
2021-08-08 15:59:17
بوژانەوەی كشتوكاڵ و پیشەسازی خۆراكی و دەرمان و بیناسازیی و بەنداوو گەشتوگوزار لە ئەزموونە سەركەوتووەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە
نەتەوەی فارس و كورد جگە لە مێژووە كلتووری و كۆمەڵایەتیەی كە پێكەوەیان دەبەستێتەوە، پەیوەندییەكی راستەوخۆی بەهێزی ئابووریش لەنێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەتی لەسێ دەیەی رابردوودا كە ئاڵووێری بازرگانی و ئابووری بەئاستێكی زۆر بەرز رووی لەهەڵكشان كردووە، جەواد كەریم كونسوڵی بازرگانی لەكونسوڵگەریی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری ( سامان ) پێی وایە مێژووی ئەم پەیوەندییەی رۆشنبیری و كلتووری و فكری و ئابوورییەی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و نەتەوەی كورد لەسەر بنەمای جوگرافیاو رۆشنبیری و زمان دروست بووەو دواتر پەرەی سەندووە بەرەو پاڵپشتیكردنی ئێران بۆ نەتەوەی كورد دژی رژێمی بەعس. لەدوای روخانی رژێمی بەعس و شەڕی دژی داعش پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان پتەوتر بووە؛ نموونەی رێزگرتن لەدراوسێتی و هاوكاریی بووە، پەیوەندی كۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی ناوچەكە لەسەر ئەم بنەمایانە بەهێز بووە. كونسوڵی بازرگانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر سەبارەت بە پەیوەندییەكانی بازرگانی و ئابووری نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان وتی : ( پەیوەندی بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێم و ئێران لەئاستێكی باش دایە و هەل و ئومێدێكی زیاتریش هەیە بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی ئەم پەیوەندییانە. بوونی بازرگان و بیزنسكار و وەبەرهێنەرانی ئێرانی كە شارەزاییەكی تەواویان لەژینگە و واقیعی بازرگانی و ئابووری هەرێم هەیە، لەبەرامبەریش دا بەهەمان شێوە بیزنسكار و بازرگانان و پیشەسازیكارانی كوردستان شارەزاییەكی تەواویان بەئاست و توانا و بەرهەمەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە).
ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم پەرەپێدانی ئاڵووێری بازرگانی
لەگەڵ بوونی ئەم بنەمایانە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابوورییەكان جەواد كەریمی نایشارێتەوە كە چەندین ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم بەهێزكردن و قووڵكردنەوەی ئەم پەیوەندییانەدایە، دەبێت بەهەمووان كاری لەسەر بكرێت بۆ هەڵگرتن و نەهێشتنی لەمبارەیەوە راوێژكاری كونسوڵگەریی كۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ( نەبوونی گرێبەستی بازرگانی بەشێوەی یاسایی كە لەسەر بنەماكانی بازرگانی و پرۆڤیشناڵی بونیات نرابێت، هەروەها نەبوونی دڵنیایی و بیمە بۆ مەترسیەكانی بەردەم شمەك و كاڵا بازرگانی یەكان و گرنگی نەدان بەكوالێتی بەرهەمەكان و نەبوونی سیستەمی بانكی و ناهاوسەنگی تەرازووی بازرگانی نێوان هەناردەو هێنراوەكان لە خراپترین ئەو مەترسیانەن كە رێگرە لەبەردەم گەشەسەندنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان ، لای هەمووان ئاشكرایە كۆماری ئیسلامی ئێران لە 95%ی هەناردەكان پێك دەهێنێت ئەمەش بۆ مەرجی بەردەوامبوون و هاندانی نێوان هەردوو لا باش نی یە چونكە بەردەوامی و پەرەپێدانی ژینگەی بازرگانی پابەندە بەراگرتنی باڵانسی تەرازووی بازرگانی یەوە كە بۆ هەردوو لا بەیەك هاوشێوە هاندەر دەبێت).
ئێران ئەزموون و تواناو شارەزاییەكی باشی
لەكەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزاری هەیە
كونسوڵی ئابووری كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر بەگرنگیەوە دەڕوانێتە هەنگاوەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەرەڕای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بودجە هەوڵ دەدات بۆ هەڵسانەوەی رەوشی ئابووری و فرەچەشنكردنی ئابووری و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات ئالێرەوە جەواد كەریمی پێی وابوو: ( دیدگاو فەلسەفەی ئابووری حكومەت بەو ئاراستەیە دەڕوات دەبێت هەرێم سوود لەهەموو ئەزموون و پەند و وانە مێژووییەكانی ئابووری وڵاتان و نەتەوەكان وەربگرێت بەتایبەتی لە وڵاتێكی دراوسێی وەكو ئێرانەوە، بۆ ئەوەی ئەو 1055 پرۆژەیەی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری وەبەرهێنان رایگەیاندووە لەسەر بنەمایەكی راست و دروست و زانستی بونیات بنرێت و زامنی بەردەوامی و پەرەپێدانیشی هەبێت، لەمەشدا كۆماری ئیسلامی ئێران ئەزموون و تواناو شارەزاییەكی باشی لەكەرتەكانی پیشەسازی خۆراكی و بەخێوكردنی ئاژەڵ و كەرتی شیرمەنی و دروستكردنی دەرمان و گرنگیدان بەپترۆكیمیاویی و كانەكان و پیشەسازیی بیناسازیی و دەیان كەرت و بواری دیكەی هەیە، بەنرخێكی هەرزان و تێچوونێكی كەم و كوالێتیەكی بەرز ، لەلایەكی دیكەوە بۆ بوژانەوەی كەرتی گەشتوگوزاریی سروشتی و پزیشكی دەتوانین سوودێكی گەورە بەیەكتر بگەیەنین لەم بوارەشدا ئێران ئەزموونێكی باشی هەیە بۆ گەشەكردنی ئەم بوارە كە دەكرێت لایەنی هەرێمیش سوودی لێوەربگرێت چونكە دواجار نزیكی نێوان هەردوو دیوی سنوور و كەمی تێچوونی گەشتیاریی گەشت و سەیران و لایەنی پزیشكی هاندەرە بۆ هەردوو لا.
لەئێستادا كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران جگە لەپێشكەشكردنی راوێژكار و زانیاریی ئاسانكارییەكی باشیش پێشكەش بەهەموو ئەو بازرگانی و بیزنسمان و پیشەسازیكارانە دەكات كە بەمەبەستی گەشت بۆ ئێران روو لەكونسوڵگەریەكەیان دەكەن لەمبارەیەوە جەواد كەریمی كونسوڵی ئابووری لەكونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە لەبەشی ئابووری كونسوڵگەریی كۆماری ئیسلامی ئێران جگە لەهاوكاریی و كاری راوێژكاریی ئابووری ئامادەین وەڵامی هەر پرسیارو زانیارییەك بدەینەوە كە بازرگان و پیشەسازیكار و وەبەرهێنەرانی كوردستان لە ناسناوو شارەزایی و متمانەیی كۆمپانیا و بازرگانە ئێرانی یەكان پێویستیانە. ئێمە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی بارزگانی و ئابووری نێوان هەرێم و وڵاتەكەمان بەگرنگ دەزانین بۆ سوود وەرگرتن لەشارەزایی و ئەزموونەكان ئەمەش سەرەتایەكی باشە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی ، ئەم دوو كەرتە تەواوكەری یەكترن لەكۆماری ئیسلامی ئێران ئەزموونی تەواوكەریی نێوان هاوبەشی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی و رێزگرتن لەیەكتر و هاوكاری و پاڵپشتیكردنی یەكتر بەگرنگترین ئەزموونەكانی ئێران دادەنێین كە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی دەبێت بەئەرك و وەزیفی خۆیان هەڵسن بەپێچەوانەوە تێكەڵبوون و پشێوی و نارێكیەك روودەدات، ئێران سەركەوتوو بووە لە سیاسەتی پشتبەستن بەسەربەخۆیی ئابووری و رووبەرووبوونەوەی فشارو پاڵەپەستۆكانی سزاكانی ئەمەریكا لە 42 ساڵی رابردوودا كە بەداخەوە لەئێستادا بەشێوەیەكی زۆر خراپ گەمارۆو سزاكانی ئەمەریكا توندتر بووە ، لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی خۆبژێوی و سەربەخۆیی ئابووری و پاڵپشتی و هاوبەشیكردنی نێوان كەرتی تایبەت و گشتی بۆ رووبەرووبوونەوەی سزا و فشارە ئابوورییەكان ئەزموونێكی پێشكەوتووی وڵاتەكەمانە. بەشێوەیەكی گشتی گەورە كۆمپانیاكانی ئێران لەچوارچێوەی سیاسەتی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵیەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاكادەیی هەیە بۆ فراوانكردن و گەشەكردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان بەتایبەتی لەبواری وەبەرهێنان.