ئیداره‌دانی قه‌یران؛ یان دۆزێنه‌وه‌ى خاڵى چاره‌سه‌ر!

ئیداره‌دانی قه‌یران؛ یان دۆزێنه‌وه‌ى خاڵى چاره‌سه‌ر!




2020-06-24 12:35:19


بیلال سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رى ئینستیوتى ئابوورى به‌ژماره‌ 

زۆرێنه‌مان ووشه‌ى قه‌یرانى ئابووریمان زۆر به‌رگوێى كه‌وتووه‌، به‌ڵام ئایا ته‌نیا خستنه‌ڕووى قه‌یرانه‌كان به‌سه‌؟ به‌دڵنیایه‌وه‌ نه‌خێر ئه‌وه‌ى له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێت ئیداره‌دانى قه‌یرانه‌ یان گه‌ڕانه‌ به‌دواى دۆزێنه‌وه‌ى خاڵى چاره‌سه‌ر؟!
پرسیاره‌كه‌ دوو لایه‌نه‌یه‌ لاى به‌شێك كه‌ رۆڵیان له‌پرۆسه‌ى حوكمرانى هه‌یه‌و به‌شێكى دێكه‌ له‌چوارچێوه‌ى دامه‌زراوه‌ ئه‌كادیمییه‌كان كارده‌كه‌ن وه‌ڵامه‌كه‌یان به‌دڵنیایه‌وه‌ جیاوازه‌! به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ به‌ڕه‌ى ئۆپۆزسیونه‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنى ئابوورى له‌ كوردستانیان زۆر پێى هه‌ڵه‌یه‌، بۆیه‌ له‌م ووتاره‌ به‌بى ئه‌وه‌ى باس له‌ سه‌ركه‌وتنى بیرۆكه‌ى هه‌ریه‌ك له‌به‌ڕه‌ى ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیون و ئه‌كادیمى بكه‌ین، له‌چه‌ند خالێك ئاماژه‌ به‌گۆڕێنى قۆناغى ئیداره‌ى قه‌یران بۆ چاره‌سه‌ى كێشه‌ ئابوورییه‌كان ده‌كه‌ین و ئاماژه‌ به‌ چه‌ند كێشه‌یه‌كى دیاریكراوی قه‌یرانى ئابوورى و دارایى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین به‌هیواى چاره‌سه‌ركردنى:
•    نه‌وت
•    گه‌نده‌ڵى 
•    بانك
•    بێكارى
•    هه‌ژارى

تاك سه‌رچاوه‌یى داهات
كوردستان به‌هه‌مان شێوه‌ى عێراق ئابوورییه‌كه‌ى وابه‌سته‌ى تاك سه‌رچاوه‌ییه‌ و ئه‌ویش ته‌نیا نه‌وته‌، بۆیه‌ ده‌توانین به‌ ئاسانى و سانایى بڵین ئابوورى كوردستان پێناسه‌ى نه‌خۆشى هۆڵه‌ندى به‌سه‌ردا ساغده‌بێته‌وه‌ چونكه‌ 90% داهاته‌كه‌ى له‌ فرۆشتنى نه‌وته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ بۆیه‌ به‌ دابه‌زینى نرخى نه‌وت و پچڕانى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كه‌ى ڕاسته‌وخۆ قه‌یرانى ئابوورى له‌هه‌رێمى كوردستان سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت له‌كارنامه‌ى حكومه‌ت ئاماژه‌ به‌ فڕه‌ڕه‌نگكردنى ئابوورى كوردستان كراوه‌، به‌ڵام پیویسته‌ پلانه‌كانى فڕه‌ره‌نگگردنى ئابوورى كوردستان ببینین بۆ ئه‌وه‌ى بزانین ئاڕاسته‌ى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕه‌و كوێى هه‌نگاو ده‌نێت.

گه‌نده‌ڵى هۆكارى قه‌یران
گه‌نده‌ڵى به‌ خۆره‌ى له‌ناوبردنى دارایى وڵات و پرۆسه‌ى سیاسى داده‌نرێت و به‌رپرسانى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان نه‌یان شاردووه‌ته‌وه‌ ئابوورى كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسى گه‌نده‌ڵییه‌ و له‌دواین ڕاپۆرتى رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ ساڵێ 2019 له‌ ریزبه‌ندی پاكترین و گه‌نده‌ڵترین وڵاتانی جیهان، عێراق له‌ كۆی 180 وڵات و هه‌رێم، له‌ ریزبه‌ندی 165ـه‌مینی دنیا دێت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی ته‌نیا 16 خاڵ له‌ كۆی 100 خاڵ، ئه‌مه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ 2012 تا ئێسته‌ عێراق له‌نێوان پله‌كانی سه‌رووی 170 و 160 بووه‌.
بۆیه‌ هه‌ر هه‌ولێك بۆ باشتركردنى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان پیویسته‌ له‌ پرۆسه‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌ستپیبكات و ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێت ئێستا ته‌نیا ئیداره‌ى قه‌یرانه‌ نه‌ك چاره‌سه‌رى قه‌یرانى ئابوورى..

نه‌بوونى سیسته‌مى پێشكه‌وتووى بانك
له‌كوردستان سیسته‌مى بانك له‌نێوان حكومه‌ت و تایبه‌ت جیاوازیه‌كى ئه‌وتۆى دروستنه‌كردووه‌ چونكه‌ ئابوورى كوردستان وابه‌سته‌ى عێراقه‌ و سیسته‌مى دارایى كوردستان ڕاسته‌وخۆ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌عێراق و بانكى ناوه‌ندى بۆیه‌ هه‌ر هه‌ولێك بۆ باشتركردنى سیسته‌مى بانك پیویستى به‌ پرس و ڕاویًژى عیراق هه‌یه‌، ئێستا ئه‌و قۆناغه‌یه‌ كوردستان ده‌ستپیشخه‌رى بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ داراییه‌كان و له‌قۆناغى ئیداره‌ى قه‌یران ده‌ربازى ببێت ئه‌ویش به‌ ڕیكخستنه‌وه‌ و كاراكردنى سیسته‌مى بانكى ده‌كرێت.

بێكارى؛ له‌ناوبه‌رى تواناى گه‌نجان
جیاوازیه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ راپۆرتی وه‌زاره‌تی پلاندانان‌و راپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ رێژه‌ی بێكاری له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان و عێراق بۆ نمونه‌ له‌ راپۆرتی ده‌سته‌ی ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندان هاتووه‌ رێژه‌ی بێكاری له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 یه‌كسانه‌ به‌ ٩% ، به‌ڵام به‌پێی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی به‌تاڵه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌كسانه‌ به‌ 47% واته‌ رێژه‌ی بێكاری بۆ ره‌گه‌زی نێر به‌پێی راپۆرته‌كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ 24%و بۆ ره‌گه‌زی مێ یه‌كسانه‌ 69%.
ژماره‌كان هه‌رچه‌ند بن ئه‌و ڕاستییه‌ دیاره‌ كه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى قه‌یرانى دارایى و نه‌بوونى هه‌لى كار ئاستى بێكارى به‌ڕێژه‌یه‌كى زۆر به‌رز زیادیكردووه‌ و ئێستا ژماره‌یه‌كى زۆر ده‌رچووى زانكۆ و په‌یمانگه‌ هه‌یه‌ له‌چاوه‌ڕوانى دامه‌زراندنن له‌كه‌رتى گشتى و له‌كه‌رتى تایبه‌ت ده‌رفه‌تى كاریان ده‌ستناكه‌وێت.

هه‌ژارى، مۆته‌كه‌ى ئابوورى وڵات
‌به‌پێى داتا ناقه‌رمییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان له‌ڕیزبه‌ندی رێژه‌ی هه‌ژاریدا پارێزگای دهۆك له‌به‌رزترین ئاستدایه‌و گه‌یشتوه‌ته‌ 8%، به‌ڵام سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عیراق رێژه‌ی هه‌ژاری تێیدا نزمترین ئاسته‌ كه‌ ته‌نها 4%ه‌، هه‌روه‌ها له‌هه‌ولێریش رێژه‌كه‌ 6%ه‌و كه‌ركوكیش 7%ه‌.
 هه‌ژاری‌ بریتیه‌ له‌ ره‌وشی بێبه‌شبونی‌ ماددی‌ و كه‌می‌ توانا له‌ دابینكردنی‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌ هه‌ردو جۆرییه‌وه‌، خۆراكی‌ و نا خۆراكی‌. باری‌ ته‌ندورستی‌ و فێربون و شوێنی‌ حه‌وانه‌وه‌ی‌ ژیان، نه‌خۆشی‌ و بێكاری‌ كه‌می‌ ده‌رفه‌ت له‌ به‌رده‌م تاكه‌كاندا، ئه‌مانه‌ هه‌موی‌ به‌ پیوه‌ری‌ گرنگ داده‌نرێن بۆ شوناسكردنی‌ هه‌ژاری‌. بانكی‌ ده‌ولی‌ (1995) وا پێناسه‌ی‌ هه‌ژاری‌ ده‌كات كه‌ بریتییه‌: له‌ كه‌می‌ توانای‌ كه‌س و خێزانه‌كان له‌ دابینكردنی‌ كه‌مترین ئاستی‌ گوزه‌ران له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا و له‌ كاتێكی‌ دیاریكراودا.