
2021-01-21 13:09:05
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند، بڕیاری قەدەخەكردنی هاوردەكردنی گۆشتى مریشكی بەستوو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە چوارشەممەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ مۆڵەت دەدرێتە کڕیارەکان مریشکەکانیان هاوردەبکەن و دوای ئەو وادەیە هاوردەکردنی قەدەخە دەکرێت.
حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپشتبەستن بەو دەسەڵاتەی بە وەزارەتی كشتوكاڵ دراوە بۆ رێگەدان و قەدەخەكردنی هاوردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و بەگوێرەی نوسراوی ئەنجوومەنی وەزیران/ لیژنەی كاروباری ئابووری، لە رۆژی چوارشەممە 20-1-2021 بڕیاری قەدەخەكردنی هاوردەكردنی گۆشتی مریشك لەسەرجەم دەروازە سنوورییەكان جێبەجێدەكرێت".
بەگوتەی حەمید نایف، قەدەخەكردنی هاوردەكردنی گۆشتی مریشك، پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆییە و دەڵێت "بڕیارەكە 40 رۆژی بۆ هاوردەكاران دیاریكردووه، كە پێشتر رەزامەندیی هاوردەكردنیان وەرگرتبوو بۆ ئەوەی ئەو بەشەی ماوە هاوردەی بكەن".
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەشڵێت " داوا لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان، ئاسایشی نیشتمانی، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێكخراو و گومرگەكان دەكەین، لە رۆژی 1-3-2021 بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و پابەندبن بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە، لەپێناو پاڵپشتیكردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ."
بە ئامانجی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و هاوكاریكردنی جووتیاران، وەزارەتی كشتوكاڵى عێراق تاوەكو ئێستا هاوردەكردنی زیاتر لە 24 ماددەی قەدەخەكردووە، كە 20 ماددەیان بەرهەمی كشتوكاڵییە و 4 یشیان بەرهەمی ئاژەڵییە لەوانە هێلكە، مریشكی زیندوو، مریشكی بەستوو و ماسی بەستوو".