دكتۆر محمد شوكری:-    كار بۆ فرەجەشنكردنی ئابووری و بوژانەوەی كەرتی بەرهەمهێنان دەكەین 

دكتۆر محمد شوكری:-    كار بۆ فرەجەشنكردنی ئابووری و بوژانەوەی كەرتی بەرهەمهێنان دەكەین 




2020-06-24 13:00:27



  وەبەرهێنان رۆڵی گرنگی هەیە لە بوژانەوەی ئابووری و بونیاتنانی ژێرخانی هەرێم، لەهەرێمی كوردستانیشدا دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان وەكو دامەزراوەیەكی گرنگی ئابووری پێگەیەكی گرنگی هەیە لە پێشخستنی كەرتی تایبەت و بەهێزكردنی كۆڵەكەكانی ئابووری، دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان وەنەبێت تەنیا پەیوەندی بەكەرتی تایبەت و وەبەرهێن و بزنسەوە هەبێت، بەڵكو پەیوەندی بە ژیان و بژێوی سەرجەم تاكەكانی ناو كۆمەڵگاوە هەیە، بەرنامەو كاری چوار ساڵی داهاتووی ئەم دامەزراوە گرنگەی حكومەت و چۆنیەتی رێكخستن و هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان و ئاراستەكردنی وەبەرهێنان و چاودێری و بەدواداچوونی پرۆژەكان و چەندین پرسی دیكەی هەنووكەیی تەوەریی سەرەكی دیداری گۆڤاری ( سامان ) بوو لەگەڵ دكتۆر محمد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان. 
•    لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لەچەندین تەوەرەو بڕگەدا باسی  وەبەرهێنان و پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و بونیاتنانی ئابووری كراوە، پرسیار ئەوەیە بەڕێزتان وەكو سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان چۆن دەڕواننە واقیعی كەرتی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان دا؟
-    رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەو كارنامەكەیدا كە لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان خوێندیەوە ئەوەمان بۆ روون بووەوە كە بەڕێزیان و كابینە وەزارییەكەی بەجیددی كار بۆ بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری و گەشەكردنی هەرێمەكە دەكەن و باشكردنی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان بووەتە ئامانج و مەبەستی سەرەكی بەرنامەی كابینەكەی. لەم پێناوەشدا گۆڕانكاریی جیددی و چاكسازیی فراوان لەسەرجەم سێكتەرەكاندا بەتایبەتی سێكتەرە ئابوورییەكان ئەنجام دەدرێت، رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاڵپشتیەكمان دەكات لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیان و سەركەوتنی كارنامەكەی ، كەرتی وەبەرهێنانیش رۆڵ و پێگەی خۆی لەناو ئەم پرۆسەیەدا هەیە، لەم پێناوەشدا ئێمە دەستمان بەكار كردووە و سەرەتا هەنگاومان بەرەو پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی  یاسای وەبەرهێنان كردووە كە لەساڵی 2006 دەرچووە، ئەمەش بەمەبەستی گونجاندنی لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی ئابووری كوردستان و گۆڕانكارییە خێرا و بەردەوامەكانی جیهان دا، تەنانەت دووبارە چاوخشاندنەوە بەهەیكەلی دەستەی وەبەرهێنانیشدا دەكەین تاوەكو لەگەڵ بارودۆخەكەی ئەمڕۆ و خواست و ویستەكانی هاوڵاتیانی كوردستان بگونجێت، هەموومان دەزانین خەڵكی كوردستان چیان دەوێت و خواست و ویستەكانیان چی یە لەبەرامبەریشدا چین و توێژەكانی دیكە ئەوەی پەیوەندی بەئێمەوە هەبێت وەبەرهێنەرانە ئەوانیش دەزانین چیان دەوێت، ئەركی ئێمەیە دەستەكەمان و وەبەرهێنەرانیش لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیان و ئابووری كوردستاندا وەرچەرخێنین، بەتایبەتی وەرچەرخانێك كە وەڵامی داخوازی هاوڵاتیانی كوردستان بێت و لەلایەكی دیكەشەوە ئابووری هەرێمەكە بونیات بنێت و بوژانەوە لەسەرجەم سێكتەرەكاندا رووبدات.

•    پێت وایە لەم كابینەیەدا دەرفەت لەبەردەم بوژانەوەی كەرتی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان هەیە؟
-    ئەو ئیرادە بەهێزە لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە كە بۆ بوژانەوەو گۆڕانكاریی و چاكسازیی پێویستمانە، ئەمڕۆ دەرفەتێكی زێڕین بۆ هەمووان هاتۆتە پێش بۆ ئەوەی بەتەواوەتی قەیرانی دارایی تێپەڕێنین و چارەسەری هەموو كێشەكان بكەین،  بێگومان ئەمەش پێویستی بەرنامەو پلان و كاری نوێ هەیە، چونكە لەتەنیشت دەرفەتەكان ئاستەنگ و بەربەستەكانیش بوونیان هەیە بەتایبەتی لەم واقیعەی هەرێمی كوردستاندا كە شوێنەوارە كەڵەكەبووەكانی سیاسی و ئابووری بەسەر هەرێمەكەوە زۆر كاریگەرو توند بووە، تەنانەت تەحەدییەكانی بەردەم كابینەكە هەر لە كەمكردنەوەی شوێنەواری قەیرانە دارایی و ئابوورییەكەی هەرێمی كوردستان تاوەكو رووبەرووبوونەوەی تەحەدییەكانی بەردەم پێشكەوتن و بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و ناسەقامگیری لەناوچەكەدا ئەمانە هەمووی  ئەوەمان پێ دەڵێن پێویستە بەخێرایی هەنگاو بنێین بەڵام بەبەرنامەو كاری دیراسەتكراو، هەر لە یاساكان و چاوخشاندنەوە بە رێنماییەكانەوە تاوەكو بونیاتنانی ژێرخانی هەرێمەكەو بەرزكردنەوەی كوالێتی خزمەتگوزارییەكان و رەخساندنی دادپەروەرانەی هەلی كار بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی، ئێمە لەئێستادا تەنیا كاری راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی ناكەین بەڵكو لەهەوڵی فرەجەشنكردنی ئابووری و ئاراستەكردنی كەرتی تایبەتین بەرەو ئەو كەرتانەی بەرهەمهێنن و هەلی كار بۆ گەنجەكانمان دەرەخسێنێت،  لەلایەكی ترەوە دەستەكەمان سەرقاڵی دامەزراندنی سندوقی وەبەرهێنانە، لەبواری كەرتی خانووبەرەشدا راستە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان توانیوێتی 130 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان كوردستان دابین بكات بەڵام قەیران و تەحەدییەكانی بەردەم ئابووری و حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی لە پرۆژەكان راگرت، لەمەدا بەهاوكاری لێژنەیەكی پسپۆرو پەیوەندار سەرقاڵی ڕێكخستن و دەركردنی رێنمایی تازەیەن بۆ ئەوەی مافی هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران و بەڵێندەرانیش  بپارێزرێت.
•    دەكرێت زیاتر فرەجەشنكردنی ئابووریمان بۆ روون بكەیتەوە بەتایبەتی لەبواری وەبەرهێنانی ناوخۆ و بیانی، ئایا لەم پێناوەدا دەستەكەتان هەنگاوی دەست پراكتیكی ناوە؟
-    هەرێمی كوردستان بەوە ناسراوە كە ژینگەیەكی لەباری بۆ گەشەكردنی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزاریی هەیە، خاوەنی ئاوو هەوای چوار وەرزە و خاكی بەپیت و رووبارو زێی زۆرە، لەرووی پیشەسازییەوە دەوڵەمەندە بە نەوت و غازی سروشتی و كانزاكاریی، ئەمە وێڕای ئەوەی كوردستان ناسراوە بەناوچەی خۆش و دڵڕفێنی شاخ و شوێنە گەشتیارییەكانی، لەم روانگەیەوە ئەركی دەستەكەی ئێمەیە بەهەماهەنگی و پاڵپشتی وەزارەتە پەیوەندارەكان دەرفەتی یەكسان و دادپەروەرانە بڕەخسێنین لەسەرجەم بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتیاریی  دا، كاریش دەكەین بۆ لابردنی  هەموو ئەو كۆسپ و ئاستەنگانەی كە لەبەردەم پرۆژەكانی وەبەرهێنان هەبووە، لەم پێناوەشدا دەستەی وەبەرهێنان كارئاسانی و یارمەتی و هاوكارییەكی باشی پێشكەشی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی كردووە، جگە لەرەزامەندی زەوی و پاڵپشتیكردن و كەمكردنەوەی رۆتین و دڵنیابوون و بەخشینەكانی باج و گومرگ حكومەتی هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی گونجاوی بۆ وەبەرهێنان رەخساندووە، سەقامگیری سیاسی و ئارامی و بوونی كۆمەڵگەیەكی ئاشتیخواز هەمووی ژێرخانێكی باشن بۆ راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی ، لەناوخۆشدا سەرەتای دەركەوتنی گەورە كۆمپانیاكانی نیشتمانی دەركەوتووەو تەنیا رێكخستنی ماوە. لەماوەی رابردوودا دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە 930 پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەرجەم سێكتەرەكانی ئابووری بەسەرمایەی 52 ملیار دۆلار داوە ، ئەمەش بەڵگەیە بەپێشكەوتنی كوردستان لەسەرجەم بوارەكانی ( پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری و نیشتەجێبوون و پەروەردەو خوێندنی باڵا و تەندروستی و بازرگانی و خزمەتگوزاریی و داراییە و تادوایی ..)  بۆ نموونە پێش دامەزراندنی دەستەكەمان ساڵانە لەكوردستان تەنیا 300 هەزار تەن چیمەنتۆ بەرهەم هاتووە ئێستا بووەتە 12 ملیۆن تەن، كارەبا لەچەند 100 مێگاواتێكی هەردوو وێستگەی هایدرۆپاوەری بەنداوی دوكان و دەربەندیخانەوە بەرەو سەرووی 3500مێگاوات كارەبا چووەو كە ئەگەر سوتەمەنی هەبێت و سەرجەم یەكەكانی بەرهەمهێنان بەگەڕ بخرێت لەتوانادایە 6800 مێگاوات  كارەبا بەرهەم بهێنرێت، لە2006 لە 95%ی ئاوی كانزا لەدەرەوە دەهێنرا ئێستا لە 95%ی لەناوخۆی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، ئەمە وێڕای دەیان زانكۆی ناحكومی و نەخۆشخانەو كارگەی ئاسن وهۆتێل و  بەرهەمی دیكەی جۆراوجۆر و هێنانی چەندین براندی جیهانی لەكەرتی گەشتیاریی و دەیان سۆپەرماركێت و مۆڵ و ریستۆرانت كە هەلی كاری بۆ دەیان هەزار گەنجی كوردستان دابین كردووە. 
•    پیشەسازیكاران و وەبەرهێنەرانی كوردستان بەردەوام گلەیی و گازندەیان هەیە بەوەی زۆر بڕیار و راسپاردە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەردەچێت كەموكورتی تێدایە یاخود زیان بە گەشەی كەرتەكە دەگەیەنێت، ئایا ئێوە لەبەرنامەتاندایە هەماهەنگیەك لەنێوان هاوڵاتی و حكومەت و كەرتی تایبەت دروست بكەن؟ 
-    سەرەڕای دەستكەوتەكان لەساڵانی رابردوودا كەموكورتیش هەبووە، كاری ئێمەشە كار بۆ نەهێشتنی كەموكورتی و هەڵەكان بكەین، رۆژانە رێنمایی و راسپاردەی نوێ دەردەكەین لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و باشكردنی كارو رێكخستنەوەی كاری كۆمپانیا و بەڵێندەرەكان كە لەبواری وەبەرهێنان كار دەكەن ، بێگومان هاوڵاتیان گلەیی و رەخنەیان لە وەبەرهێنەران هەبووەو وەبەرهێنەرانیش لە یاساكان و رێنماییەكانی حكومەت و لاوازی و خراپی خزمەتگوزارییەكانی ئاوو كارەبا و شەقام و رێگاوبانەكان، هەرچۆن حكومەتیش گلەیی و رەخنەی لە پابەندنەبوونی زۆر لەوەبەرهێنەران بە رێنمایی و مەرجەكانی گرێبەست و رێكەوتنەكانەوە هەبووە، دروستكردنی ئەڵقەیەك بۆ كۆكردنەوەی هەر سێ لایەن كاری ئێمەیە بە مەرجێك لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی دا بێت، مادام هەموومان( هاوڵاتی و حكومەت و وەبەرهێنەران) بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتی و ئابووری كوردستان كار دەكەین، بۆیە دەبێت بووێرانە ئاماژە بەكەموكورتیەكان بدەین، ئەمڕۆ وەبەرهێنەران و پیاوانی كار هاوكار و یارمەتیدەرێكی باشی ئێمەن و لەنزیكەوە لەم ماوە كەمەی دەستبەكاربوونم قسەو گفتوگۆم لەگەڵ زۆر لەوەبەرهێنەران و نوێنەرانی گەورە كۆمپانیاكان كردووە، ئەوان پاڵپشتی راستكردنەوەی كەموكورتی و هەڵەكانن كە رەنگە هەندێكی بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابووری و بارودۆخەكەی كوردستان دروست بووبن، هاوكات گلەیی و رەخنەشمان لەچەندین پرۆژەی وەبەرهێنەران هەیە كە نەك تەنیا  لەئاست ئەو ئاسانكاریی و هاوكارییەدا نەبوون كە پێشكەشیان كراوە، بەڵكو زیانیان بە پرۆژەكان گەیاندووە، هەربۆیە هەرچۆن دەستمان بەكارئاسانی و هاوكاری و هەماهەنگی كردووە هەرواش لەرووی كردارەوە دەستمان بەچاوخشاندنەوەو لێپرسینەوە كردووە.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەخاڵێكی گرنگ بكەین ئەویش ئەوەیە هەڵسانەوەی ئابووری و باشكردنی باری دارایی ئەركی هەمووانە، سەرجەم سێكتەرە دارایی و ئابوورییەكان وەكو زنجیرەیەك پاڵپشتی و هەماهەنگی یەكتر دەكەن، كە هەر هەموویان هەیكەل و پێگەی ئابووری هەرێمەكە نیشان دەدەن و لە دواجاردا ئەو گەشەیە روو دەدات كە هەلی كار بۆ خەڵكی فەراهەم دەبێت و داهاتی راستەقینەی تاك و خێزان بەرز دەبنەوەو دەگەینە قۆناغی خۆشگوزەرانی . 
•    وەكو ئاماژەت پێكرد كێشەو گرفت و ئاستەنگ لەبەردەم وەبەرهێنان هەیە، تەنانەت هەندێك جار وەڵامدانەوەی پرسیارەكان دەمانخزێنێتە ناو بواری سیاسەت و واقیعی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا، ئایا ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە و كێشەكانی وەبەرهێنەران دەكەن؟
-    كێشەو ئاستەنگەكان جۆراوجۆرن بەڵام مادام ئیرادە هەیە بۆ وەرچەرخان ئەم قۆناغەش تێپەڕ دەكەین و بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێین، بەپاڵپشتی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داد و دەستەكانی دەستپاكی و چاودێری دارایی و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكە هەموو سەرپێچیكارو كەمتەرخەمێك دەخەینە بەردەم چاودێری و لێپرسینەوە،  بوار بەگەندەڵی و فرتوفێڵیش نادەین و سیستەمی دژە گەندەڵی پێش روودانی پەیڕەو دەكەین. لەرووی كرداریشەوە لێژنەیەكی هەمەلایەنە لەشارەكان دروست بووەو رێوشوێنی توندیان دژی ئەو كەسە دەستڕۆشتووانە گیراوەتە بەرو زێدەڕۆیی و سەرپێچیەكان بنبڕ دەكەن و رێوشوێنی یاسایی تونیدیشیان لەدژ گیراوەتە بەر . ئەمڕۆ لەجیهانی پێشكەوتوودا كەرتی وەبەرهێنان و بزنس بەخێرایی گەشە دەكات و نابێت رێگەی بدەین كەمتەرخەمی و فرتوفێڵ لەم بوارەدا بمێنێت، ئێمەش پێویستیمان بە بەرزكردنەوەی تواناو شارەزایی فەرمانبەرانمان هەیە هەروەكو چۆن وەبەرهێنەرانیش دەبێت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئابووری و پێشكەوتنەكانی جیهان بەرەو پێشەوە بچن، ئێمە جیدین لەوەی وەبەرهێنەران بەرەو ئەو كەرتانە ئاراستە بكەین كە دەبنە هۆی بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنان و داهاتی هەرێمەكە و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ سەدان گەنجی ئەم وڵاتە، هەروەكو چۆن جیددین لەوەی هەرچی پرۆژەی نیشتەجێبوون و پرۆژەكانی دیكەی وەبەرهێنەرانە كەبەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون دووبارە بخرێنەوە كار، هەرواش ئاسانكاریی پێشكەش وەبەرهێنەران دەكەین بەڵام نابێت لەسەر حسابی بودجەی گشتی و خەڵكی بێت، یاسای وەبەرهێنان بەجۆرێك ئاراستە دەكەین پێگەی ئابووری هەرێمەكە بگەڕێنێتەوە و توانای خۆڕاگری لەبەردەم قەیرانەكان هەبێت، لەمەشدا پێویستی زۆرمان بەهەموو پێشنیارو بۆچوونێك هەیە تاوەكو ئەو راوبۆچوونانە لەلایەن تیمێكی شارەزای خۆمانەوە دیراسەت بكرێت و لەرووی كردارەوە جێبەجێ بكرێت. لەهەموو ئەزموونە پێشكەوتووەكانی دنیا دەوڵەت و حكومەتی بەهێز واتا بوونی كەرتێكی بەهێزی نیشتمانی ، هەربۆیە مادام دەمانەوێت ببینە خاوەنی حكومەتێكی بەهێز ئەوە دەبێت كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرەكانیشمان بەهێز و بەتوانا بن لەئاست گۆڕانكاری و كێبركێی  دنیای دەرەوەدا بن.