2020-06-22 14:48:17
بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و گەیشتن بەقۆناغی گەشەی ئابووری پێویستی بە پلان و بەرنامەی ئابووری و دارایی وا هەیە كە هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت) پێكەوە هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی بتوانرێت نەخشە ڕێگای ئابووری كوردستان دابڕێژرێتەوە، بۆ ئەمەش مەرجە لایەنە پەیوەندارەكان بە ووردی ئاگاداری گۆڕانكارییە جیو سیاسی و ئابووریی و داراییەكان بن و وڵات لە ئەگەری هەر مەترسی و قەیرانێكی سیاسی و ئابووری بپارێزن بۆ ئەوەی رەوشی بازاڕ و دۆخی ئابووری بەسەقامگیری بمێنێتەوە؛ بۆ قسەكردن لەسەر گرنگی پلان و بەرنامە ئابوورییەكان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندار بە هونەری بەڕێوەبردنی قەیرانەكان چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پەرلەمانتار لەیلا عەبدولجەبار كرد .
• یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی بەردەم گەشەی ئابووری ئەگەری كەوتنەوەی قەیران و ناسەقامگیرییەكانە كە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و كوردستانیشدا روودەدەن، بەڕێزت وەكو پەرلەمانتارێك چۆن دەڕوانیتە ئەگەری كەوتنەوەی ئەم حاڵەتە لەناكاوانە كە كاریگەریی توندی لەسەر رەوشی ئابووری هەیە؟
- حكومەت و پەرلەمان دوو دامەزراوەی گرنگی هەرێمی كوردستانن و ئامانجی گەورەو گرنگیان خزمەتكردنی هاوڵاتیانە، لە هەموو دنیاشدا هەروایە پەرلەمان و حكومەت دوژمنی یەكتر نین بەڵكو هەماهەنگ و هاوكاری یەكترن لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیان و پێشخستنی ئابووری و دارایی كوردستان ، ئەمەش لەرێگەی بوژانەوەی ئابووری و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی و بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی كەموكورتیەكان، بەڵام هەروەكو بەڕێزتان لەپرسیارەكەدا ئاماژەتان پێداوە گرفتی سەرەكی ئابووری و رەوشی دارایی و ژیان بەگشتی لەم ناوچەیەدا ئەگەری رووداوە كتوبڕو نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی و سەربازییەكانە، كە كاریگەریی توندی لەسەر ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری دەبێت، هەروەكو لەساڵانی 2013 و 2014 و 2015 لە ململانێكانی بەغدا لەگەڵ هەرێم بووە هۆی كەوتنەوەی قەیرانێكی تووندی دارایی و دواتر ئابووری وا كە دەیان شوێنەواریی خراپی دیكە هەر لە هاتنی ئاوارەو پەناهەندەیەكی زۆرەوە تاوەكو خراپی بواری دارایی و تێكچوونی رەوشی ژیانی هاوڵاتیان و موچەخۆرانی لێكەوتەوە، لەم دواییەشدا هەموومان ناسەقامگیرییەكانی عێراقمان بینی و دواتر یگرژیەكانی نێوان ئەمەریكاو ئێران، هەموو ئەمانە دوور لە شرۆڤەی سیاسییەوە كاریگەریی توندیان لەسەر سەقامگیری ئابووری و دارایی دەبێت هەربۆیە منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام كە ئەم رووداوو كارەساتانە كاریگەریی و شوێنەواری توندی لەسەر پلان و بەرنامە حكومی و ئابوورییەكان دەبێت، هەربۆیە لەم دۆخەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ئەركی سەرشانی حكومەت و پەرلەمانە پشتیوانی یەكتر بن ، حكومەت لەرێگەی بەرزكردنەوەی رەشنووسی پرۆژە یاسایی باش و پێشكەوتووەوە فەراغی یاسایی و تەشریعاتەكان پڕ بكاتەوەو پەرلەمانیش هاوكارو هەماهەنگ بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی لەخزمەتی رەوشی ئابووری و سەقامگیری وڵاتدایە.
• باسی پرۆژە یاساكانت كرد؛ ئایا تاچەند پرۆژە یاسای چاكسازیی بۆ سەقامگیری دارایی حكومەت و دادپەروەریی و ئەگەری روودانی نائارامی و ناسەقامگیری بۆ ئێمەی كورد گرنگە؟
- ئامادەكردنی ئەمجۆرە یاسایانە دەیسەلمێنن كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەخەمی خەڵك و باشكردنی دۆخەكەدایە، تەنانەت لایەنێكی گرنگی باشی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە كە بارودۆخی دارایی و موچە و دەرماڵەكان و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكەی خانەنشینان رێك دەخاتەوەو جگە لەوەی دادپەروەرییەكی كۆمەڵایەتی تێدایە بەوەی موچەی خانەنشینە كەمەكانی شارستانی بەرز دەكاتەوەو زۆرەكان كەم دەكاتەوە هاوكات مەسەلەی ئەو هەموو خانەنشینكردنە بەیاسای جۆراوجۆر رێك دەخاتەوەو ئەژماری حسابی بۆ موچەخۆرو فەرمانبەرو خانەنشینێك دەكاتەوە كە موچە یاخود ئیمتیازاتێكی دیكەی دارایی وەردەگرێت، خۆشبەختانە لایەنێكی باشی ئەم خولەی پەرلەمان ئەوەیە هەماهەنگییەكی باش لەنێوان حكومەت و پەرلەمان هەیە، كەمترین موزایەدەو كاری پروپاگەندە دەكرێت و هەمووان پێكەوە لەمەترسی بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەكە تێدەگەین و حزبەكانیش یارمەتیدەری فراكسیۆنەكانیانن بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئەو بڕیارو پرۆژانەی كە رەهەندی نیشتمانی هەیە. لەسەرەتای قسەكانماندا باسی ئەو تەحەدداو رووداوو كارەساتانە كرد كە ناوبەناو كتوپڕ لە عێراق و ناوچەكە روودەدات و كاریگەریی لەسەر كوردستان دەكات، هەر خۆی لەخۆیدا دەركردنی پرۆژەی چاكسازیی و دواتر ئەو گۆڕانكاریی و چاكسازییانەی كە لەوەزارەتەكاندا دەیبیستین جۆرێكە بۆ رێكخستنەوەی دۆخی شڵەژاوی دارایی هەرێم و عێراق و دووبارە هەڵسانەوەی ئابووری ، لەمەشدا نابێت رۆڵی رێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبیر بكەین كە بە پاڵپشتی سەرۆك بارزانی ئابڵوقە و گەمارۆی شكاند و پەیوەندیی نێوان حزبەكانی پتەو كرد، بەمەش هەرێمی كوردستان لە بەغدا و پایتەختەكانی وڵاتانی دراوسێ و لەناتۆو لای هاوپەیمانەكانمان پێگەی خۆمان بۆ گەڕایەوە. هەموو ئەو پرۆژە و كارو بەرنامانەی دەبنە هۆی دووبارە رێكخستنەوەی كاری دارایی و ئابووری جۆرێكە لە خۆئامادەكردن بۆ رووبەرووبوونەوەی هەموو ئەگەرێكی مەترسیدارو لەناكاو واتا لە زانستی ئابووری دا پێی دەوترێت: خۆئامادەكردن بۆ ئەگەری مەترسییەكان، لەمەش گرنگتر ئەركی حكومەت و وەزارەتە پەیوەندارەكان و دامەزراوەكانی هەرێمە بەپەرلەمانیشەوە كە لەكاتی كەوتنەوەی قەیرانەكان هەر زوو تیمی باڵای بەڕێوەبردنی مەترسییەكان و قەیرانەكانی هەبێت و هەماهەنگی پتەو لەنێوان هەرسێ سەرۆكایەتییەكە هەبێت، بەڕای من پرۆژەكانی چاكسازیی جۆرێكە لە خۆئامادەكردن بۆ مەترسییەكان و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان.
• كەواتە چاكسازیی لەئابووری و دارایی و ئیدارەی هەرێمدا گرنگە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێكی پتەو كە بە شنە بای گۆڕانكاریی و نائارامیەكانی عێراق و ناوچەكە نەڕووخێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن حكومەت بتوانێت بەهەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان زۆرترین یاسا و پرۆژەو بڕیاری تایبەت بەدووبارە رێكخستنەوەی سێكتەرەكان دەربكات؟
- ئابووری بریتییە لەداهات و خەرجیەكان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم دوو سێكتەرە، هەر وەكو چۆن پرۆژە یاسای چاكسازیی گرنگە بۆ رێكخستنەوەی ئەو دوو بوارە، واچاوەڕوانیش دەكرێت لەدوای ئەم پرۆژەیە چەندین پرۆژ یاسای دیكەی چاكسازیی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بگاتە پەرلەمان، چاكسازیی پرۆژەی خەڵك و حكومەتە و ئەركی ئێمەیە لەپەرلەمان دوای گفتوگۆكردن و چاككردن و گونجاندنی لەبواری یاساییەوە پاڵپشتی ئەمجۆرە كارانەی حكومەت بكەین، هەر خۆی لەخۆیدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بووێریی و ئیرادەیەی هەیە كە بەهەماهەنگی لەگەڵ حزبە كوردستانیەكان ئەو چاكسازییە ئەنجام بدات، كە بەڕای من لەبەر ئەوەی چاكسازیی پرۆسەیەكی گشتگیرو بەردەوامە و مادام حكومەت و پەرلەمان نوێنەرایەتی خەڵك دەكەن هەربۆیە ئومێدی زۆر هەیە لەم چەند ساڵەی تەمەنی كابینەكەدا كاری باش و گەورە لەم بوارەدا بكرێت، لەهێڵە گشتیەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بەڕاشكاوانە باسی ئەنجامدانی چاكسازیی و دووبارە رێكخستنەوەی سێكتەرەكان و بەڕێوەبردنی ئابووری و دارایی هەرێمەكە كراوە، هەر لەسەر ئەو كارنامەو بەڵێنانەش پەرلەمانتاران متمانەیان بەكابینەكە دا، لەرووی ئابووریشەوە چاكسازیی و گۆڕانكاریی لە سێكتەرەكانی دارایی و ئابووری و وزە و دووبارە رێكخستنەوەی بەجۆرێك كە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم و عێراق و ناوچەكەدا بگونجێت خۆی لەخۆدیدا متمانەو ئارامیەك بەهاوڵاتیان و ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبەخشێت و لەكاتی كەوتنەوەی هەر قەیران و گرفتێكی قوڵی سیاسی و سەربازی و ئەمنی دا ئابووری و دارایی هەرێم لەلایەك دەبێتە پاڵپشتی سەقامگیری ئەو سێكتەرانەو لەلایەكی دیكەشەوە كاریگەریی و شوێنەوارە قوڵەكان و جەرگبڕەكانی قەیران لەسەر حكومەت و هاوڵاتیان و بازاڕ كەمتر دەبێتەوە.
• كەواتە جگە لە چاكسازیی ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی هەرێم رووبەرووی هەموو ئەو قەیرانانە ببێتەوە كە رووبەرووی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەبێتەوە؟
- قەیران و گرفتی دارایی و ئابووری لە ناخی سیستەمی سەرمایەداریی و واقیعە دارایی و نەختینەكەی جیهاندایە، واتا قەیرانی ئابووری و دارایی ناوبەناو لەنێوان چەند ساڵێك جارێكدا لەجیهاندا روو دەدات، وڵاتان و حكومەتەكانی دنیاش بەهاوشێوەی رەوشی كەشو هەوا خۆیان بۆ ئەو قەیرانانە ئامادەدەكەن، جگە لەمەش لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەعێراقدا كە جەقی ململانێ جیهانیەكانی تێدا بەڕێوەدەچێت بەردەوام ناسەقامگیری سیاسی و سەربازی كاریگەریی لەسەری هەبووە، ئێمەش لەلایەن بەغداوە رووبەرووی گەمارۆو جەنگی ئابووری بووینەتەوە، لەناوخۆی هەرێمیشدا نەمانتوانیوە بناغەیەكی پتەوی وا دابمەزرێنین كە وڵاتانی ناوچەكەو عێراق زیاتر پێویستیان بەئێمە بێت ، ناهاوسەنگی تەرزاووی بازرگانی هێنراوو نێردراو بەجوانی ئەو واقیعە دەردەخات، سەرەتا پێمە پێویستیمان بەچاكسازیی و رێكخستنەوەی كەرتی حكومی هەیە دواتر پێویستە بەهاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت زۆر سێكتەر بەڕێوەببەین كە خەرجیەكانمان كەم بكاتەوە ئەمەش پێی دەوترێت هاوبەشی نێوان هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت، بۆ ئەمەش رۆڵی رێكخراوی یەكێتی بازرگانی و پیشەسازیی كوردستان تێدە پێشەوە كە لەگەڵ حكومەت هاوكارو هەماهەنگ بن پێگەوە لێژنەیەكی باڵای بەڕێوەبردنی قەیرانەكانیان هەبێت و دەسەڵاتی باڵایان پێدرابێت لەكاتی كەوتنەوەی قەیران دۆخی سەقامگیری بازاڕ و ئابووری بپارێزن. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە زۆر پێویستە روو لە پیشەسازیی خۆراكی و كشتوكاڵی بكەین چونكە ژینگەی كوردستان زۆر لەبارە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی و گەشەكردنی هەردوو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی.