2021-08-08 16:17:10
دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەم گفتوگۆیەی گۆڤاری (سامان)دا جەختی لەسەر پرۆسەی چاكسازیی و هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردەوە كە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و گەیشتن بەقۆناغی فرەچەشنكردنی ئابووری كەوتۆتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە .
سەرەتای گفتوگۆكەمان لەگەڵ دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بەم شێوەیە دەستپێكرد: حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵێكی قورسی بەڕێكرد لە زەمەنێكی سەختی قەیرانی دارایی و كۆرۆنادا، ئەمە سەرەڕای ئەو بارگرانیەی لە رووی خراپی ژێرخانی ئابووری و كەڵەكەبوونی قەرزێكی زۆر و كۆرۆناوە رووبەرووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووەوە، بەڵام بەپێی توانا وێڕای بەردەوامی قەیرانەكە هەنگاوەكانی چاكسازیی دەستیپێكرد، سەبارەت بەوەی تاچەند چاكسازیی گرنگە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە سەختە و ئایا ئەم پرسە كە لە ئێستادا بووە بەیاسا گەیشتووە بەكوێ؟ لەمبارەیەوە سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون گوتی: هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی سەختی دارایی و ئابووری تێپەڕ دەبێت، لەدەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پرسی چاكسازیی بووە بەرنامەی كابینەكە لەسەرجەم رەهەندەكانی كارگێڕی و دارایی و ئابووری و سیاسییەوە، ئێمە لەپرسی چاكسازییدا لەسەر بنەمای رەچاوكردنی هەموو رەهەندەكان پلانمان دانەوەن پێویستمان بە رێكخستنەوەو یەكخستنەوەی یاساكان بووە یاسا كۆنەكان بەیاسای نوێ بگۆڕین، هەروەها سەرقاڵی دووبارە رێكخستنەوەی دامەزراوەكانین بۆ ئەوەی لەگەڵ چاكسازیی ئابووری بگونجێن چونكە پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان كارگێڕی و ئابووریدا هەیە. . رەنگە گرنگترین هەنگاو كە نراوە كەمكردنەوەی خەرجی یە ناپێویستەكان بووە یاخود خەرجیەكان بەشێوەیەك بەكارهێنراوە كە زۆرترین سوودی لێوەربگیرێت، یەكێك لەو میكانیزمانەی كارمان لەسەر كردووە سوود لەو بڕە داهاتە وەربگرین كە پێشتر زیاد لەپێویست لەپڕكردنەوەی خەرجیەكان خەرج دەكرا ، خۆشبەختانە توانرا ریزبەندی بۆ خەرجیەكان دابنرێت و بەداهات و پارەیەكی كەمتر زۆرترین خزمەتگوزاریی و پێداویستیەكانی پرۆژەكان بەڕێوەبرا، بۆیە كەمكردنەوەی خەرجیەكان و رێگرتن لەبەهەدەردانی داهات پرۆسەیەكی گرنگ بوو، ئەمەش وایكرد سەرەڕای ئەم قەیرانە سەختەو پەتای كۆرۆنایە درێژە بەخزمەتگوزارییەكان بدەین و بگڕە لە جێبەجێكردنی پرۆژە نوێیەكاندا بەردەوام بین و تاڕادەیەكی زۆریش داهاتەكان رێكبخەینەوە.
ئێمە وەكو گۆڤاری ( سامان ) پێمان وایە پرۆسەی چاكسازیی و گەیشتن بەحوكمڕانیەكی باش لەم قۆناغە هەستیارەدا بێ چاكسازیی سەركەوتن بەدەست ناهێنێت، لای هەمووان ئاشكرایە چاكسازیی وێڕای ئەوەی ئیرادەیەكی بەهێزو جیددی پێویستە هاوكات پرسێكی گشتگیرو بەردەوام و فراوانیشە، بەڕێزت باسی خەرجیەكانت كرد وەكو ئاشكرایە لەهەموو دنیادا داهات و خەرجیەكان دوو پرۆسەی چاكسازیی فراوانن دەكرێت بپرسین لەبواری داهاتەكاندا حكومەتی هەرێمی كوردستان چی هەنگاوێكی ناوە؟ دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی وتی : زیادكردنی داهات هەنگاوێكی دیكەی گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، لای هەمووان ئاشكرایە داهاتەكانی هەرێم بریتی یە لەداهاتی ( ناوخۆیی ) داهاتی نەوتی و داهاتی نا نەوتی . لەگەڵ دابەزینی بەهای نەوت بەشێوەیەكی زۆر خراپ بەرادەیەك لەمێژووی ئەم سامانەدا نرخەكان بەم رادە مەترسیدارە دانەبەزیوە، بۆیە دابەزینی بەهای نەوت كاریگەریی و شوێنەواری زۆر گەورەو خراپی لەسەر داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبووە، ئەوەبوو تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا و داخستنی شارو قەدەغەكردنی هاتوچۆ و راوەستانی دامودەزگاكانی حكومەت ئەوەندەی دیكەی كێشەكە ئاڵۆزتر كرد، بەڕادەیەك جگە لەداهاتی كەمی دەروازە سنوورییەكان داهاتەكانی دیكە هەمووی رووی لەكەمی كردووە، ئەمەش هەمووی هاوكات بوو لەگەڵ خراپی دۆخی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و دواكەوتنی پێدانی موچە و بەناچاری بڕیاری لێبڕینی رێژەیەك لەموچەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای خراپی دۆخی دارایی و داهاتەكانی لەگەڵ ئەمەشدا لەپێناو بەرژەوەندی خەڵك و بەرەچاوكردنی خراپی دۆخەكە كۆمەڵێك بڕیاری نوێی دەركرد، یەكێك لەو بڕیارانە لێخۆشوون بوو بەرێژەیەك لەو قەرزانەی لای هاوڵاتیان ئەمەش بۆ ئەو هاوڵاتیانەی قەرزار بوون سوودیان لێوەرگرت، لەلایەكی دیكەوە ئەو موڵك و بینا و دوكانانەی حكومەت بەكرێی دابوون بە هاوڵاتیان لەمانگەكانی كەرەنتینە لەسەریان لابرا، بەبەردەوامیش ئەنجومەنی وەزیران لەكۆبوونەوەكانیدا بڕیاری نوێ دەدات بۆ ئەوەی لەقۆناغی ئابووری قەیراندا شوێنەوارەكانی قەیرانەكە لەسەر هاوڵاتیان و حكومەت قورس نەبێت.
سەبارەت بە ئابووری قەیران و بەڕێوەبردنی قەیران لەم واقیعە تاڵەدا دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون وتی: بەهۆی كۆرۆناوە بۆمان دەركەوت كە پشت بەستن بەخۆمان و فرەچەشنكردنی ئابووری زۆر گرنگە و ئابووری و ئاسایشی وڵات بەهێز دەكات، ئابووری لەسەردەمی قەیران پێویستی بەهەندێك رێكاری ئیستسنائی بوو، لەرووی كرداریشەوە توانیمان ئەو رێكارانە بگرینە بەروو كاری لەسەر بكەین، جگە لەبەردەوامبوونی پرۆسەی چاكسازیی لە سیستەمی باج و وەبەرهێنان و شارەوانی و سەرجەم ئەو بوارانەی كە دەتوانین بڵێین سەرچاوەی سەرەكی داهات و خەرجین لەهەرێمی كوردستان و كاریگەریی راستەوخۆ لەسەر مەسەلەی پرسی ئابووری دەكات، بۆیە بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بەتایبەتی بڕیاری ژمارە 50 ئەم بڕیارە جگە لەوەی بیارێكی گشتگیر بوو رۆڵێكی باشی هەبوو بەوەی خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو قەیرانەی هەیە.
سەبارەت بە فرەچەشنكردنی ئابووری و پلان و بەرنامەكانی حكومەت سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون وتی: فرەچەشنكردنی ئابووری بوارەكانی زۆرن و گرنگترینیان هەردوو بواری پیشەسازی و كشتوكاڵە، لەماوەی رابردوودا هاندانی وەبەرهێنان و ئاراستەكردنیان بەرەو ئەو دوو بوارەو دواتر دانانی بەردی بناغەی شارە پیشەسازییەكان لەدهۆك و هەولێر بایەخ و گرنگی خۆی هەبوو ، لەبەرنامەی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لەشارەكانی دیكەش گرنگی بەم شارە پیشەسازییانە بدرێت، بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتە پەیوەندارەكان و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكان كار لەسەر شێوازی خزمەتگوزاریی دەكرێت بۆ ئەو شارە پیشەسازییانە، هەروەها دانانی گومرك لەسەر ئەو بەرهەم و كاڵایانەی لەكوردستان بەرهەم دەهێنرێت هەمووی وایكرد بەرهەمی ناوخۆ لەرووی نرخەوە بتوانێت كێبركێی بەرههەمی بیانی بكات، لەبواری كشتوكاڵیش دا هەوڵێكی جیددی هەیە كۆمپانیا هۆڵەندییەكان تەركیز لەسەر بەرهەم و بەرووبوومە جۆراوجۆرەكان بكەن و پرۆژەی ماڵی سەوزە و خانووی بلاستیكی هان دەدرێت بۆ ئەوەی لەهەموو وەرزەكان بەرهەم و بەرووبووممان هەبێت، ئەمەش هەمووی لەپێناو راستكردنەوەی باری هاوردەو هەناردەو دۆزینەوەی هەلی كار و باشكردنی باروبژێوی ژیانی خەڵكی و جوتیارەكان بەتایبەتی، بەشێوەیەكی گشتی لەهەردوو بواری كشتوكاڵ و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی ناوەو دەرئەنجامی باشی دەبێت .
فرەچەشنكردنی ئابووری لەگرنگترین پرۆسەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەوەی قەبارەی بەرهەمهێنان زیاتر بێت و لەرووی كوالێتی یەوە بەرەو پێشەوە بچن ، بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمە پیشەسازییەكانیش حكومەتی هەرێمی كوردستان درێغی ناكات و دانانی تاریفەی گومرگی و هێنانی كاڵاو كەلوپەلەكانیش لەم چوارچێوەیەدا دەبێت، هەر ئەمەشە وایكردووە كاڵای دەرەوە گران بێت و نرخی كاڵای نێوخۆ كەم بێتەوەو هانی كڕیار بدرێت گرنگی بەبەرهەم و شمەك و كەلوپەلە نێوخۆییەكان بدەن .
وەنەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم فرەچەشنكردنە تەنیا پشت بەكۆمپانیا بیانیەكان ببەستێت بەڵكو پشكی شێر لەوەبەرهێنان بۆ كۆمپانیا نێوخۆییەكانە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستەی وەبەرهێنانی راسپاردووە بۆ ئەوەی هەلی یەكسان و دادپەروەرانە بخاتە بەردەم سەرجەم كۆمپانیاكانی نێوخۆیی و بیانی بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە سوود لەو ژمارە زۆرەی پرۆژە وەربگرن كە دەستەكە خستوویەتە روو بۆ ئەوەی سەرمایەداران و بیزنسكار و وەبەرهێنەران هەموو پێكەوە كێبركێ بكەن بۆ بەدەستهێنانی، بەتایبەتی لەهەردوو بواری كشتوكاڵ و پیشەسازیی .
زسەرۆكی دەستەی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون سەبارەت بە كەرتی كشتوكاڵ وتی : زۆر باس لە كەرتی كشتوكاڵ دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان باش دەزانێت گرنگیدان بەكەرتی پیشەسازیی خۆراكی بێ گرنگیدان بەكەرتی كشتوكاڵی سەركەوتن بەدەست ناهێنێت ، چونكە پێش ئەوەی بیر و هزرت بۆ پیشەسازیی خۆراكی بچێت دەبێت بیر لەدوو شت بكەیتەوە یەكەم سەرچاوەی كەرەستەی خاوو دووەم پەرەپێدانی تەكنەلۆژیا بۆ بەهێزكردنی بەرهەمی پیشەسازیی نێوخۆیی لەرووی چەندایەتی و جۆرەوە ، تەنانەت حكومەت بڕیاریدا بۆ ئەوەی ئامێرە كشتوكاڵیەكان لە تاریفەی گومركی لێخۆش بوونیان بۆ بكات بۆ كەمكردنەوەی باری سەرشانی برا جوتیارەكانمان ، ئامێرە كشتوكاڵیەكان ئەگەر بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان بێت و بگاتە دەست جوتیارەكان ئەوا لەباجدان لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت ، پەسەندكردنی پلانی هاوبەشیكردنی نێوان كەرتی حكومەت و كەرتی تایبەت كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران خرابووە روو ، هەنگاوێكی دیكەی هاندان و پاڵپشتیكردنی كۆمپانیا نێوخۆییەكان و بیانیەكان بوو، ئەمەش بیركردنەوەیەكی عەقڵانی یە بۆ بەهێزكردنی ئابووری لەرێگەی پاڵپشتی و هاوكاریی نێوان هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت. چونكە لەلایەك بارگرانی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم قەیرانە ناهێڵێت و لەلایەكی دیكەوە بەكوالێتیەكی باشتر خزمەتگوزارییەكان پێشكەش دەكات ، تەنانەت دیدگای حكومەت بۆ كارەكانی پێشوو لەوەدایە چاوخشاندنەوە بەسەرجەم گرێبەستەكانی رابردوو بكاتەوە ، ئەمەش دوای ئەوەی بەشێكی زۆر لەو گرێبەستانە بارقورسی بۆ حكومەت و خەڵك دروست كردووە ، تەنانەت بەشێك لەو خزمەتگوزارییانە وا پێویست بوو حكومەت خۆی سەرپەرشتی بكات و پێویستی بەوە نەدەكرد بیداتە كەرتێكی تایبەت كە خەرجیەكانی لەسەر حكومەت و خەڵكیش گران كردووە، لەناو ئەو گرێبەستانەدا خەڵكانێك لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و خەڵك خۆیان دەوڵەمەند كرد، بۆیە دەبێت لەمەودوا كارەكان دیسپلینی هەبێت و بۆ داهات و خەرجیەكانی حكومەت بەسوود بێت . وەزارەت و دەستەو دامەزراوەكانی حكومەت كار لەسەر داڕشتنەوەی رێنمایی و راسپاردەكان و تەنانەت یاساكانیشیان دەكەن و لەمەودوا شەفافیەت لەكاری نێوان حكومەت و كۆمپانیاكان پەیڕەو دەكرێت و پرۆسەی كۆكردنەوەی داهات و شێوازی كاركردنی ئەم كۆمپانیانە رێك دەخرێتەوە، سەرەتا پێویستە باجەكەی لەسەریانە بیدەنەوە . لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەت و دەستەو فەرمانگە و دامەزراوەكان پێداچوونەوەی سەرتاسەری لەسەر هەموو یاسا و رێنمایی و راسپاردە و كارەكان دەكرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئابووری و كارگێڕی بە ئاراستەیەكی راست و گونجاودا ببرێن .
مانشێت:
• بەشێوەیەكی گشتی لەهەردوو بواری كشتوكاڵ و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی ناوەو دەرئەنجامی باشی دەبێت.
• بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتە پەیوەندارەكان و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكان كار لەسەر شێوازی خزمەتگوزاریی دەكرێت بۆ ئەو شارە پیشەسازییەكان.
• پەسەندكردنی پلانی هاوبەشیكردنی نێوان كەرتی حكومەت و كەرتی تایبەت كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران خرابووە روو ، هەنگاوێكی دیكەی هاندان و پاڵپشتیكردنی كۆمپانیا نێوخۆییەكان و بیانیەكان بوو.
• دیدگای حكومەت بۆ كارەكانی پێشوو لەوەدایە چاوخشاندنەوە بەسەرجەم گرێبەستەكانی رابردوو بكاتەوە .