سعودیە سندووقێکی چوار ملیار دۆلاری بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاریی دادەمەزرێنێت

سعودیە سندووقێکی چوار ملیار دۆلاری بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاریی دادەمەزرێنێت




2020-06-25 14:44:54


وەزارەتی گەشتوگوزاری سعودیە سندووقێکی گەشتیاریی بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار دادەمەزرێنێت و سەرمایەی سەرەتایی ئەو سندووقەش چوار ملیار دۆلار دەبێت.

 

ئەحمەد خەتیب، وەزیری گەشتوگوزاری سعودیە رایگەیاند، ئەو سندووقە لەگەڵ بانکەکان و کەرتی تایبەت کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی لە سعودیە.

 

خەتیب دامەزراندنی ئەو سندووقە بەتایبەتی لەم کاتەدا کە بەهۆی کۆرۆناوە کەرتی گەشتیاریی رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، بە یارمەتیدەر دەزانێت بۆ بووژانەوەی گەشتیاریی لەو وڵاتە.

 

یەکێک لەو کەرتانەی کە سعودیە بەنیازە پەرەی پێبدات و دووربێتەوە لە داهاتی نەوت لە چوارچێوەی روئیای 2030 ئەو وڵاتە، کەرتی گەشتیارییە.

 

سعودیە ساڵی رابردوو بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاریی سیستەمی پێدانی ڤیزای بۆ هاووڵاتیانی بیانی ئاسانکرد. لە ستراتیژی 2030 سعودیە دانراوە کە بەرێژەی سەدا 10 کەرتی گەشتیاری بەشداربێت لە دەستەبەرکردنی داهات بۆ ئەو وڵاتە.

 

پەیمانگەی کۆڕبەندی گەشتیاریی جیهان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، زیانی کەرتی گەشتیاریی لە جیهاندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکۆتایی ئەمساڵدا بەرزدەبێتەوە بۆ 1 تریلیۆن دۆلار. زیاتر لە 50 ملیۆن کەس کە لە جیهاندا لە کەرتی گەشتیاریی کاردەکەن، کارەکانیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەدەستداوە.

 

بوڵووت باگچی، بەڕێوەبەری ئەو پەیمانگەیە رایگەیاند، 70٪ی گەشتە ئاسمانییەکان لە جیهاندا وەستاون زیانی فڕۆکەوانی لەبەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تاوەکو دێت زیاتر کەڵەکە دەبێ، داهاتی گەشتیاریی لە جیهاندا ساڵانە 1.7 تریلیۆن دۆلار بووەو تاوەکو مانگی پێنجی ئەمساڵ بەتەنیا 600 ملیار دۆلار لەو داهاتە لەنێوچووە.

رووداو