نەتەوەیەکگرتووەکان: لە 2020 وەبەرهێنانی بیانی 40٪ پاشەکشەدەکات

نەتەوەیەکگرتووەکان: لە 2020 وەبەرهێنانی بیانی 40٪ پاشەکشەدەکات




2020-06-25 14:49:47


راپۆرتێکی نوێی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات وەبەرهێنانی بیانی بەهۆی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەیەکی پێوانەیی دادەبەزێت بەشێوەیەک تەنیا لە ساڵی 2020، بەرێژەی 40٪ و لە ساڵی 2021یش پاشەکشەکە لەنێوان 5٪ بۆ 10٪ ی دیکە دەبێت.

 

ئاژانسی بازرگانی و پەرەپێدانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە UNCTAD، لە توێژینەوەیەکدا پێشبینیدەکات بۆ جاری یەکەم لەدوای ساڵی 2005 کۆی وەبەرهێنانی بیانی دادەبەزێت بۆ خوار تریلیۆنێک دۆلار لەکاتێکدا لە ساڵی 2019 پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهای وەبەرهێنانی بیانی تریلیۆنێک و 54 ملیار دۆلار بوو.

 

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە پاشەکشەی وەبەرهێنانی بیانی لە ساڵانی 2020 و 2021 بەردەوام دەبێت و لە ساڵی 2022 ش گەشەی وەبەرهێنانی بیانی لەسەرخۆ دەبێت.

 

ئامارەکانی پەیوەست بە وەبەرهێنانی بیانی پیشانیدەدن پاشەکشەکە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین دووهێندە دەبێت، لە وڵاتە گەشەکردووەکانی ئاسیا رێژەی پاشەکشەکە لەنێوان 30٪ بۆ 45٪ و لە وڵاتانی ئەفریقاش 25٪ بۆ 40٪ دەبێت، هاوکات وڵاتانی پیشەسازیش بەدەرنین لە پاشەکشەی راستەوخۆی وەبەرهێنان و بەتێکڕا لەو وڵاتانە 25٪ بۆ 40٪ دادەبەزێت. 

 

موخیسا کیتویی، سکرتێری گشتی ئاژانسی بازرگانی و پەرەپێدانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان پێیوایە رەوشی ئابووری جیهان ئێستا زۆر لە سەردەمی قەیرانی دارایی 2008 خراپترە. هەروەها دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەهۆی وەستانی بەرهەمهێنان و زنجیرەی دابینکردن لە زۆربەی کەرتە ئابوورییەکان، کەمبوونەوەی چالاکی لە کەرتی پیشەسازی و شۆکی بێوێنەی بەکاربردن.

 

پێشتر نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندبوو هەر دوو ساڵی 2020 و 2021 بۆ ئابووری جیهان شۆکهێنەرن و بە تێکڕا 8.5 تریلیۆن دۆلار زیان بە ئابووری وڵاتان دەگات ئەوەش هەموو ئەو قەرەبووەی لە چوار ساڵی رابردوودا ئابووریی جیهان لە قەیرانی دارایی ساڵی 2008 و 2009 بەدەستی هێنابوو، لەنێودەچێتەوە.

 

نەتەوەیەکگرتووەکان پێیوایە شەڕی ڤایرۆسی کۆرۆنا درێژخایەنە و تێچوویەکی زۆریشی دەوێت، لەهەمانکاتدا ساڕێژبوونەوەی زیانە ئابوورییەکان لەسەرخۆ دەبێت. 

 

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەیرانێکی سەختی بۆ تەواوی کەرتە ئابوورییەکان دروستکردووە. لەکاتێکدا رۆژانە ژمارەی تووشبووان بە پەتاکە زیاددەبێت و رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ڤایرۆسەکەی بە پەتایەکی جیهانی ناساندووە، بازاڕە داراییەکان و ئابووری جیهان کەوتووەتە ژێر کاریگەری ڤایرۆسەکە.

 

سندووقی نێودەوڵەتی دراو، ئای ئێم ئێف، ئاماژەی بەوەداوە بەهۆی کاریگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئابووری جیهان چووەتە نێو قۆناخی سستبوون کە زۆر لە قەیرانی دارایی ساڵی 2008 خراپترە و قەیرانی ئابووری ساڵی 2020یش، قەیرانێکی زۆر قووڵ دەبێت.

 

رووداو