، هاوبەشی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەت یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات باشتر بتوانێت بودجەی خۆی بەڕێوەببات و دەرفەت بۆ وەبەرهێنانی لە سێکتەرەکان واڵا بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی هەفتی ٢٠٢٠دا، چوارچێوەی هاوبەشی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەتی پەسند کرد و یەکەمین هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی ئەم شێوازەی هەڵگرتووە. هاوبەشی کەرتی گشتی- کەرتی تەیبەت بابەتێکی نوێیە و پێویستە هەم کەرتی گشتی و هەم کەرتی تایبەت شارەزاییەکی باشیان لەم بارەیەدا هەبێت، بۆیە وەک سەرەتایەک پێویستە بنەماکانی هاوبەشی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەت بناسین و زۆرتر لەگەڵیا ئاشنا بین کە ئامانجی ئەم بابەتەیە.
وڵاتان بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان و خزمەتگوزاری پشتیان بە بەرنامە و بودجەی ساڵانە حکومەت بەستووە، هەرچەندە لەم پرۆسەیە هەندێک جار حکومەتەکان بە گوێرەی ئەولەییەتە سیاسییەکان پڕۆژەکان دادەڕێژن و جێبەجێیان دەکەن و لە کۆتایی دا پڕۆژەکەیان تەسلیمی بەشێکی دیکەی حکومەت دەکەن. بابەتی کەڵک وەرگرتن و پاراستن و نۆژەنکردنەوەی لە ئەستۆی حکومەت بوو، بەڵام ساڵانێکە کە دەرکەوتووە ئەم شێوازە کاریگەر نییە و ناتوانێت بەردەوامی هەبێت، هۆکاری سەرەکی ئەم بابەتەش نابەرپرسیارەتی لایەنەی جێبەجێکارە لە دوای تەواو بوونی پڕۆژەکان و لە کاتی پاراستنی پڕۆژەکانە کە لە ڕاستی دا دەکوێتە ئەستۆ حکومەت، بەم واتایە کە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە دوای تەواو بوونی پڕۆژەکان هیچ بەرپرس نین لە کوالیتی پڕۆژەکە لە درێژەی تەمەنی پرۆژەكان دا.
حکومەتەکان لە دوای هەوڵدان بۆ لامەرکەزی تێگەیشتن کە حکومەتەکان توانای جێبەجێکردنی سەرجەم پڕۆژەکانی ژێرخان و خزمەتگوزاریان نییە چ لە لایەن داراییەوە و چ لە ڕووی سەرچاوە مرۆییەکانەوە. ئەم بابەتە وای کرد حکومەتەکان بیر لە هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بکەن و کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارەتی لە ئەستۆی کەرت تایبەت دانن کە زۆرتر بووە لە جاران. هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت هۆکارێکی سەرەکییە بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەکی زۆرتری ئەو پڕۆژانەی کە پێویستە حکومەت جێبەجێیان بکات بەڵام بە هۆی کەمی بودجە و بە تایبەت کورتهێنان لە توانای دا نییە جێبەجێیان بکات یان تەوایان بکات. هاوبەش بوونەی کەرتی تایبەت لە جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان وا دەکات ئەم کەرتە کاراتر بکرێت و تواناکانی خۆی بەرزبکاتەوە و ئەرکێکی زۆرتر لە جاران لە بەرامبەر جێبەجێکردنی پڕۆژە ژێرخانەکان لە ئەستۆ بگرێتەوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوژانەوەی ئابووری و هەمە چەشنەکردنی ئابووری وڵاتە.
چەمکی وەبەرهێنانی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت، کە (PPP) پێ دەڵێن لە بارەی ئەو پڕۆژانەیە کە حکومەت بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لەگەڵ لایەنێک یان چەند لایەنێکی کەرتی تایبەت هەوڵ بۆ دابینکردنی دارایی، بنیاتنان و بە گڕخستنی پڕۆژەکان دەدەن، داهاتی پڕۆژەکانیش بە گوێرەی پشکەکان دابەشدەکرێت.
لە ڕاستیدا هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت گرێبەستێکە لە نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت کە بەشێک یان بەشگەلێک لە کەرتی تایبت هەمان خزمەتگوزاری پیشکەش دەکەن کە پێشتر لە ئەستۆی کەرتی گشتی بووە، بە شێوەیەک کە پشکی سەرەکی لە ڕیسک و مەترسییەکان لە ئەستۆی کەرتی تایبەت بێت.
لە سیستەمی دابینکردنی دارایی هاوبەشی کەرتی گشتی وتایبەت لە جاتی ئەوەی حکومەت ئەرکی دابینکردنی دارایی و پیشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ئەستۆ بگرێت ئەمە کەرتی تایبەتە کە دارایی پێویست دابین دەکات و بە گوێرەی ڕێکار و ستاندەرەکان هەڵدەستێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و کەڵک لێ وەرگرتنی و لە داهاتەکانی پشکی خۆی دەست دەکەوێت. ئەم هاوبەشییە دەکرێت لە درێژەی چەندین ساڵ دا بێت و بە شێوەیەکی گشتی کەرتی تایبەت جگە لە ئەستۆ گرتنی ریسک و مەترسییەکان چ لە ڕووی دارایی و چ لە کاتی جێبەجێکردنی لە ئەستۆ دەگرێت، ئەرکی پاراستن و بەڕێوەبردنیشی لە ئەستۆ دەگرێت، ئەمەش وا دەکات کە کوالیتی پڕۆژەکان بەرزببێتەوە.
خستنە ئەستۆ مەترسییەکان بۆ سەر کەرتی تایبەت یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت.
گرنگترین باشی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت ئەمەیە کە دەتوانین ئاماژە بە کارامەیی و کاریگەری پڕۆژەکان لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بکەین. هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی کاریگەری، تواناکان، داهێنان، تەکنۆلۆژی، ئەنگێزە و پاڵنەرەکان، دابینکردنی دارایی و پشکدار بوون لە مەترسییەکان.
ئەو سێکتەرانەی کە بە گشتی حکومەتەکان هەوڵ دەدەن هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت لە خۆی بگرێتەوە ئەمانەن:
• بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا
• ئاو و ئاوەڕۆ
• لە ناوبردنی خاشاک و زبلەکان
• ڕاکیشانی بۆڕییەکان (ئاو، نەوت، گاز)
• نەخۆشخانەکان
• قوتابخانە و ناوەندە فێرکارییەکان
• یاریگاکان
• شەقام و جادەکان
• ڕێگەی ئاسنی
• بنیاتنانی یەکەی نێشتەجێبوون
سێ هۆکاری سەرەکی بۆ حکومەتەکان کە ڕوو لە هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت لە پڕۆژەکانی ژێرخان دەکەن بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
• بەدەستهێنانی سەرمایەگوزاری درێژ مەودای کەرتی تایبەت
• بەرزکردنەوەی کارایی و باشتر سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکان
• چاکسازی لە هەیکەلییەتی بەشە جیاوازەکان بە هۆی تەرخانکردنی ڕۆڵ، ئەنگێزەکان و بەرپریسارتییەکانە
ئەمڕۆکە لە وڵاتانی جیهان دەبینین کە حکومەتەکان پەڕۆشترن بۆ هاوبەشکردن لەگەڵ کەرتی تایبەت و پیشوازییەکی باشی لەم شێوازە کراوە. هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە جێبەجێکردن دایە. وڵاتانی پۆلۆنیا، چیک، هەنگاریا، بریتانیا، هیندستان، ئۆسترالیا و ئەمریکا لە پێشەنگەکانی ئەو وڵاتانەن کە هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەتی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
ئەزموونی وڵاتان لە جێبەجێکردنی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت بۆمانی دەردەخات کە کۆمەڵێک سوود بە کەرتی گشتی و حکومەتەکان دەبەخشێت کە لە خوارەوە ئاماژە بە سەرەکیترینیان کراوە:
• بەردەوامی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان: هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت وا دەکات کە حکومەت توانای دارایی لە درێژەی تەمەنی پڕۆژەکانی ژێرخان بەرزتر ببێتەوە و کەرتی تایبەتیش پەڕۆشتر بێت بۆ خێرا جێبەجێکردنی پڕۆژەکان چونکە ئەوکاتە داهاتی دەبێت کە پڕۆژەکان جێبەجێکرابن.
• تەسلیم کردنی پڕۆژەکان لە کاتی دیاریکراو: پارە پێدان بۆ کەرتی تایبەت لەو کاتە دەبێت کە پڕۆژەکان جێبەجێکرا بن و بکەونە کار کردن بۆیە ئەمە لە بەرژەوەندی کەرتی تایبەتە کە پڕۆژەکان لە کاتی دیاریکراو تەواو بکات هەتا دەستی بگاتە داهاتەکان.
• دڵنیا بوون لە پاڵپشتی دارایی: هاوبەشتییەکی کەرتی گشتی و تایبەت کە بە شێوەیەکی گونجاو و دروست داڕژابێت هۆکارێکە بۆ پاڵپشتیکردن لە کەرتی تایبەت لە ڕووی داراییەوە.
• موشتەرییەکان خاڵی سەرەکیین لە پیشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان: داهاتی کەرتی تایبەت بە گوێرەی پێدانی موشتەرییەکان دەبێت بۆیە کەرتی تایبەت هەوڵێکی زۆر دەدات کە باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک و موشتەرییەکان بکات.
• دارایی کردنی شیان: پێدانەکان لە لە درێژەی ماوەی پڕۆژەکان دەبێت (بۆ نمونە ١٥ ساڵ) وا دەکات کە پڕۆژەکانی شیانی داراییکردن بن و وا نەبێت پڕۆژەیەک جێبەجێبکرێت کە لە دوای تەواو بوونی کەمتر خەمی هەبێت بۆ بە گەرخستنییان.
• یارمەتی دان بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لە لایەن حکومەتەوە: بە شێوەیەکی گشتی دابینکردنی دارایی یان داراییکردنی پڕۆژەکان کەمتر لە ئەستۆ حکومەتە و کەرتی تایبەت لە ئەستۆ دەگرێت کە دەکرێت بە چەندین شێواز بێت وەک نمونە وەرگرتنی قەرز لە بانکەکان، ئەمەش وا دەکات کە حکومەتەکان کەمتر تووشی کوردتهێنانی بودجە ببن و ئەمەش یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەو حکومەتانەی کە بودجەیەکی ناجێگیریان هەیە.
• کم بوونەوەی خەرجییەکانی پڕۆژەکان لە بنیاتنان، پاراستن و نۆژەنکردنەوە: هەرچەندە شیوازەکانی هاوبەشتی کەرتی گشتی و تایبەت یەک جۆر نین بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بە هۆی هاوبەشی کەرتی تایبەت لە پرۆژەکان بۆ چەندین ساڵ وا دەکات کە جگە لە ئەرکی بنیاتنان، ئەرکی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەکانیش لە ئەستۆ دابێت، سوودی کەرتی تایبەت لەوەیە کە لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە هاوبەش دەبێت لە داهاتی پڕۆژەکان کەمترین تێچووی بۆ هەبێت ئەمەش هۆکارێکە کە کوالیتی پڕۆژەکان بەرزببێتەوە و شێوازی بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان لە ئاستی پێویست بێت.
لە بەرامبەر ئەم سوود و باشانەی هەابەشی کەرتی گشتی و تایبەت چەند ڕەخنەیەکیش هەن کە پێویستە بە هەندی وەربگرین. یەکێک لە ڕەخنەکان ئاڵۆزی شێوازی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت، کەمی توانایی و شارەزایی، ڕێکخستنەوەی ڕیسک و مەتریسییەکان، هۆشیاری کەی خەڵک و سیاسییەکان لە هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت لەو بابەتانەن کە دەبێت بە هەند وەربگرێت و کاری بۆ بکرێت.
هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت خاوەن چەندین شێوازە کە بریتییە لە سێ تایبەتمەندی سەرەکی:
• گرەبەستێک کە ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتییەکانی هەردوو کەرت دیاری دەکات
• دابەشکردنی ڕیسک و مەترسییەکان لە نێوان هاوبەشانی کەرتی گشتی و تایبەت
• پاداشتی دارایی بۆ کەرتی تایبەت بە گوێرەی دەستەبرکردنی ئامانجە دیاریکراوەکان.
بە شێوەیەکی گشتی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت خاوەن چەندین مۆدێلە:
• گرەبەستی خزمەتگوزاری
• گرەبەستی بەڕێوەبردن
• گرەبەستی بە کرێدان
• بنیاتنان، بە گەرخستن، گواستنەوە (BOT) و شێوازە هاوشێوەکانی
• بەخشینی ئیمتیاز (Concession)
• وەبەرهێنانی هاوبەش (Jont vanture)
هەرکام لەم شێوازانە لایەنی باش و خراپی هەیە کە دەبێت بە وردی لێبکۆڵینەوە، بەڵام سەرەکی ترین شێواز کە هەمان بنیاتنان، بەگەرخستن و گواستنەوەیە خاوەن چەندین شێوازە:
دیزاینکردن و بنیاتنان (DB)
دیزاینکردن، کەمکردنەوە، بنیاتنان (DBB)
دیزاینکردن، بنیاتنان، بەگەرخستن، پاراستن (DBOM)
دیزاینکردن، بنیاتنان، داراییکردن، بەگەرخستن (DBFO)
بنیاتنان، خاوەنداریەتی، بەگەر خستن (BOO)
بنیاتنان، خاوەنداریەتی، بەگەرخستن، گواستنەوە (BOOT)
بنیاتنان، گواستنەوە، بەگەرخستن (BTO)
بنیاتنان، بەکرێدان، گواستنەوە (BLT)
هەر یەک لەم شێوازانە کۆمەڵێک باشی و خراپی هەیە کە دەکرێت بە وردی لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێت و گونجاوترینیان بە گوێرەی هەڵ و مەرجی کوردستان و پێداویستییەکانی کوردستان ڕێکبخرێت و سوودی لێ وەربگرێت.
بە شێوەیەکی گشتی هاوبەشی کەرتی گشتی وتایبەت هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بوژانەوەی ئابووری وڵات و جێبەجێکردنی پڕۆژە سەرەکیی وژێرخانەکانی کوردستان و هەروەها باشتر بەڕێوەبردنی دارایی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان. جگە لە سوودە داراییەکانی هاوبەشی کەرتی گشتی تایبەت هۆکارێکی سەرەکییە لە خێرا جێەبجێبوونی پڕۆژەکان، کوالیتی بەرز و بەرزبوونەوەی ئاستی کوالیتی پیشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان. لە کوردستان پێویستە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرین و تواناکانمان بەرزبکەینەوە هەتا بتوانی باشترین سوود لەم شێوازە وەربگرین.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەسند کردنی چوارچێوەی هاوبەشکردنی کەرتی گشتی و تایبەت هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی شێوازەکانی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت داناوە کە ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ سەرەتاییەکی باش بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و پیشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیانی کوردستان.