ئۆپێک: ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات

ئۆپێک: ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات




2021-01-19 16:54:20


رێکخراوی ئۆپێک نوێترین پێشبینییەکانی خۆی بۆ قەبارەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو بڵاوکردەوە و بەپێی داتاکانی ئەو رێکخراوە، قەبارەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ساڵی 2021دا رۆژانە 5 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل زیاد دەکات و بەرزدەبێتەوە بۆ 95 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل.

پێشبینییەکانی رێکخراوی ئۆپێک بۆ قەبارەی خواست بۆ نەوتی خاو بەراورد بە پێشبینییەکانی مانگی رابردووی رێکخراوەکە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بەوپێیەی رێکخراوەکە هیوادارە کە بووژانەوەی ئابووریی جیهان بەتایبەتی لە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ژیان ئاسایی ببێتەوە، خەڵک زیاتر سووتەمەنی بەکاربهێنن.

سەرەڕای ئەوەش شرۆڤەکارانی نەوت نیگەرانی خۆیان دەڕبڕیوە کە شەپۆلی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەوروپا  و ئەمریکا دەتوانێت بەرزبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو و نرخی نەوت بوەستێنێت.

هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکاندا لە 57 دۆلارەوە دابەزی بۆ نزیکەی 55 دۆلار.

دانیەل یارگین گەورە شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری "ئای ئێچ ئێس مارکێت" لەو بارەیەوە رایگەیاند ئەگەر ڤاکسینەکانی دژە کۆرۆنا پێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەر نەبن، ئەوا دووبارە خواست بۆ نەوتی خاو کەمدەبێتەوە کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

سەرەڕای ئەوەش یارگین جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە گشتی نرخەکانی نەوت روویان لە بەرزبوونەوەیە بەتایبەتی ئەگەر هاتوو ئەندامانی هاوپەیمانی ئۆپێک پلەس پابەندبن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان.

لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان ئەندامانی ئۆپێک و بەرهەمهێنەرانی نەوتی دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک، کە لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو کرا، ئەو وڵاتانە رێککەوتن لە مانگی یەکی ئەمساڵدا خستنەڕووی نەوت رۆژانە 500 هەزار بەرمیل زیاد بکەن.

بەڵام بۆ مانگی داهاتوو، هەندێک لە بەرهەمهێنەرانی نەوت پێیانوایە بازاڕی نەوت بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات و پێویستە لە مانگی داهاتوودا رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە زیاتر بخرێنەڕوو.

رووداو