پەرلەمانتار گوڵیزار رەشید سندی : لەپەرلەمانی كوردستان پشتگیری فرەچەشنكردنی ئابووری كوردستان دەكەین

پەرلەمانتار گوڵیزار رەشید سندی : لەپەرلەمانی كوردستان پشتگیری فرەچەشنكردنی ئابووری كوردستان دەكەین




2021-02-04 15:23:33


 

    فرەچەشنكردنی ئابووری و هەنگانان بەرەو راستكردنەوەی هەیكەلی ئابووری هەرێمی كوردستان بەیەكێك لەو سیاسەت و ستراتیژییەتە ئابوورییانە دادەنرێت، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بۆ ناوە، بۆ قسەكردن لەسەر گرنگی كەرتی پیشەسازیی بەتایبەتی پیشەسازیی خۆراكی بۆ بوژانەوەی ئابووری ؛  گۆڤاری (سامان) ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵ پەرلەمانتار گوڵیزار رەشید سندی جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سروشتیەكان و پیشەسازیی لەپەرلەمانی كوردستان ئەنجام دا .

  • ئێوە وەكو پەرلەمانی كوردستان چۆن دەڕواننە ئاراستەكردنی ئابووری بەرەو ئابوورییەكی هەمەچەشن و جۆراوجۆركردنی ئابووری بەتایبەتی لەم قۆناغە سەختەی ئابووری كە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت؟
  • ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان پاڵپشتی فرەچەشنكردنی ئابووری دەكەین ئەویش بەگۆڕینی هەیكەلی ئابووری هەرێمی كوردستان لە ئابوورییەكی ( تاك سەرچاوە)وە كە تەنیا پشت بەسێكتەری نەوتی خاو دەبەستێت بەرەو ئابوورییەك كە گرنگی بە سێكتەرەكانی ( پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار) بگرێتەوە و ببێتە بەشێكی دیكە لەسەرچاوەی داهات بۆ هەرێمی كوردستان. ئێمە پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەین كە هەیكەلی ئابووری هەرێمی كوردستان پێویستە راست بكرێتەوەو   هەنگاوەكانی چاكسازیی لەهەموو بوارو سێكتەرێكدا جێبەجێ بكرێت، رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهێڵە گشتیەكانی كارنامەكەیدا گرنگیەكی زۆری بەم بوارە داوەو بۆ هەر پارێزگایەك كۆگایەكی گەنم و ناوچەیەكی پیشەسازیی بۆی دادەنێت و بەكرداریش دەست بەم هەنگاوە نراوە . كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرچۆن ئیرادەی رووبەرووبوونەوەی چاكسازیی  هەیە،  هەرواش  لەم قۆناغە سەختەی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی دا هەنگاوەكانی هەڵسانەوەی ئابووری و فرەچەشنكردنی ئابووری دەست پێكردووە،  بۆ ئەوەی چیتر ئەوەندە پشت بەداهاتی نەوت نەبەستین بۆیە ئێمە پشتیوانی لەوە دەكەین كە بایەخ بەهەموو سێكتەرەكانی دیاری كراو وەكو ( بواری بیناسازیی و خانووبەرەو پیشەسازیی و كشتوكاڵ و گەشتیاری بدرێت هەرچەندە ئێمە لە  بەشێكی زۆری كەرتی خانووبەرە تێبینیمان لەسەری هەیە -  ئەوەی گرنگە لەلامان گرنگیدانی زیاترە بە سێكتەرەكانی پیشەسازیی و كشتوكاڵ چونكە لەو دوو سێكتەرە بوارو دەرفەتی بەدەستهێنانی هەزاران هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان و گەنجان بەگشتی هەیە، ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان پشتگیری فرەچەشنكردنی ئابووری كوردستان دەكەین. بەشێوەیەكی گشتی فرەچەشنكردنی ئابووری بەتایبەتی لەبواری پیشەسازیی خۆراكی و پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی پێویستی بەوە هەیە بەبەرنامەیەكی زانستی و رێكوپێك هەنگاوی بۆ بنرێت و ئێمەش وەكو پەرلەمانی كوردستان پاڵپشتی و پشتگیریی ئەو بەرنامەیە دەكەین.

 

  • هەماهەنگی و بەدواداچوونتان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لەچی ئاستێكدایە، ئایا ئێوە لەپەرلەمانی كوردستان ئاگاداری جێبەجێكردنی هەموو هەنگاوەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی بەردەم گەشەكردنی كەرتی پیشەسازین؟
  • ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان تێبینیمان لەسەر ئەوە هەیە كەوا یەكەم یاسای پەرەپێدانی پیشەسازیی كە وەزارەتی پیشەسازیی كاری پێدەكات یاسایەكی كۆنەو بۆ ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە ، كاتی خۆی درافتێك لەوەزارەتەوە چووەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ گۆڕانكاریی لەهەندێك بڕگەی ئەم یاسایە، بەتایبەتی كە ئەم یاسایە كۆنە  و هەندێك بڕگەی لەبەغدا نوێ كراوەتەوە و ئێستا كاری پێ ناكرێت ئەمە یەكێكە لەگرفتەكانی بەردەم وەزارەت . خۆ ئەگەر ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە گرفتەكانی رۆتین كە رێگرە لەبەردەم بەرەو پێشچوونی پیشەسازی بچووك و گەورە بەیەكجاری چارەسەر دەبێت . لەم روانگەیەوە ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان لەپێناو بەرەوپێشچوونی كەرتی پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان پاڵپشتی و پشتگیریی ئەم هەنگاوە دەكەین كە هاوكات پشتیوانیەكی باشە بۆ ئەو بەرنامەیەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە فرەچەشنكردنی ئابووری لەستراتیژییەت و ئامانجە سەرەكییەكانیدایە.

لەلایەكی دیكەوە یاسایەك 40 ساڵ لەمەوبەر دانرابێت هەرگیز بۆ قۆناغێكی پێشكەوتووی ئابووری نابێت كە دنیا بەرەو تەكنەلۆژیا هەنگاوی خێرا دەنێت و لەگەڵ سیستەمی نوێی جیهاندا ناگونجێت، دەبێت یاسا و رێنماییەكانی تایبەت بەكەرتی پیشەسازیی بەچەشنێك دابڕێژرێتەوە كە لەگەڵ ویستی سەردەم یەك بگرێتەوە، ئەوەی گرنگە ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان هەماهەنگی بكەین لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ئەو یاسایەی لەوەزارەتی پیشەسازییەوە نێردراوە بۆیان بهێنرێتە پەرلەمان تاوەكو لەپەرلەمان هەموار بكرێتەوە .

ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان پرۆژە پێشنیارێكی تایبەتمان بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی هەیە و گفتوگۆمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری كشتوكاڵ و وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی و نوێنەرانی كەرتی پیشەسازیی كردووە، بۆ ئەوەی لەهەرێمی كوردستان ببینە خاوەنی پرۆژە یاسایەكی لەم بوارە و بتوانین پاڵپشتی كارگەو پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆ بكەین، بەداخەوە لەكاتێكدا عێراق و هەرێمی كوردستان خاوەنی چەندین كارگەی گەورە بوون لە ئێستادا بەشی هەرە زۆری ئەو كارگانە راگیراون و نەماون.. من دڵنیام لەكۆتایی دا لەسەر پێی خۆمان دەوەستین و هەنگاوەكانی فرەچەشنكردنی ئابووریش قۆناغێكی باش دەبڕێت و چیتر پێویستیمان بەكەس نامێنێت.

بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێمە بێت كەرتی پیشەسازیی لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەبواری دامەزراندنی كارگەكان كەمێك هەڵكشانی بەخۆوە بینیوەو ئامارو داتاكان ئەوە دەردەخەن كەبەراورد بەساڵانی رابردوو زیادیكردووە ، بۆ نموونە ژمارەی كارگەكان تا 1ی تەموزی ئەمساڵ نزیكەی 35 كارگە زیادیكردووە و كۆی گشتی مۆڵەتی كارگەكان 5340 كارگەیە، هەروەها تا ئێستا 3900 كارگە كار دەكەن ، خۆ ئەگەر بەراوردێك لەگەڵ ساڵانی رابردوودا بكەین ئەو  راستیەمان بۆ دەردەكەوێت كە ژمارەی كارگەكان بەتایبەتی كارگەكانی بچووك و مامناوەندی زیاد بووە ، ئەمە وێڕای زیادبوونی 15 كارگەی گەورە وەكو كارگەكانی ( شیش و چیمەنتۆو ئاسن ) ، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان پێمان وایە دەبێت حكومەت پاڵپشتی زیاتری كارگەكان بكات بۆ ئەوەی بتوانن كێبركێی بەرهەمی كارگەكانی بیانی بكەن ، ئەم پاڵپشتیەش تەنیا بەهەماهەنگی نێوان وەزارەت و دەستەو دامەزراوە پەیوەندارەكان دەبێت ، جێگای دڵخۆشی یە دەستەیەكی تایبەت لەنێوان هەر سێ وەزارەتی پیشەسازی و شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان دروست كراوە بۆ ئەوەی ئاگایان لەیەكتر بێت .

  • بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە پێویستی بە بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێم هەیە، چونكە بەبێ بوونی ژێرخانێكی بەهێز تێچوونی بەرهەمهێنان زیاد دەبێت و بیزنسكارو وەبەرهێنانەرانیش ناتوانن كارگەكان دابمەزرێنن، ئایا ئامادەكارییەكان چین بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووری بونیات بنرێتەوەو ئابووری بەرەو هەمە چەشنكردن ببرێت؟
  • پاش ئەو كۆنفرانسە ڤیدیۆییەی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ( ئابووری كوردستان دوای كۆرۆنا ) ئەنجامی دا و جێگری وەزیری وزەی ئەمەریكاش بەشداری تێدا كرد ، دواتر لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە راگەیەنرا كە نزیكەی 1055 پرۆژەی هەمەچەشنیان هەیە بۆ ساڵی 2020 ، لەو ژمارە پرۆژەیەش 461 پرۆژەیان پەیوەندی بەپرسی پیشەسازییەوە هەیە، ئەمە گرنگیەكی رادەبەدەری هەیە بۆ ناوبانگی هەرێمەكەو راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی و بەگەڕخستنی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی گرنگ ئەوەیە سەرجەم پرۆژە راگەیەنراوەكان ببنە فاكتەرێك بۆ بوژانەوەی پیشەسازیی  لەمەش گرنگتر هاوسەنگی لەدابەشكردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەپێی دابەشكردنی جوگرافیایی  هەبێت و شوێنە دوورە دەستەكان لەقەزاو ناحیەكان بكرێتەوە .
  • ئەمە پێویستی بە پلان و بەرنامە نابێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بەئاراستەیەكی راست و دروست ببرێت و هانی بیزنسكاران و وەبەرهێنان بدرێت روو بكەنە ئەو بوارو كەرتانەی كە هەرێمەكە پێویستێتی؟
  • سەرەتا دەبێت پلان و بەرنامەی وەبەرهێنان لەكەرتی پیشەسازیی بگۆڕێت، دواتر بوژانەوەی كەرتی پیشەسازیی پێویستی بە پاڵپشتی و پشتیوانی حكومەت هەیە ، پێداویستیەكانی پیشەسازیی هاوچەرخ لەكوردستان دابین بكرێت ، كە هاوشانی هاوسەنگ راگرتنی نێوان هاوردەو هەناردە كەرتی پیشەسازیی بەرەو پێشەوە ببرێت ، منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام كە دەبێت گۆڕانكاریی لە یاسا و پلان و بەرنامەكان هەبێت بەپێی ئەو ستراتیژییەتە بێت كە مەبەستمانە، كارەكە لەم بارودۆخەدا كەمێك قورسە چونكە پێویستە حكومەت بودجەیەكی تایبەت بۆ پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازیی تەرخان بكات و لەبودجەی 2021 ی كوردستان ، هەروەها بۆ پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازیی گرنگە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بكرێت تا بەشە بودجەی تایبەت كە لەلایەن ئاژانسە نێودەوڵەتیەكانەوە بۆ كەرتی پیشەسازیی و كشتوكاڵ تەرخان دەكرێت بدرێتە هەرێمی كوردستانیش .

 

  • لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەی كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق  و نزیكبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند  ئومێدێك دروست بوو بەوەی هەردوو لا بتوانن تەكامولێكی ئابووری لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا دروست بێت؛ ئایا بەبۆچوونی بەڕێزت لەساڵی 2021 دا  ئەو تەكامولە ئابوورییە دروست دەبێت؟

 

  • گرنگە پەیوەندییەكی ئابووری بەهێز جێگای ئەو ململانێ سیاسی یە بكرێتەوە كە لەنێوخۆی عێراق لەلایەك و لەگەڵ كوردستان لەلایەكی دیكەوە دروست بووە ، بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر  بۆ هەردوو لا بەسوود دەبێت، نەك هەمووان بكەوینە ناو قەیرانێكی سەختی ئابووری و ناچار وڵات بەقەرز بەڕێوەببەین، هەرچۆنێك بێت زۆرجار قەیرانەكان سوودی هەیە بەوەی ئێمە هزرو بیرمان بخەینە ئیش بۆ ئەوەی ئەو نەزیفە ئابوورییە رابگرین كە لەكەرتی بازرگانی دا هەیە و وەرچەرخان لەئابوورییەكەمان دروست بكەین و ئەوەندە پشت بەداهاتی ناسەقامگیری نەوت نەبەستین ،  دەبێت ئێمە بەدوو ئاراستە هەنگاو بنێین لەلایەك كار بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا بنێین . لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لەچوارچێوەی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجەی 2021 ی عێراق بگەنە رێككەوتنێكی هاوبەش و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان زامن بكرێت و ناكرێت هەڵەكانی رێكەوتنی 2019 لەبارەی بودجەوە دووبارە بكرێتەوە ، ئێمە وەكو پەرلەمان چاودێری گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەین، نابێت بودجە بەتەنیا ببێتە خاڵی هاوبەش و یەكلاكەرەوەی تەكامولی ئابووری نێوان هەردوو لا، دەبێت ئابووری عێراق و كوردستان گەورەتر بێت لە پرسی موچە و دارایی دەبێت لەدەرەوەی پرسە سیاسی و داراییەكانیش خاڵی هاوبەش و یەكلاكەرەوەی تەكامولی ئابووری نێوان ئابووری عێراق و كوردستان دروست بێت و لەسەرجەم سێكتەرەكان رەنگ بداتەوە  تاوەكو لەو قەیرانە داراییە رەنگ بداتەوە بۆ ئەوەی لەقەیرانی دارایی دەربازمان بێت.
  • چی بكرێت بۆ ئەوەی هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكانی كوردستان لەكۆمپانیاكانی كەرتی پیشەسازیی زامن كەین بەتایبەتی كە زۆر وەبەرهێنەری بیانی هەیە پشت بەدەستی دەرەكی دەبەستن بۆ كاركردن؟ 
  • گرنكە جكومەت پرۆژەی نموونەیی پێشكەش بكات بۆ سەرجەم سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی ، ئەم نموونانە بداتە دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان و بێكارەكان ، دەكرێت ئەم پرۆژانە حكومەت خۆی سەرپەرشتی بكات و داهاتیش بۆ حكومەت بگەڕێتەوە بۆ نموونە ( حكومەت زەوی تەرخان بكات و بودجەی تایبەت بدات بۆ ئەوەی لەو سێكتەرانە دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان بەهەرەوەزی كاری تێدا بكەن ، هەروەها لەرێگەی قەرزی بچووك هانی دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان بدات پرۆژەی بچووك جێبەجێ بكەن ، ئەم ئەزموونە لەوڵاتی توركیا و ئەوروپا تاقیكراوەتەوە و سەركەوتنی بەدەستهێنان بەتایبەتی لەكەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار.

 

 

مانشێت :

  • یاسای پەرەپێدانی پیشەسازیی كە وەزارەتی پیشەسازیی كاری پێدەكات یاسایەكی كۆنەو بۆ ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە
  • بۆ پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازیی گرنگە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بكرێت تا بەشە بودجەی تایبەت كە لەلایەن ئاژانسە نێودەوڵەتیەكانەوە بۆ كەرتی پیشەسازیی و كشتوكاڵ تەرخان دەكرێت بدرێتە هەرێمی كوردستانیش .
  • زۆرجار قەیرانەكان سوودی هەیە بەوەی ئێمە هزرو بیرمان بخەینە ئیش بۆ ئەوەی ئەو نەزیفە ئابوورییە رابگرین كە لەكەرتی بازرگانی دا هەیە و وەرچەرخان لەئابوورییەكەمان دروست بكەین و ئەوەندە پشت بەداهاتی ناسەقامگیری نەوت نەبەستین.
  • گرنكە جكومەت پرۆژەی نموونەیی پێشكەش بكات بۆ سەرجەم سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی ، ئەم نموونانە بداتە دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان و بێكارەكان.