2021-01-10 14:59:01
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان - فاو رایدەگەیێنێت، لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوودا نرخی خۆراک بۆ 7 مانگی یەک لە دوای یەک بەرزبووەتەوە. بەگشتیش لە ساڵەکەدا 3.1٪ بەرزبووەتەوە.
بەپێی رێکخراوی فاو، جگە لە نرخی شەکر، نرخی کاڵا و ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان هەموویان بەرزبوونەتەوە.
پێنوێنی نرخی خۆراک کە مانگانە لەلایەن رێکخراوی فاوەوە بڵاودەکرێتەوە لە مانگی 12 دا بەرزبووەتەوە بۆ 107.5 ئەوە لە کاتێکدایە کە مانگێک پێش ئەوە پێنوێنی نرخی خۆراک 105.2 بووە.
پێنوێنی نرخی خۆراکی رێکخراوی فاو بریتییە لە تێکڕای نرخی دانەوێڵە، رۆن، شیرەمەنی، گۆشت و شەکر کە بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوەکە بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە 7 مانگی رابردوودا.
ئامارەکانی رێکخراوی فاو سەرنجراکێشن بەوپێیەی ئاشکرای دەکەن کە تێکڕای نرخی خۆراک لە ساڵی 2020 دا 97.9 بووە کە بەراورد بە ساڵی 2019 بە رێژەی 3.1٪ زیادیکردووە.
سەرەڕای ئەوەش فاو دەڵێت، نرخی خۆراک لە ساڵی 2020 دا هێشتا بەراورد بە ساڵی 2011 بە رێژەی 25٪ کەمترە کە لەوکاتەدا نرخەکان گەیشتبوونە لووتکە.