خەدیجە عومەر مزوری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان: زۆر گرنگە كە حكومەت هاوتەریب لەگەڵ خەرجیەكانیدا چاكسازیی لەداهاتەكانیشیدا بكات

خەدیجە عومەر مزوری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان: زۆر گرنگە كە حكومەت هاوتەریب لەگەڵ خەرجیەكانیدا چاكسازیی لەداهاتەكانیشیدا بكات




2021-01-10 14:53:18


 

ئابووری هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی سەخت و نالەباری ئابووری دایە، كۆرۆنا و لێكەوتەكانی و قەیرانی دارایی و ئابووری ئەوە دەخوازن چاوخشاندنەوەیەك بە داهات و خەرجیەكان دا بكرێت، ئەمە ئەركی هەرسێ دەسەڵاتەكەی (سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت)ە پێكەوە كار بۆ فەراهەمكردنی كەش و ژینگەیەكی سەقامگیر و رەوشێكی ئابووری جێگیر بكەن، بۆ ئەوەی لەلایەك رێگری لە گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی سامانی گشتی بكرێت، لەلایەكی دیكەوە حكومەت داهاتەكانی خۆی رێك بخاتەوە. بۆ ئەوەی بەهێز بێت لەبەردەم هەرەشەو تەحەددا ئابوورییەكان.. لەم دیدارەدا كە گۆڤاری سامان ئلەگەڵ خەدیجە عومەر مزوری ئەندامی لێژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان ئەنجامی دا جەخت لەسەر ئەو رێوشوێنانە كرایەوە كە پێویستە لەقۆناغی داهاتوودا بگیرێتەبەر بۆ دەربازبوون لەم واقیعە ئابوورییە سەختە.

سەبارەت بە راگرتنی گەندەڵی و بەدیهاتنی بنەماكانی دادپەروەریی پەرلەمانتار خەدیجە عومەر وتی:( بۆ رێگرتن لەزیاتر تەشەنەكردنی گەندەڵی و بەدیهاتنی بنەماكانی دادپەروەری ئەنجامدانی چاكسازیی گرنگە، لەهەرێمی كوردستان پرۆسەی چاكسازیی دەستی پێكردووە و یەكەم هەنگاو لە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازیی بوو لە ( موچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی و لێكخستنەوەی زۆر بواری دیكەی تایبەت بەخەرجیەكان..)  ، ئەم بابەتە بۆ رێكخستنەوەی خەرجیەكان و نادادپەوەریی نێوان موچە و دەرماڵەكان گرنگە لەكاتێكدا كە لە 80%ی داهاتی حكومەت بۆ موچەخۆران تەرخان دەكرێت، كە بەراورد بەهەموو وڵاتانی جیهان و بەپێی هەموو پێوەرەكان خەرجیەكی یەكجار زۆرە، راستە لەهەموو پرۆسەیەكی چاكسازیی دا رەخنە یاخود نارەزایەتی لێدەكەوێتە بەتایبەتی لەلایەن هەندێك كەسانی سوودمەند بەشێوەی نایاسایی، نابێت ئەوەش لەیاد بكەین كە كەس و لایەنی زۆر هەن كە بەم شێوە نایاساییە سەروەت و سامانێكی زۆریان كۆكردۆتەوە و ئێستا سەرمایەداری گەورەن، هەرچۆنێك بێت چاكسازیی تەنیا لەبواری كەرتی گشتی ناكرێت بەڵكو ئەوەتا زۆر وەبەرهێنەر هەبوو كە پرۆژەكانیان دەست پێ نەكردووە زەوییەكانیان لێ سەندراوەتەوە تەنانەت چیتر رێگا نادرێت لەبەهەدەردانی زەوی و سامانی گشتی ئەمەش گرنگە بۆ سەرەتای راستكردنەوەی رەوشی ئابووری لەهەرێمی كوردستان، بە رێكخستنەوەی خەرجیەكان و كەمكردنەوەیان داهاتێكی باش بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و حكومەت دەتوانێت بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو باشتر بواری دارایی خۆی رێكبخاتەوە بۆیە گرنگە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت ئەوانەی كە بەشدارن لەحكومەت و لەپەرلەمان دەنگیان بەیاسای چاكسازیی داوە دوور لەموزایەدە هاوكارین بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی.

 

ئەم پەرلەمانتارە پێی وابوو زۆر گرنگە هاوتەریب لەگەڵ چاكسازییەكان لەبواری خەرجیەكاندا چاكسازیی لەبواری داهاتەكانیشدا بكرێت لەمبارەیەوە وتی:( بێگومان زۆر گرنگە كە حكومەت هاوتەریب لەگەڵ خەرجیەكانیدا چاكسازیی لەداهاتەكانیشیدا بكات بەتایبەت لەدەروازەو خاڵە سنوورییەكان كە سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتن بۆ حكومەت، هەروەها رێكخستنەوەی باج و گومرگ كە دەبێت حكومەت كاری بەردەوامی لەسەر بكات. ئەگەر حكومەت داهاتەكانی روون و دیار بێت ئەمە لەژێر رۆشنایی ئەم داهاتە دەتوانێت خەرجییەكانی رێك بخات و تاڕادەیەكی باش كۆنترۆڵی كورتهێنانی بودجەی خۆی بكات. لێرەدا دەمەوێت جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی یاساكان بكەمەوە، چونكە یەكێك لەو هۆكارانەی  دەبێتە هۆی دروست بوونی گەندەڵی نەبوونی یاسا یاخود خۆدزینەوەیە لە جێبەجێكردنی یاساكاندا، بۆیە یەكەم هەنگاو لە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی رێگریكردن لەبەهەدەردانی سامانی گشتی جێبەجێكردنی یاساو سەپاندنی سزایە بەسەر گەندەڵگاراندا، دەبێت گرنگی بەگەشەسەندنی سیستەمی یاسایی بدرێت و دەسەڵاتی دادوەریش رۆڵێكی كارای هەبێت لەسەپاندنی حوكمی یاساكان دا).

سەبارەت بە كۆرۆناو لێكەوتەكانی لەسەر سێكتەرە ئابوورییەكان و جێبەجێكردنی چاكسازییەكان ئەم پەرلەمانتارە وتی : ( بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتە خراپ و مەترسیدارەكانی لەرووی ئابوورییەوە لەهەموو جیهاندا هەرێمی كوردستانیش وەكو بەشێك لەم جیهانە لەرووی ئابووری و سیاسی و ئەمنی یەوە بەهۆی هەڕەشەی وڵاتانی دەوروبەر لەبارێكی سەخت و نالەباردایە ، بۆیە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی و رێكخستنەوەی داهات و خەرجیەكان كارێكی هەروا ئاسان نابێت بەتایبەتی كە لەناوخۆش زۆر كەس و لایەن بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان كۆسپ و تەگەرەی زۆر لەبەردەم ئەم چاكسازیی و گۆڕانكارییە ئابوورییانە دروست دەكەن، هەرچۆنێك بێت چاكسازیی پرۆسەیەكی بەردەوامەو نابێت پەلەی تێدا بكرێت، گرنگ ئەوەیە بەردەوام بێت و بەشێوەیەكی زانستی و رێكوپێك و واقیعبینانە ئەنجام بدرێت و سەرجەم كەرت و سێكتەرەكان بەشێوەیەكی فراوان بگرێتەوە.