2021-08-08 16:19:23
بوونی دەستی كاراو كارامە و شارەزا بەیەكێك لەبنەماكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگە و هەمەچەشنكردنی ئابووری و پیشەسازیی دادەنرێت، بێ گرنگیدان بە سامانی مرۆیی ناكرێت بتوانین لەرووی چاكسازیی و گۆڕانكاریی لەپەیكەری ئابووری هەرێم سەركەوتووبین، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندار گۆڤاری ( سامان ) ئەم دیدارەی لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر رەزا حەسەن حوسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ئەنجام دا .
• حكومەت و كەرتی تایبەت و زانكۆكان
پێگەوە دەتوانن كار بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری و پێگەیاندنی سامانی مرۆیی بكەن
• بەڕێزت وەكو سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و كەسێكی شارەزا و نزیك لە توێژێكی گرنگی ناو كۆمەڵگە كەئەویش مامۆستایان و خوێندكارانە، كە بۆ گەشەكردنی ئابووری و بوژانەوەی كەرتەكانی پیشەسازیی و ئاراستەكردنی كۆمەڵگە بەرەو كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن گرنگی رادەبەدەری هەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە تاچەند زانكۆكانی كوردستان توانیویانە ئاستی زانستی و مەعریفی دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان بەڕادەیەك بەرز بكەنەوە لەئاست ئەو گۆڕانكارییە بەردەوام و گەورەیەدا بێت كە جیهانی پێشكەوتوو بەخۆیەوە بینیوە؟
- جیهان لەگۆڕانكارییەكی بەردەوام و خێراو فراواندایە، تەكنەلۆژیاو تەكنیكی كاروبەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان لەم چەند دەیەی دوایدا گۆڕانكاریی زۆری بەخۆوە بینیوە، هەرێمی كوردستانیش وەكو زۆربەی وڵاتانی دیكەی جیهان پێویستی بەوە هەیە پێگەیاندنی گەنجەكانی لەئاست ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی بازاڕ و ئابووری دا بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنادا بۆمان دەركەوت كە دەبێت گرنگیەكی زۆر بە كەرتەكانی پیشەسازیی و كشتوكاڵ و گەشتیاری بدەین، چونكە پشت بەستن بەتاك سەرچاوەی داهات لە بواری فرۆشتنی نەوت و داهاتەكانیدا جگە لەوەی بەهاكەی سەقامگیر نییە لەدابەزینی بەردەوامشدایە، جێگای داخە بەڕێژەیەكی زۆر بەرز عێراق و كوردستانیش پشتیان بەداهاتی فرۆشتنی نەوت بەستووە، هەنگاونان بەرەو فرەچەشنكردنی ئابووری و گەڕانەوە بۆ ئابووری نیشتمانی لەدوای كۆرۆنا بووەتە ستراتیژیەت و پلانی زۆربەی حكومەتەكانی دنیا لەپێناو خۆپارێزی لەشوێنەوارەكانی كۆرۆنا و كەمكردنەوەی زیانی كەمبوونەوەو ئاستەنگەكانی بەردەم جوڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی نێوان وڵاتان ، بەمشێوەیە پشت بەستن بەكەرتەكانی پیشەسازیی و كشتوكاڵی و گەشتیاریی تەنیا بەشێوازە تەقلیدییەكە و كۆنەكە نابێت بەڵكو لەزەمەنی ئێستادا ئەم كەرتانە جگە لەوەی پێویست بەوە دەكات بەدامەزراوەیی بكرێت و كۆمپانیای گەورەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و پێشكەوتوو روو لەم كەرتانە بكەن، بۆ ئەوەی بەرهەم و بەرووبوومەكانیان لەئاست خواست و ویستی ناوخۆیی و كێبركێكردنی بەرهەمی وڵاتانی دەوروبەرو جیهانیشدا بن، ئەمە پێویست بەوە دەكات جگە لەدابینكردنی ژێرخان و سەرمایە و پاڵپشتیكردنیان خاوەنی سەرمایەكی مرۆیی بە توانا كە لەرووی زانستی و ئەكادیمی و پسپۆرایەتی یەوە لەئاستێكی زۆر بەرزدا بن. ئێمە لەزانكۆی سلێمانی نزیكەی 2000 مامۆستای زانكۆمان هەیە لەهەموو پسپۆرایەتی و شارەزایەتیەكان هەر لەدارایی و ژمێركاریی و كشتوكاڵی و پیشەسازیی و گەشتیارییەوە تاوەكو بوارە زانستیەكانی دیكە، ساڵانەش ژمارەیەكی زۆری خوێندكاران بە پسپۆرایەتی و شارەزایی جۆراوجۆرەوە خوێندن تەواو دەكەن و ئامادەیی كاركردنیان تێدایە.. ئەمە وێڕای ئەوەی زۆربەی ئەم پسپۆرایەتی و شارەزایانە خاوەنی تێز و توێژینەوەو پرۆژەی جۆراوجۆرن كە دەكرێت حكومەت و كەرتی تایبەت سوودیان لێوەربگرێت، كەواتە بەڵێ لەهەرێمی كوردستان سامانێكی مرۆیی دەوڵەمەندو بەتوانامان هەیە بۆ ئەوەی لەبازاڕی كار و گۆڕانكاریی لەهەیكەلی كارگێڕی و ئابووری و پێشكەوتنەكانی سەردەم و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوودیان لێوەربگرن.
• واتا ئێوە لەزانكۆو كۆلێژەكان دەتوانن جگە لەئەركی پێگەیاندنی نەوەی نوێ و بەرزكردنەوەی ئاستی پسپۆرایەتی و شارەزایی خوێندكاران لەبواری توێژینەوە زانستیەكانیشدا سوود بەم هەنگاوەی فرەچەشنكردنی ئابووری بگەیەنن؟
- زانكۆو كۆلێژو پەیمانگاكانمان بەسەدان پرۆژە و توێژینەوەی جۆراوجۆری لەسەر پێشخستنی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و دارایی و گەشتیاریی و زانستەكانی دیكەی تێدایە، هەر ئێمە لەئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی نووسراوێكمان كردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی كۆنفرانسێكی گەورە لەسەر ئاستی هەموو كوردستان بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات ساز بكەین و سوود لەهەموو پسپۆرایەتییەكان وەربگرن، بۆ نموونە ئێمە لەبواری گەشتیاریی و شوێنەوارەكاندا توێژینەوەی باش و دەوڵەمەندمان هەیە كە دەكرێت لەبواری گەشتیاریی شوێنەواردا سوودی لێوەربگرین و داهاتێكی باشی گەشتیاری لێ بەدەست بهێنین. كاتێك ئێمە باسی فرەچەشنكردنی ئابووری و جۆراوجۆركردنی سێكتەرەكانی ئابووری و زیادكردنی داهاتەكان دەكەین هەڵبەتە پێویستیمان بەوە دەبێت وەرچەرخانێكی ئابووری لەپەیكەری ئابووری هەرێم و دیدگا و ستراتیژییەتی كاركردنماندا ئەنجام بدەین، بۆ ئەمەش پێویستیمان بەتوێژینەوەی زانستی و واقیعبینانە دەبێت بۆ ئەوەی هەنگاوە سەرەتاییەكانمان بەئاراستەیەكی راست و دروست ببرێت و ببێتە بناغەیەكی پتەو بۆ كاری گەورەترو پێشكەوتوو، ئەمەش بۆ ئەوەی راوبۆچوون و پێشنیارەكان نەبێتە دیدگاو بۆچوونی كەسی و حزبی و لایەن و ئەم گروپ و ئەو گروپ واتا بەرژەوەندی تەسك لەخۆنەگرێت بەڵكو گۆڕانكاریی لە پەیكەری ئابووری هەرێم و فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات بەڕێگەیەكی زانستی و پرۆڤیشناڵانە بێت و دەرئەنجامێكی گەورەی لێبكەوێتەوە و ئەم میللەتە لەقەیرانێكی سەخت و شوێنەوارە ماڵوێرانكارییەكانی دەرباز بكات، ئەم پرسەش بەدەردی ئەو وەزارەتانە نەچێت كە هەر وەزیرێك دەڕوات نووسینگەو دیوان و زۆربەی وەزارەتەكە لەسەر بنەمایەكی هەڵە دەگۆڕدرێت و كارو بەرنامەكان لە ( سفر) ەوە لەلایەن كەسانێكی دیكەوە دەست پێ دەكرێتەوە، واتا كاری بەردەوام لەناو حكومەتدا بەرێچكەیەكی زانستی و پرۆڤیشناڵی ناچێت بەڕێوە. نابێت چیتر ئەو هەموو توێژینەوە زانستی یە لەمەكتەبەكانی زانكۆ خۆڵی لەسەر بنیشێت و تەنیا بۆ بەرزكردنەوەی بڕوانامەیەكی زیاتر و نمرە وەرگرتن بخوێندرێتەوە، پێویستە هەموو ئەو توێژینەوانە بچێتە ناو كۆمەڵگاوەو كەرتی تایبەت و كەرتی حكومەتیش سوودی لێوەربگرن، هەموو هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە زانكۆ تێكەڵ بەكۆمەڵگا بكەین و رۆڵی لە پێشكەوتنی كۆمەڵگا هەبێت لەهەموو بوارەكان دا.
• باسی فرەچەشنكردنی ئابووریت كرد ؛ حەزدەكەین باسی هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی بكەیت كە دوو بواری فرەچەشنكردنی ئابووری و بەدەستهێنانی سەرچاوەی داهاتن، ئایا ئێوە وەكو كەسانی زانستی و ئەكادیمی چۆن دەڕواننە ئەم دوو كەرتە ، دەتوانین بڵێین پسپۆرایەتی لە پێشخستنی ئەم دوو بوارە لەكۆلێژو زانكۆكانی كوردستان بوونیان هەیە، یاخود بەشێوە تەقلیدیەكەی جاران لە پرۆگرامەكانی خوێندن دەخوێندرێت؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە؛ هەڵبەتە دنیا بەرەو تەكنەلۆژیاو پێشكەوتنی خێراو بەردەوام دەچێت، هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیش بەشێوە تەقلیدیەكەی جاران ناچێت بەڕێوە، گەورە كۆمپانیاكانی جیهان و پێشكەوتنەكان ئەم بوارانەیان قۆرغكردووە، بۆ شكاندنی ئەم قۆرخكارییەش پێویستی بەوە هەیە ئێمەش لەنێوخۆی كوردستاندا لەئاست ئەو تەكنەلۆژیاو پێشكەوتنانەی دنیادا بین بۆ ئەوەی بەرهەم و بەرووبوومەكانی ئێمەش بتوانێت كێبركێی بەرهەمە پێشكەوتووەكانی دنیا بكات كە ئێستا سنوورەكان لەبەردەمیاندا واڵایەو هەمووان دەگاتە دەستیان. بەشێوەیەكی گشتی لەزانكۆكانی كوردستاندا مامۆستا و ئەو خوێندكارانەی بڕوانامە بەدەست دەهێنن توانای ئەوەیان هەیە ئامرازێك بن بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی هەرچەندە بەداخەوە ئاوڕ لەم تواناو پسپۆرایەتی و شارەزایەتی یە نەدراوەتەوە، ئەوەتا لەزانكۆی سلێمانی گەنمێك بەرهەم هات كە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لەرووی كوالێتی و زۆری بەرهەمەوە بەباشترین گەنم دانراو بڕوانامەی فاو بەخشرایە زانكۆكەمان، هەروەها دەكرێت بەهاوشێوەی ئەو پرۆژە بچووكانەی بۆ خوێندكاران لەرێگەی كەرتی تایبەتەوە كرا و سوودێكی زۆری هەبوو بەهەمانشێوە ئەنجومەنی وەزیران و كەرتی تایبەت پاڵپشتی ئەم پرۆژە بچووكانە بكەن، گرنگی بەم سەرچاوە مرۆییەی خوێندكاران بدەن.
• سەبارەت بەرۆڵی كەرتی تایبەت لەپێشخستنی ئابووری و دەربازبوون لەم قەیرانە سەختەی دارایی ، تاچەند ئێوە وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی پێگەیاندنی دەستی كاری شارەزاو پسپۆر پەیوەندیتان لەگەڵ كەرتی تایبەت و كۆمپانیاو رێكخراوەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی هەیە؟
- حكومەتی هەرێم لە29 ساڵی رابردوودا ستراتیژییەتێكی وای نەبووە تاوەكو كەرتی تایبەت ئاراستەی وەبەرهێنان بكات لەكەرتی پیشەسازیی و كشتوكاڵ، بەڕاوبۆچوونی من كەرتی تایبەت پێویستی بەوە هەیە زیاتر پشتگیریی و پاڵپشتی بكرێت بۆ ئەوەی لەم دوو بوارەدا هەنگاوی خێراو گەورە بنێن. بوژانەوەی كەرتی پیشەسازیی و كشتوكاڵ هەلی كار بۆ سەدان دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاو گەنجەكان دابین دەكات، لەمەشدا دەبێت وەزارەتە پەیوەندارەكان و دەستەی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان مەرج دابنێت بۆ بەگەڕخستنی كرێكارانی نێوخۆ نەك هێنانی بەلێشاوی كرێكارانی بیانی لەدەرەوەی سنوورەكان، بەڕاستی جگە لەبەدەستهێنانی قازانجێكی زۆر و بێ بەهاكردنی كار بەگەڕخستنی كرێكارانی بیانی هیچ واتایەكی دیكەی نییە چونكە ئێمە ئەوەندە پسپۆرایەتی و كارامەیی و شارەزایمان هەیە كە بەكەڵكی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان بكات. ئێمە لەزانكۆكاندا سەنتەری هەلی كارمان دروست كردووە و داواكارین لەهەموو كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت بێن و ژمارەیەك لەو دەرچووانەمان بۆ دابمەزرێنن و ساڵانە 300 دەرچووی زانكۆمان دامەزراندووە بەڵام ئەم ژمارەیە بەرامبەر ئەو ژمارە زۆرەی دەرچووان زۆر كەمە بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی و پاڵپشتی كەرتی تایبەت بەدەستهێنانی هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ زیاتر بكات، بۆ هاندانی كاركردن لەكەرتی تایبەت دەبێت حكومەت سەرجەم ئەو كەسانەی لەكەرتی تایبەت كار دەكەن ساڵانی كاركردنیان بەخزمەتی وەزیفی هەژمار بكرێت.
سەبارەت بەپەیوەندی زانكۆ لەگەڵ یەكێتی وەبەرهێنەران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەنگاوی باشمان ناوە ، لەگەڵ یەكێتی وەبەرهێنەرانی سلێمانی كۆبوونەوەمان هەبووە پرۆژەمان داونەتێ و مەرجیشمان هەبووە بەوەی خاوەن بڕوانامەكانی زانكۆ دابمەزرێنن و هیوادارم لەداهاتوودا لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی و یەكێتی وەبەرهێنەران و رێكخراوەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی كاری باشمان هەبێت و هەردوو لامان سوود لەیەكتر وەربگرین.
• لەهەموو دنیادا پێشبینی و دیدگای سەرۆكی زانكۆكان گرنگیەكی زۆری پێ دەدرێت؛ دەكرێت وەكو سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشبینی بۆ ئایندەی ئابووری هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەبواری پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی بزانین؟
- ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاو بەرەوفرەچەشنكردنی ئابووری بنێت و چیتر ئەوەندە پشت بەداهاتێكی ناسەقامگیریی وەكو نەوتی خاو نەبەستێت و بەسەدان پرۆژەی بچووك و مامناوەندو گەورەی پیشەسازیی و كشتوكاڵی بكاتەوە، ئەوە دۆخی ئابووری لەهەرێمی كوردستان بەڕادەیەكی زۆر باش دەگۆڕدرێت ، ئێمەش وەكو كەسانی ئەكادیمی لەزانكۆكاندا ئامادەین هاوكارو پاڵپشت بین، بێگومان ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێ گرنگیدان بەكەرتی تایبەت و ئاراستەكردن و پاڵپشتیكردنی سەركەوتن بەدەست ناهێنێت.