ساڵی رابردوو داهاتی ڤۆڵکس واگن 10 ملیار یۆرۆ بووە

ساڵی رابردوو داهاتی ڤۆڵکس واگن 10 ملیار یۆرۆ بووە




2021-02-04 15:40:39


کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن، گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبیل لە جیهاندا، راپۆرتی دارایی خۆی بۆ ساڵی 2020 بڵاوکردەوە و بەراورد بە ساڵی پێشتر داهاتێکی زۆری لەدەستداوە.

 

بەپێی راپۆرتەکە کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن لە ساڵی 2020دا 10 ملیار یۆرۆ قازانجی کردووە. بەڵام کۆمپانیاکە لە ساڵی 2019دا زیاتر لە 19 ملیار یۆرۆ قازانجی کردبوو. واتە داهاتی کۆمپانیاکە نزیکەی 50% کەمیکردووە.

 

کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن شکستی هێنا لە جێبەجێکردنی یاسا و رێساکانی پەیوەست بە کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان بەپێی ستانداردی ئەوروپا، بەوپێیەش ناچارە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ سزا بدات.

 

بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل بە گشتی تووشی زیانی گەورە هات. 

 

هەرچەندە داهاتی کۆمپانیاکە لە 2020دا بەراورد بە 2019 نیوە بووە.  سەڕەرای ئەوەش بەرزبوونەوەی فرۆشی کۆمپانیاکە لە چین لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 بووە هۆکاری ئەوەی کۆمپانیاکە نازناوی خۆی وەک گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی جیهان بپارێزێت.