ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا: لەسەرانسەری كوردستاندا دەستمان بەچاكسازیی لە ژێرخانی كارەبا كردووەو ئەم وێستگەیەش لەم چوارچێوەیەدا دێت

ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا: لەسەرانسەری كوردستاندا دەستمان بەچاكسازیی لە ژێرخانی كارەبا كردووەو ئەم وێستگەیەش لەم چوارچێوەیەدا دێت




2021-01-17 14:52:35



   مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمەراسیمێكدا وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی كردەوە، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردوو كۆمپانیای كۆریای باشور posco  و knoc جێبەجێ كراوە ، توانای بەرهەمهێنانی ئەم وێستگەیە 300 مێگاوات كارەبایە كە لە10%ی كارەبای لەتۆڕی گشتی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم زیاد دەكات، لە مەراسیمی كردنەوەی وێستگەكەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:( ئەم وێستگەیە لەخەباتە بەڵام بەرهەمەكەی بۆ هەموو كوردستانە ، ئێمە گرنگی بەژێرخانێكی پتەو دەدەین لەكەرتی كارەبا بۆیە هەر لەسەرەتاوە گرنگیەكی زۆرمان بەبەرهەمهێنانی كارەبا داوە)، لەتەوەرێكی قسەكانیدا جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان داو لەم بارەیەوە تەئكیدی لەسەر بەردەوام بوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان كردەوە؛ كە سەرەڕای دۆخی نالەبارو سەختی كوردستان ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر پێشكەشكردنی ئەم پرۆژە خزمەتگوزارییانە، هەروەها داوای لەوەزارەتی كارەباش كرد لەماوەیەكی نزیكدا چارەسەری گونجاو بدۆزنەوە بۆ بەهەمیشە دانی كارەبا بۆ هەموو هاوڵاتیان لەسەر ئاستی هەموو كوردستان). 
ئەم پرۆژەیە بەشێوەیەكی زۆر مۆدێرن دروستكراوە
ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سەبارەت بەگرنگی پرۆژەكە بە گۆڤاری سامانی وت: ( لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان وەزارەتی كارەبا چەندین پڕۆژەی پێشكەش كردووە، بەخۆشحاڵییەوە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر 90% دراوە و بەشێكیان كەوتوونەتە واری جێبەجێكردنەوە، ئەم وێستگەیەی ھەڵمی 300 مێگاواتی كارەبای خەباتیش دەچێتە ناو ئەم چوارچێوەیەوە، وێستگەكە لە دوو یەكە  پێكھاتووە و ھەر یەكەیەك 150 مێگاوات كارەبا بەرھەم دەھێنێت و به‌ نه‌وتی ره‌ش كار ده‌كات و به‌ بۆری راسته‌وخۆ لە پاڵاوتگەی كارەوە گه‌یه‌نراوه‌ته‌ وێستگه‌كه‌ و سووته‌مه‌نی به‌ تانكه‌ر ناگوازرێته‌وه‌ و لەكاتی گواستنەوەی سوتەمەنییەكەی نابێتەهۆی دروستبوونی قەڵەباڵخی لەسەر رێگاوبانەكان، بەئیشپێكردنی پرۆژەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات کارەبای هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 10% زیاد دەكات و كاتژمێرو نیوێك بۆ دوو كاتژمێر ماوەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەبێت، ئەم پرۆژەیە بەشێوەیەكی زۆر مۆدێرن دروستكراوە كە بە ھیچ شێوەیەك زیانی بۆ ژینگە و دەوروبەر ناگەیەنێت ، راستە  وێستگەكە لە خەبات دروستكراوە، بەڵام ھەموو ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان لێی سوودمەند دەبن). 
وێستگەیەك دۆستی ژینگە 
وێستگەیە بەزیاتر لە نیوملیار دۆلاری ئەمەریكی دروستكراوەو بەیەكێك لەگرنگترین وێستگەكان دادەنرێت لەرووی ئەو تەكنەلۆژیا مۆدێلەی تێیدا بەكار هاتووە، ئەمە وێڕای ئەوەی تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبای بەراورد بە تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبای وێستگە غازییەكان زۆر كەمترە، چونكە بەوزەی ئاو كار دەكات و سەرچاوەكەی لەنزیك خۆیەتی كە زێی گەورەیە و بە نەوتی رەش بەپلەیەكی گەرمی تایبەت و پەستانی تایبەت گەرم دەكرێت و تۆرباینەكانی ئیشپێ دەكرێت بەمەش سەرچاوەی وێستگەی 300 مێگاواتی خەبات نەوتی رەشی قورسە لە پاڵاوتگەی كارو ئاوی زێی گەورەیە كە وزەی هەڵمی دەگۆڕدرێت بۆ وزەی میكانیكی ، پرۆژەكە بەیەكەمین پرۆژەی لەمشێوەیە دادەنرێت لە عێراقدا ئەوەی لەعێراق هەیە مۆدێرێكی زۆر كۆن و كەم تواناترە، گرنگی ئەم وێستگەیە لەوەدایە كە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان و رێنمایی و مەرجە تەندروستیەكان دۆستی ژینگەیەو پاشماوەكەی كەمترین زیانی بۆ ژینگەو مرۆڤ هەیە، هەروەها تەمەنی ئەمجۆرە وێستگانە لەسەرووی 30 ساڵەو دوای ئەوەش دەتوانرێت سیانەو نوێ بكرێتەوە ، گرنگیەكی دیكەی وێستگەكە هەڵبژاردنی شوێنی وێستگەكەیە كە نزیكە لەسەرچاوەی نەوتی رەشی پاڵاوتگەی كارو سەرچاوەی ئاوەكەشی لە زێی گەورەوەیە بە هێڵی 132 كەڤی پاڵەپەستۆی بەرز بەستراوەتەوەو سوودێكی زۆری بۆ چارەسەركردنی كێشەی ڤۆڵتیەو گواستنەوەی وزەی كارەبا هەیە بۆ تەواوی پارێزگاو ناوچەكانی كوردستان ، پرۆژەكە تێچوونی زۆرە بەڵام تێچوونی بەرهەمهێنانی زۆر كەمە و لەسەرەتای دروستبوونی پرۆژەكەدا زیاتر لە 3500 كارمەندو ئەندازیارو كرێكار كاری تێدا كردووەو لەئێستادا تیمێكی 150 كەسی لە شارەزایان و ئەندازیارانی كۆریای باشورو ئەندازیاران و كرێكارانی ناوخۆ كاری تێدا دەكەن . هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا گرنگیەكی زۆری بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی سوتەمەنی غازی سروشتی و گازوایل هەیە كە لەئێستادا هەرێمی كوردستان لەتوانیادا هەیە6600 مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنێت بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی یەوە تەنیا 2800 بۆ 3000 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت.