ڤاسل ڤاسیل كونسوڵی ئابووری وڵاتی بولگاریا لە باڵیۆزخانەی بولگاریا لە بەغدا : بولگاریا ئەزموونێك لە پشت بەستن بە داهاتی نا نەوتی و پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی

ڤاسل ڤاسیل كونسوڵی ئابووری وڵاتی بولگاریا لە باڵیۆزخانەی بولگاریا لە بەغدا : بولگاریا ئەزموونێك لە پشت بەستن بە داهاتی نا نەوتی و پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی




2021-08-08 16:03:49



بولگاریا وەكو وڵاتێكی گرنگی یەكێتی ئەوروپا كە بەدەروازەی ئەوروپا دادەنرێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم چەند ساڵانەی دوایی دا هەناردەكانی ئەم وڵاتە بۆ بازاڕەكانی عێراق و كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لەزیاد بوون كردووە، ئەم وڵاتە لەبواری پەرەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتیاری و پشت بەستن بە بواری نا- نەوتی هەنگاوی گرنگی ناوە،  بۆ قسەكردن لەسەر ئەزموون و رۆڵی وڵاتی بولگاریا ئەم چاوپێكەوتنەمان لەگەڵ (ڤاسل ڤاسیل) كونسوڵی ئابووری وڵاتی بولگاریا لە باڵیۆزخانەی بولگاریا لەعێراق          سازدا.
•    بولگاریا بە وڵاتێكی كشتوكاڵی و پیشەسازیی و گەشتیاریی دادەنرێت؛ ئایا پەیوەندییەكانی وڵاتەكەتان لەگەڵ هەرێمی كوردستان تا چ رادەیەك پەرەی پێدراوەو تاچەند گەورە كۆمپانیاكانی بولگاریا روویان لەهەرێمی كوردستان كردووە؟
-    بولگاریا بە وڵاتێكی كشتوكاڵی و پیشەسازیی و گەشتیاریی ناوبانگی دەركردووە، لەم چەند ساڵانەی دوایی دا كۆمپانیاكانی بولگاریا زۆر بەباشی جێگەی خۆیان لەبازاڕەكانی عێراق و كوردستاندا كردووەتەوە، ئەمەش بۆ رێژەی بەرزی باشی كوالێتی و كەمی نرخی بەرهەمەكانی وڵاتی بولگاریا دەگەڕێتەوە، تەنانەت بولگاریا بەرهەمەكانی وەكو ئەندامێكی یەكێتی ئەوروپا دەخاتە بازارەكانەوە و مۆڵەت و بڕوانامەی ئەوروپی هەیە.  بولگاریا پەیوەندییەكانی تا ئاستێكی باشی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان گەشە پێداوە ، دەتوانم بڵێم تاڕادەیەكی باش لەهەموو بوارەكاندا بولگاریا دەروازەی ئەوروپایە بۆ  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و كوردستان، ئەم پێگە جوگرافیا ستراتیژییە سوودی لۆجستی بۆ كۆمپانیاكانی بولگاریا فەراهەم كردووە و ئاسانكارییەكی باشی داوە بۆ هاوردەكردنی بەرهەمی بولگاریاو كەمی تێچوونی گواستنەوەی، بۆ هاوردەكارانی، ئەوەتا لە سەرجەم بەرهەمە پیشەسازییەكاندا بەتایبەتی لە پیشەسازیی خۆراك و ماكیاژ و دەرمان و كەرەستەی دەرمانخانەكان و دەرمان بەرهەمەكانی وڵاتی بولگاریا رووی لەزیادبوون كردووە. لە ئێستادا نزیكەی 20 كۆمپانیای بولگاریا لە هەرێمی كوردستاندا لە پرۆژەی ئابووری و چالاكی جیاجیادا كار دەكەن  لەسێكتەرەكانی راوێژكاریی و ئەندازیاریی و بیناسازیی و هاوردەكردنی خۆراك و كەلوپەلی كشتوكاڵی.  
•    پلان و بەرنامەی حكومەتی بولگاریا چی یە بۆ فراوانكردنی ئاستی ئەم پەیوەندییانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، ئێوە وەكو كونسوڵگەریی ئابووری لەكونسوڵخانەی بولگاریا چۆن دەڕواننە ئەم پەیوەندییانە؟ 
-    دیدگا و تێڕوانینی بولگاریا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پڕە لە پێشبینی ئەرێنی و دەرفەتی باش،  بنەماكانی پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە زۆرن و لە ئێستادا كۆمپانیاكانی عێراق و كوردستان و بولگاریا ئەم دەرفەتانەیان قۆزتۆتەوە و بەشێوەیەكی سیستماتیكی پاڵپشتی كراوە، هەردوو ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی بولگاریا پاڵپشتی ئەم نزیكبوونەوەیە و گەشەسەندنەی پەیوەندییەكان دەدەن و لەنزیكەوە هەماهەنگی دەكەن بۆ هاوكاریی و پێشكەشكردنی كار ئاسانی و هاندانی بازرگان و پیشەسازیكارانیان، ئۆفیسی هەولێریشمان سەركەوتوو بووە لەم دەستپێشخەرییانە بۆ باشتركردنی ئاڵوووێری كاڵاو شمەك لەنێوان بولگاریا و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پاڵپشتە بە هاندانەكانی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بولگاریا. 
•    وەكو ئاشكرایە وڵاتی بولگاریا شارەزاییەكی باشی لە بوژانەوەی كەرتە نا- نەوتی یەكان هەیە، كحكومەتی هەرێمی كوردستانیش ستراتیژییەتی بوژانەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتیاریی واتا بەشێوەیەكی گشتی بوژانەوەی كەرتەكانی نا - نەوتی گرنگی پێدراوە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە؛ ئایا بولگاریا چۆن دەتوانێت هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بۆ گەیشتن بەم ئامانجە و چۆن سوود لە ئەزموونەكانی ئێوە وەربگرین؟
-    بولگاریا خاوەنی كلتوور و شارەزاییەكی دوور و درێژە لە بوژانەوەو پێشخستنی كەرتەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازیی خۆراكی و ئەندازیاریی ، حكومەتی بولگاریا وێڕای پاڵپشتیكردنی كیان و ئەزموونەكەی دەتوانێت پاڵپشتی هەرێمیش بكات لە گەشەسەندنی ئابووری كەرتەكانی نا نەوتی بەتایبەتی لەبوارەكانی كشتوكاڵ و ئاودێریی و دامەزراندنی كارگەی پێشكەوتووی پیشەسازیی خۆراكی ، ئێمە ئامادەیمان تێدایە كەسانی شارەزاو پسپۆر بهێنین بۆ هاوكاریكردنی ئێوەو تەنانەت گەورە كۆمپانیاكانی بواری پیشەسازیی خۆراكی بهێنین بۆ كوردستان ، هەرچی بواری كانزاكاریی و ئەلەكترۆنیاتیش هەیە بولگاریا شارەزاییەكی باشی هەیە و دەتوانین پیشەسازیی هەرێمی كوردستانی عێراق لەم بوارەدا پێش بخەین. 
•    بولگاریا لەكەرتی گەشتیاریشدا خاوەنی مێژوویەكی دەوڵەمەندوو باشە،  گەشتیارە عێراقییەكان و كوردستانییەكان لەساڵانی شەستەكانەوە زۆر روویان لەم وڵاتە كردووە، ئایا بەشی ئابووری و بازرگانی باڵیۆزخانەی كۆماری بولگاریا لەعێراق تاچەند كاری كردووە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە گەشتیارییەكان لەنێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی بولگاریادا؟
-    ئەگەر لەبیرتان بێت لەساڵانی 70 و 80 و 90 ەكانی سەدەی رابرووەوە گەشتیارە عێراقی و كوردستانیەكان بەشێوەیەكی زۆر فراوان بۆ گەشتیاریی روویان لەوڵاتی بولگاریا كردووە، بولگاریا پێگەیەكی گەشتیاریی هەرە باشە بۆ گەشتیارە عێراقییەكان، لەم رووەوە شتێكی لۆجیكی یە ئەگەر هەردوو لا واتا وڵاتی بولگاریان و هەرێمی كوردستان كاربكەین بۆ پەرەپێدانی ئەم جۆرە پەیوەندییە گەشتیارییانە، هەر خۆی لەخۆیدا لە بەرنامەو ستراتیژییەتی بولگاریادایە كەرتی گەشتیاریی زیاتر گرنگی پێ بدرێت، لەم رووەوە بەشی ئابووری و بازرگانی باڵیۆزخانەی كۆماری بولگاریا لەعێراق بەجددیی كار دەكات بۆ پەرەپێدانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە.  لەكۆنفرانسی نێوان ECCI  و BCCI كە لە مانگی 10ی 2020 ئەنجامدرا ئەم كۆنفرانسە زۆر بەرهەمدار بوو، ئامڕاز و بەرنامەی گونجاوی بۆ كۆمپانیاكانی بولگاریا و عێراق دابین كرد بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی B2B و بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆگرامی هەماهەنگی ئایندە ، ئەمە وێڕای ئەوەی سەركردایەتی فەراهەم كرد بۆ ECCI   و BCCI لەگەڵ دەرفەتەكانی بەردەوامیدان بە هاوبەشی بەرهەمداری نێوانیان لەكاتی پەتای جیهانی كۆرۆنا .