دوبەی دەرگاکانی بەڕووی گەشتیاراندا دەکاتەوە

دوبەی دەرگاکانی بەڕووی گەشتیاراندا دەکاتەوە




2021-01-19 16:51:13


لە کاتێکدا هێشتا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهاندا و لە دوبەی بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات، کەچی دوبەی دەرگاکانی خۆی بەڕووی گەشتیاراندا دەکاتەوە.

هەرچەندە پۆشینی ماسک و رەچاوکردنی خاڵە تەندروستییەکان لە دوبەی بە ناچاری کراوە و گەشتیاران دەبێت پابەند بن بەو خاڵانەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی دوبەی دەرگای مۆڵ، هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکانیان بەڕووی گەشتیاران و کەسانی بیانیدا کردەوە.

ڤیدیۆی کەسە بەناوبانگەکان و وەرزشوانان و ئەستێرەکانی سینەما لەکاتی بەسەربردنی کاتەکانی پشووی خۆیان لە دوبەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵابووەتەوە و ئەو وڵاتە هەوڵدەدات خۆی وەک وڵاتێک کە خۆری لێنابڕێت و بەردەوام خۆر بە ئاسمانەوەیە پێشانی گەشتیاران دەدات.

بەپێی ئامارەکانی گومرگی دوبەی رۆژانە سێ هەزار کەس سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە شارەزایانی بواری تەندروستی هۆشدارییان داوە کە کرانەوەی لەرادەبەدەری دوبەی مەترسی دروستدەکات لەسەر تووشبوونی زیاتری خەڵک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەپێی ئامارەکانی وۆڵدۆمیتەر تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوبەی گەیشتووەتە 253 هەزار کەس، هەروەها 745 کەسیش بەهۆی پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

پەتای کۆرۆنا زیانێکی زۆری لە ئابووریی دوبەی داوە، لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ستاندارد ئاند پورز کۆمەڵێک زانیاریی لەبارەی دۆخی ئابووریی دوبەی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، قەبارەی قەرزە گشتییەکانی دوبەی لە ساڵی 2020دا 79 ملیار دۆلارن، کە 77%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆییە، ئەوە لە کاتێکدایە کە قەبارەی قەرزەکان لەساڵی 2019دا 61٪ بووە، جگە لەوەی کۆی قەرزەکان بە قەرزە گشتییەکان و ئەو دامەزراوانەی کە پەیوەندیدارن بە دامەزراوە حکومییەکان گەیشتوونەتە 148%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی.

هۆکاری سەرەکی هەڵکشانی قەرزەکانیش بۆ داکشانی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەگەر دوبەی لەلایەن ئەبوزەبییەوە پاڵپشتیی دارایی بکرێت، ئەوا رەنگە بە هاتنی ساڵی 2023 بگەڕێتەوە دۆخی ساڵی 2019.

دوبەی کە ژمارەی دانیشتووانەکەی سێ ملیۆن و 331 هەزار کەسە، بەزۆری پشتی بە کرێکاری بیانی بەستووە و 90%ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئێستا بیانین، پێشبینیدەکرێت، بەهۆی سستبوونی ئابوورییەوە ژمارەیەکی زۆر کرێکاری بیانی ئەو وڵاتە جێبهێڵن. وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی بیانییەکان هانبدەن لە وڵاتەکەیاندا بمێننەوە، رێوشوێن و هەلومەرجەکانی پێدانی مافی نیشتەجێبوونیان ئاسانترکردووە.