ئابووریی ئەمریکا بەهۆی کۆرۆنا 3.5% پاشەکشەی کردووە

ئابووریی ئەمریکا بەهۆی کۆرۆنا 3.5% پاشەکشەی کردووە




2021-02-04 15:38:51


وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا رایگەیاند، گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە لە ساڵی 2020 بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، گەورەترین پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیوە کە لە 75 ساڵی رابردوو وێنەی نەبووە. 

 

ئابووری ئەمریکا گەورەترین ئابووریی جیهانە، لە ساڵی 2020 بە رێژەی 3.5%  پاشەکشەی کردووە کە لەساڵی 1946 ـەوە گەورەترین پاشەکشەی گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتەیە، ئەوەش بەهۆی داخستنی کۆمپانیا و بازاڕەکان و کەرتی پیشەسازییەوە بووە. بێکاربوونی بە کۆمەڵ لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوو لە ئەمریکا دەستیپێکرد، ئەوەش کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریەکەی بەجێهێشت. 

 

وەزارەتی کاری ئەو وڵاتە هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار فۆرمی داواکردنی بیمەی بێکارییان پڕکردووەتەوە.  

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دابینکردنی بودجەیەکی بۆ بەهاناوەچوونی ئابووری بە بڕی ترلیۆنێک و 900 ملیۆن دۆلار داوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا. 

 

برایان دیز، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووریی نیشتمانیی کۆشکی سپی دەڵێت ئەم ئامارانە "نیشانی دەدەن کە خاوبوونەوەیەکی بەرچاو لە بووژانەوەی ئابوورییەکەماندا روودەدات."

 

ئەوە بەرپرسەی کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر بەپەلە هەنگاو نەنێن، ئەوا گەڕانەوەی ئەمریکییەکان بۆ سەر کار و هەستانەوە سەرپێیان سەخت دەبێت. 

 

بەڵام ئابووریناسان ئاماژە بەوە دەکەن، وێڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ بووژانەوەی ئابووری، ئابووری ئەمریکا ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی تاوەکو ڤایرۆسەکە لەنێونەبرێت یانیش بەلایەنی کەمەوە جڵەوی دەگیرێتە دەست.  

 

نانسی ڤاندن هۆتن، مامۆستای ئابووریی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت "دابینکردنی پاکێجی زیاتری هاندانی ئابووری و دابەشکردنی فراوانتری ڤاکسین دەتوانن وا بکەن بازاڕی کار تا وەرزی بەهار ببوژێننەوە، بەڵام چاوەڕێدەکرێت داواکارییەکانی بیمەی بێکاری لەم ماوەیەدا وەکو خۆیان لە بەرزیدا بمێننەوە لەکاتێکدا کە پەتای کۆرۆنا بەردەوامە لە سنوردارکردنی جموجۆڵ و جۆری نوێی ڤایرۆسەکەش نیگەرانی زیاتری ناوەتەوە."

رووداو