
2021-01-26 16:43:38
رێکخراوی کاری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ساڵی رابردوو بە جیهاندا بڵاوبووەوە، بووەتە هۆکاری لەناوبردنی ملیۆنەها هەلی کارکردن لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار لە میانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان راپۆرتی خۆی لەسەر کاریگەرییەکانی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، ئەو پەتایە ساڵی رابردوو (کۆڤید - 19) بووەتە هۆکاری لەناوچوونی 8.8٪ـی هەلەکانی کارکردن کە یەکسانە بە لەدەستچوونی 250 ملیۆن هەلی کار.
گای رایدەر، سەرۆکی رێکخراوەکە رایگەیاند، ژمارەی هەلەکانی کارکردن کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2020 دا لە دەستچوون چوار هێندە زیاترە لە ژمارەی ئەو هەلانەی کارکردن کە لە کاتی قەیرانی دارایی ساڵی 2009 لەدەستچوون.
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی چین سەری هەڵدا و لە مانگی ئازار بووە وەکو پەتایەکی جیهانی ناسێندرا، تاوەکو ئێستا بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 2 ملیۆن کەس لە جیهاندا و زیانی گەورەی بە ئابووریی جیهان گەیاندووە.
گای رایدەر، ئاماژە بەوە دەکات، ئەمە گەورەترین قەیرانە رووبەڕووی جیهانی کار بووەتەوە لەوەتەی گرانیی گەورە کە لە ساڵی 1930 جیهانی گرتەوە.
رایدەر باسی لەوەشکرد، نزیکەی 81 ملیۆن کەسی دیکە خۆیان وەکو بێکار تۆمار نەکردووە، بەڵام وازیان لە کارەکانیان هێناوە.
لەگەڵ پەسندکردنی چەند ڤاکسینێکی کۆرۆنا لە جیهان و بەکارهێنانیان، گەشبینییەک بۆ بووژانەوەی ئابووری دروستبووە، بەڵام رایدەر هۆشداری دەدات لەوەی هەنگاوەکانی گەڕانەوەی بازاڕی کار بۆ دۆخی جارانی لە ئەمساڵدا "خاون".
ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا گیانی ژمارەیەکی زۆری ئەمریکییەکانی نەسەندووەتەوە، بەڵکو هەلی کارێکی زۆریشیان لەدەستچووە، تەنیا هەفتەی رابردوو ملیۆنێک و 300 هەزار کەس فۆڕمی بێکارییان لە ئەو وڵاتە پڕکردووەتەوە کە لەسەردەمی کۆرۆنادا کارەکانیان لەدەستداوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکاش بڕیاریداوە، هاوکاریی کەسانی هەژار بکات و خۆراکیان پێبدرێت. بە وەزارەتی گەنجینەی گوتووە کە ئەو 600 دۆلارەی لە کۆنگرێس بڕیاری لێدراوە، دڵنیا ببنەوە کە دەگاتە هەموو خێزانە هەژارەکان.