سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان دەخاتەڕوو

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان دەخاتەڕوو




2020-06-25 14:42:23


سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، ئابووری جیهان ئەمساڵ 4.9% پاشەكشە دەکات، بەڵام ئەگەری هەیە گۆڕانکاری بەسەر پێشبینییەکانیاندا بێت و دەڵێ، لە گەری روودانی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا، گەشەی ئابووریی جیهان زیاتر دادەبەزێت، بەڵام ئەگەر بێتو پێشکەوتنی بەرچاو لەڕووی تەندرووستییەوە سەبارەت بە دۆزینەوەی ڤاکسین رووبدات یان چالاکییە بازرگانییەکان دەستپێبکەنەوە، پێشبینیی بەرزبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان دەکەن.

 

ناوەڕاستی مانگی نیسان سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان هەڵگەڕاندەوە و رایگەیاند، گەشەی ئابووریی جیهان 3% پاشەکشە دەکات، کە ئەمەش گەورەترین پاشەکشەی ئابووری بوو لەدوای ساڵی 1930؛ لە راپۆرتی پێشووتریشیدا کە لە مانگی کانوونی دووەم بڵاویکردبووەوە، پێشبینیی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان لەمساڵدا بە 3.3% جێگیرکردبوو.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیران، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو راپۆرتێکی نوێی لەبارەی گەشەی ئابووری بڵاوکردەوە کە بەراورد بە راپۆرتی پێشووی رەشبینیی زیاتری پێوە دیارە. ئەو ئاژانسە رایگەیاندووە، سەرەڕای پاشەکشەی ئابووری لەمساڵدا بە رێژەی 4.9%، هاوکات لە ساڵی 2021یش گەشەکردنی ئابووریی جیهان تەنیا 5.4% دەبێت، لەکاتیكدا لە پێشبینییەکانی راپۆرتی پێشوویدا بە 5.8% خەمڵاندبووی. 

 

پێشتر سندووقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشداریی دابوو لە پاشەکشەی ئابووری، هاوشێوەی پاشەکشە ئابوورییەکەی ساڵی 1930 کە ماوەی 12 ساڵی خایاند، ئەوەی رەشبینیی زیاتری لەبارەی گەشەی ئابووری دروستکردووە کەمبوونەوەی دابەزینی ئاستی دابینکارییە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ، هەروەها کەمبوونەوەی خواست لەسەر کەلوپەل و پێداویستی بەهۆی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی گەشەی ئابوورییە.

 

ئەو وڵاتانەی هەوڵی جددی دەدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ درێژدەکەنەوە، گەڕانەوەی گەشەی ئابووری بۆ وڵاتەکەنیان بەپێی پێشبینییەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، درێژخایەن دەبێت.

 

سەبارەت بە بەکاربردن، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەڵێت، چالاکییە ئابوورییەکان لە زۆربەی کەرتەکان دادەبەزن، هۆکاری ئەمەش رێکارەکان و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتین، لە ئەنجامی ئەمەش شۆکێک لە بەکاربردن روودەدات.

 

راپۆرتەکەی IMF باس لەوەش دەکات، بە بەردەوامی کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوزەرانی خەڵک بەرەو خراپی دەچێت و دەرفەتەکانی کار زەحمەت دەبن و نادادپەروەری پەرە دەسێنێت.

رووداو