كاریگەرە سیاسیەكان بەسەر كەرتی ئابووریدا

كاریگەرە سیاسیەكان بەسەر كەرتی ئابووریدا




2021-01-17 14:56:26



   
ئەگەرچی ئابوور و سیاسەت دوو جەمسەری پێكەوە بەستراوی سەرەكی وڵاتانن و پارێزەری یەكترن، بەڵام هەمیشە سیاسەت سەركێش و رێبەری ئاراستەكانی كەرتی ئابووری بووە، هێزی كەرتی ئابووری دەكرێت بە ئەستۆنی سەرەكی هێزی سیاسەتی وڵاتان دابنرێت بەڵام سیاسەت سەركردەی تەواوی كەرتەكانی وڵاتە بەئابوورەوەو گەر لایەنی سیاسی وڵاتێك ڕووخاو و شكستی خوارد ئەستەمە ئابوورەكەیشی تۆشی هەلوەران و ڕووخان نەبێت. 
 وڵاتانی كۆمونیستی وەكو چین و ڕوسیا پێداچوونەوەیەكی گەورەیان بە سیاسەتی ئیشتراكی خۆیان كرد ئەوجا هەناسەیان لە سیستەمی سەرمایەداری وڵاتانی رۆژئاوایی وەرگرت و نتوانیان كەرتی ئابووری خۆیان بەرەو پێش ببەن و بەهێز بكەن.
مەترسییەكی گەورە لەوێ‌ دەست پێدەكان ئەگەر سەركردە سیاسیەكان تەنها لە زوومی دونیا بینیەكانی ئابووریناسەكاندا لە ئایندەی وڵاتەكانیان تەماشا بكەن، بۆیە بۆ ئابووریناسانیش گرنگەو سەركەوتووتر دەبن ئەگەر سەریان لە نیازو كارەكانی سیاسەتمەدارەكان دەربچێت.    
 یەكێك لەو پرسیارە باوانەی لەلایەن زۆرترین خەڵكی ئەم وڵاتەوە  بەردەوام دەورژێندرێت ئەوەیە كە ئایا بۆچی لەم 29 ساڵەی پێشودا حكومەتی هەرێم گرنگی بە بەرهەمە نێوخۆییەكان نەداوەو زۆرترین فۆكسیان لەسەر كەرتی نەوت و ڕاكێشانی كۆمپانییاو سەرمایەدارانی بێگانە بوو بۆ نێو هەرێمی كوردستان؟، ئایا سەركردایەتی كوردستان نەیانزانیوە كە گرنگیدان بە كەرتەكانی كشتۆكاڵ و پیشەسازی و گەشت و گۆزار هەم بۆ ژیانی تاكی وڵات گرنگەو هەمیش هێز بەكەرتی ئابووری حكومەت دەدات؟!.
لە سەد ساڵی پێشوودا هەرگیز هەلێكی وا بۆ كورد نەڕەخسا بوو كە وەكو هەموو وڵاتانی جیهان خاوەن لوبی سیاسی و ئابووری خۆی بێت تاكو لەتەنگانەو ژێر فشارە سیاسی و ئەمنییەكانی دوژمنە نەتەوەكەیدا وەكو كارت بەكاری بهێنێت، لاوازی و نەبوونی ئەم كارتە گرنگانەی كە وڵاتان بەبێ‌ بۆنیان هەرگیز ناتوانن بەهێز بن، فاكتەرێك بووە كە سەركردایەتی (ڕاستەقینەی) كوردستان بیر لە دروست كردنی بكات، هەر بۆیە كابینە یەك لەدوا یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستان دروست كردنی ئەو لۆبیە بۆ نمونە ڕاكێشانی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جیهان لە وڵاتی توركیاو گرێبەستی پەنجا ساڵەش لە گەڵ ئەو وڵاتەیان واژوو كردو هەموو هەولێكیدا كە زۆرترین سەرمایەدار و كۆمپانیایەكانی جیهان بەگشتی و بەتایبەتی وڵاتی توركیا كە دراوسێیەكی بەهێز و ستراتیژی هەرێمی كوردستانە بهێننە هەرێمی كوردستان و ئەگەر بەزیانێكی زۆری ئابووریش بێت بەڵام وەكو لوبیەكی بەهێز بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنی سیاسەتی هەرێمی كوردستان لوبی دروست بكەن، ئەگەر مەنتقیش بیر بكەینەوە لەم چەند ساڵانەدا ئەوە بەزەقی دیار بووە كە توركیا لەسەر مافە نەتەوەییەكانی كورد بەراورد بە دەیەكانی پێشوو زۆر سازشی بۆ هەرێمی كوردستان كردووە بەتایبەت لە پرۆسەی رێفراندومی ساڵی 2017ـەی هەرێمی كوردستان ئەمە زەقتر دیار بوو. هەرێمی كوردستان و نەتەوەیی كورد خاوەن نەیارێكی زۆرەو هەمیشە پلانی مەترسیدار بۆ لەنێو بردنی ئەم وڵاتە دارێژراون و دادەرێژرێن، حكومەتی هەرێم ئەو ڕاستیەی دەزانی كە مادەم خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی نییە، ئەگەر بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی وڵاتان لە نێو كوردستاندا بەهێز نەكات زۆر ئەستەمە خۆی ڕابگرێت. ئەگەر بەرهەمی بەروبومە كشتوكاڵییەكان، بەرهەمە پیشەسازییەكانی ولاتانی جیهان لە كوردستان نەفرۆشرێن، كومپانییایەكانی ولاتانی جیهان بەتایبەت توركیاو ئێران نەیێنە كوردستان و سودەند نەبن، هەرزانی نەوتی كوردستان سەرنج و عەشقی ئابووری وڵاتانی زلهێز ئاراستەی خۆی نەكات، خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ گەشت و گۆزار ملیونان دۆلار بە حكومەت و كۆمپانیاو شوێنە گەشت و گۆزارییەكانی توركیا نەبەخشن، ئەستەمە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی توركیا هەرێمێكی نادەوڵەتی (بێ‌ قازانجی ئابووری بۆ خۆی) قبۆڵ بكات و لەدژی مەوەستێت. بۆیە كورد ئابووری بۆ سەركەوتنی سیاسەتەكانی نەتەوەكەی و پاراستنی خەلكی كوردستان بەكار هێناوە، خەڵكی كوردستان هەموو جۆرە باجێكی داوەو پێویستە ئەمەش قبوڵ بكات كە باجی ئابووریش هاوشانی باجی خوێن دان و وێرانی بوونی سەدان سالەی وڵاتە كە دەیدات و تاكو كوردستانیش وەكو وڵاتانی دیكە نەبێتە خاوەن سەروەری دەوڵەتی تایبەت بەخۆی، هەرگیز بێ‌ باجێكی گەورە ناتوانێت خۆی ڕاگرێت، بۆیە پێویستە بۆ سەربەخۆیی بۆنی ئابووری و ئەمنی و سیاسی...تاد، كورد لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی بەردەوام بیت كە تاكە زامنی بەختەوەری هەمەلایەنەی مللەتانە.
كامى كمال