2021-01-17 15:00:28
بارودۆخی جوگرافیا و سروشتی هەرێم وەها ڕەخساوە كەئێجگار دەوڵمەندە بەجۆرەها دەرامەتە سروشتیەكانی وەكو جۆراوجۆری پێكهاتەی بەرزی و نزمی و ڕەوشی ئاووهەوای جۆراوجۆرو خاكی بەپیت و دەرامەتی ئاوی سازگارو جۆراوجۆری سامانی رووەكی و ئاژەڵ و باڵندەی كێوی و زۆری دەرامەتە كانزاییەكان، هەموو ئەمانە وایكردووە كەدەتوانرێت ئابووریەكی بەهێز لەسەر بنەمای پلانی بوژاندنەوەی تەواوی سێكتەرە ئابووریەكان دابرێژین، بەڵام ئەمە پێویستی بەدڵسۆزی و ئیرادەیەكی بەهێزو پلانێكی تۆكمەو ستراتیژی گرنگ هەیە، بەو مەرجەی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەهەریەك لەسێكتەرە ئابووریەكان نەبنە رێگرو پێچەوانەی یەكتر، بەڵكو هەماهەنگ و تەواوكەری یەكتر بن بۆ بەرەو پێش بردنی ڕەوشی ئابووری هەرێم.
پەرەپێدانی بواری كشتوكاڵ بەبنچینەی بوژاندنەوەی سێكتەرە ئابوریەكان دادەنرێت، لەم ڕووەشەوە هەرێمی كوردستان مێژینە و باگراوندێكی كشتوكاڵی سەركەوتووی هەیە و هەر لەدێر زەمانەوە كاری كشتوكاڵی تێدا ئەنجامدراوە، خاك و ئاوو هەوای هەرێمی كوردستان ئەوەندە بایەخ و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە كەبتوانین جۆرەها بەرهەمی كشتوكاڵی و رووەكی لەوڵاتەكەمان بچێنین و جۆرەها سامانی ئاژەڵی بەخێو بكەین، ئەمەش وادەكات كەبەرهەم و كەرەستەی خاوی كشتوكاڵیمان زیاد بكات و بەمەش دەتوانین بەرهەم و پێداویستیە خۆراكیە كشتوكاڵیەكانمان دابین بكەین و لەهەمان كاتیش كەرەستەی خاوی پیشەسازی بۆ زۆرێك لەكارگە و دامەزراوە پیشەسازیە خۆراكی و پۆشاكیەكان دابین بكەین ئەمەش وادەكات كەسێكتەری پیەسازیش ببوژێنینەوەو لەئەنجامیشدا هەموو ئەم بەرهەمە خۆماڵیە كشتوكاڵی و پیشەسازیانە كەزیادەن لەپڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆ دەچنە بواری بازرگانی دەرەكی و سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگی پارەی نەختینەمان بۆ دەستەبەر دەكەن.
لەڕووی بەرهەمی سروشتی (كیوی) شەوە بەهۆی جۆراوجۆری پێكهاتەی بەرزی و نزمی و ڕەوشی ئاووهەواو دەرامەتی ئاو لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان وایكردووە جگە لەبوونی جۆرەها دەرامەتە كانزاییە گران بەهاكان جۆرەها ڕووەكی سروشتی و گوڵ و گوڵزارو ئاژەڵ و باڵندەی كێوی لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان گەشە بكەن، هەموو ئەمانەش سەرچاوەیەكی كەرەستەی خاوی سروشتی بۆ وڵاتەكەمان دەستەبەر دەكەن دەكرێت كە لەبواری پیشەسازی سودیان لێ ببینین بەتایبەتی لەپیشەسازیەكانی خۆراك و دەرمان و ڕستن و چنین و جوانكاری و چەندین بواری تر، ئەمەش وادەكات بەرهەمی پیشەسازی خۆماڵی لەناوچەكەمان بەرەوپێش بچێت و بەشێك لەپێداویستیەكانی ناوخۆمان پڕ بكاتەوە. هەروەها لەبواری گەتوگوزاریشەوە بەهۆی دەوڵەمەندی ناوچەكەمان بەجۆرەها بنەمای سروشتی جوان و سەرنج ڕاكێشی وەكو زنجیرە شاخی سەخت و بەرز رووبار و چەم و تاڤگەو كانی و سەرچاوە و گۆماوی سروشتی و دارستانی سرووشتی و بوونی جۆرەها درەخت و رووەك و باڵندەو ئاژەڵی كێوی وایكردووە كەبتوانرێت وەبەرهێنان لەبواری گەشتوگوزار بەگشتی و جۆرە تازەكانی بواری گەشتیاری بكرێت، كە لەكاتی ئێستاماندا بۆتە سەرچاوەیەكی داهاتی ئابووری جیهانی و ژمارەیەكی ئێجگار زۆری وڵاتانی جیهان گرنگی بەم لایەنە گرنگە دەدەن، بەتایبەتی بەمەبەستی ئەنجامدانی جۆرەها چالاكی خلیسكانی سەربەفرو سەركێشی لێخوڕینی ئوتومبێل لەسەر بەفرو هەڵگەران بەسەر شاخ و مەلەوانی و رۆیشتن بەناو دارستان و رووبارو دۆڵ و چیاكان و شۆربوونەوە لەناو ئەشكەوتەكان و چاودێری كردنی ئاژەڵ و باڵندە كێویەكان، بویە حكومەتی هەرێم دەتوانێت لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەتەوە كاری لەسەر بكات و ئەم لایەنە گرنگە لەماوەیەكی نزیكدا وەبەربهێنیت و ببێت بەسەرچاوەیەكی داهاتی ئابووری وڵاتەكەمان، بۆیە بەمەبەستی پەرەپێدان و بوژانەوەی بواری ئابوری لەهەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەتەوە دەتوانێت چەند هەنگاوێكی گرنگ بهاوێژێت لەوانە :
- ئەنجامدانی رووپێوێكی سەرتاسەری زانستی تەندروست كەتێیدا زانیاری وورد لەسەر تەواوی سێكتەرە ئابوریەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزارو گواستنەوەو ڕێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی تێدا بێت، بۆ ئەوەی لەژێر ڕۆنایی ئەم ڕووپێوەدا پلانێكی ستراتیژی ئابوری هەمە لایەنە دابڕێژرێت.
- داڕشتنی پلانێكی ستراتیژی ئابوری هەمە لایەنە كەگشت سێكتەرە ئابوریەكان لەخۆ بگرێت بەپشت بەستن بەئەزموونی وڵاتە پێشكەوتووەكان و كەسانی پسپۆڕو شارەزا و داتاو ئامار و توێژینەوە زانستیەكان و بەسوود وەرگرتن تەكنیك و پێداویستیەكانی تەكنەلۆژیای نوێ بۆ ئەوەی ئامانجە سەرەكیەكانی پلانەكە بهێنێتە دی.
- گەیاندنی خزمەتگوزاری پێویستی وەكو ڕێگاوبان و ئاوو كارەبا و نەخۆشخانەو پەروەردەو بۆ تەواوی ناوچەكانی هەرێم بەتایبەتی دێهات و ناوچە شاخاویە دوورە دەستەكان، بۆ ئەوەی پاڵپشتێك بێت بۆ جێ بەجێكردنی پلانە ستراتیژیەكە.
- ئاسانكاری كردن بۆ هاندان و راكێشانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان لەسێكتەرە جیاجیاكانی ئابوری هەرێم، بەتایبەتی لەكاتی ئێستادا كەناوچەكەمان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بۆتەوە.
- كارا كردنی رۆڵی دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دەزگا زانستی و ئەكادیمیەكان بەمەبەستی هۆشیار كردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بەپەرەپێدانی ڕەوشی ئابوری و بەرز كردنەوەی داهاتی ئابووری ناوچەكەمان لەلایەك و ناساندن و خستنەڕووی مێژوو و جوگرافیاو كەلتوورو شارستانیەتی ناوچەكەمان بە بەجیهانی دەرەوە لەلایەكی ترەوە .
- ئەكتیڤ كردنی بریارو ڕێنماییەكی تایبەت بەپاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و مافی بەكاربەر بڕیارەكانی تایبەت بەخاڵە گومرگیەكان و سنوردار كردنی هاووردە كردنی بەروبومی بیانی و هاندانی بەروبومی ناوەخۆو هەموار كردنەوەی هەموو ئەو یاساو رێنماییە كۆنانە كە لەگەڵ رەوشی ئێستای پەرەپێدانی ئابوری وڵاتەكەمان ناگونجین.
- هاندان و ئاسانكاری كردن بۆ جوتیاران و پیشەوەران و خاوەن كارگە و شوێنە گەشتیاریەكان لەرێگەی پێدانی زەوی و پاڵپشتی كردن و هاوكاری دارایی و دووبارە ئەكتیڤ كردنەوەی سندوقی قەرزی كشتوكاڵی و پیشەسازی و دابینكردنی خزمەتگوزاری گشتی و پیداویستی و ئامرازەكانی كاركردن بۆیان.
- هاندانی بەرهەمی ناوخۆو بەرز كردنەوەی داهاتی جوتیاران و پیشەوەران و خاوەن دامەزراوە پیشەسازیە خۆماڵیەكان لەڕێگەی كاركردن بەبڕیاری پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پابەند بوون بەسیستمی كوالیتی كۆنتڕۆڵ لەخاڵە سنوریەكان و زیاد كردنی باجی گومرگی لەسەر بەروبومی هاووردە بۆ ئەوەی نەتوانێت كێبركێی بەروبومی خۆماڵی بكات.
- دامەزراندنی كارگەو پیشەسازی خۆماڵی لەنزیك كەرەستەی خاوە كشتوكاڵی و ئاژەڵی و سروشتی و كانزایەكان، ئەمەش وادەكات كەتێچوونی بەرهەم هێنان كەم بكاتەوەو داهاتی ناوخۆ زیاد بكات و لەهەمان كاتیش هەلی كاركردن بۆ ژمارەیەك زۆر لەكرێكارانی خۆماڵی بڕەخسێنێت.
فەتاح حەسەن قەڵاتی
ماستەر لەجوگرافیای سروشتی