پێکهێنانی سندوقی کاردێری لە هەرێمی کوردستان

پێکهێنانی سندوقی کاردێری لە هەرێمی کوردستان




2020-02-12 16:58:27



کامەران حەسەن
خاوەن دکتۆرای پیشەیی کارگێری و کار

بابەتی بێکاری کۆسپێکی گەورەی سەر ڕێگای گەشەکردنی ئابووریی و کۆمەڵایەتییە و بێکاری هەڕەشەیە بۆ بابەتی ئاسایشی نەتەوەیی. لە هەرێمی کوردستان بە پێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ دا ڕێژەی بێکاری ١٣.٥٣٪ یە کە لە چاو ساڵی ٢٠١٤ دا کە ڕێژەکەی ٧.١٣٪ بوو پێشان دەدات لە یەک ساڵ دا ژمارەی بێکارەکانی کوردستان نزیکەی دوو بەرامبەر بووە. زانستی کاردێری یەکێکە لەو زانستانەی کە دەکرێت بڵێین دیوێکی دیکەی زانستی کارگێری و بەڕێوەبردنە کە لە ساڵانی ١٩٦٠ بە دواوە پەرەی سەند و زۆربەی وڵاتان خێرا ئەم زانستەیان لە ناو کۆمەڵگایان پەیڕەو کرد، کاردێری جگە لە چارەسەرکردنی بێکاری هەلی کاری تازە و ناوازە دروست دەکات و زۆرتریش مەبەستی هەلی کاری ناوازەیە. بەڵام بۆ بەکلتورکردنی کاردێری و پاڵپشتی کردن لە کاردێرەکان پێویستیمان بە دامەزراوەیەک هەیە کە پشتیوانی تەواوی خاوەن بیرۆکە و خاوەن پڕۆژەکان بکات.
پێناسەی کاردێری 
کاردێری  پرۆسەیەکە کە، کاردێر بە بیرۆکەیەکی نوێ و داهێنەرانە و دۆزینەوەی دەرفەتەکانی تازە، بە بەکارهێنانی سەرچاوەکان، کارێکی تازە دروست دەکات. ئەم کارەی لەگەڵ ریسک و مەترسی دا دەبێت، بەڵام زۆربەی جاران دەبێتە هۆکاری بەرهەمێکی تازە یان خزمەگوزاییەکی تازە لە ناو کۆمەڵگادا
کاردێر کێیە؟
زاراوەی کاردێر   یەکەمین جار لە لایەن ژۆزێف شومپیتەر   بەکار هات. ئەم ئابووری ناسە کە بە باوکی زانستی کاردێری ناسراوە لە سەر ئەم باوەڕە بوو کە گەشە و پەرەپێدانی ئابووری لە  سیستەمێک، کاتێک بەرهەمی دەبێت کە لە کۆمەڵگا دا هەندێک کەس بە قبوول کردنی ریسک، داهێنان دەکەن و شێوازێکی تازە دروست دەکەن و شێوازە ناکارامەدە کۆنەکان وەلاوە دەنێن.
کاردێر هەڵگری چەندین واتایە وەک: سەرکەوتن، بەرهەم، داهێنان، کوالیتی و خزمەتگوزاری نوێ.  
پێویستی و گرنگی  کاردێری
ڕیگە چارەی دەرباز بوون لە بێکاری بنیاتنانەوەی کاردێری  یە کە ئەمرۆکە دەبینین زۆربەی وڵاتان گرنگییەکی تایبەت بە بابەتی کاردێری و پەرەپێدان بە کاردێری دەدەن. ئەمەریکا یەکەم وڵات بووە کە گرنگی بە کاردێری داوە و بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری (GEM)  لە ساڵی ٢٠١٦ دا ئەمەریکا لە رووی پێوەرەکانی کاردێری پڵەی یەکەمی(٨٦.٢) لە ئاستی جیهان دا هەیە. سەرکەوتنەکانی کار   لە ئەمەریکا و دەستەبەر کەردنی ٣٠ ملیۆن کار لە ماوەی ٢٠ ساڵ دا جێگای شانازییە، چونکە لە ئەوروپا سەرەڕای زۆرتر بوونی ژمارەی دانێشتوانی لە چاو ئەمەریکا لە ماوەی ٢٠ ساڵ دا تەنها ٥ ملیۆن کار دەستەبەر کراوە.
لە کوردستان کە خاوەن چینێکی گەنج و لاوێکی زۆرە لە لایەکی تریشەوە بێکاری لە زێدە بووندایە و هەروەها بارگرانی کارکەران لە کەرتی گشتی و ڵاوازی کەرتی تایبەت پێشان دەدات کاردێری و پەرەپێدانی کاردێری و زەمینەسازی بۆی دەتوانێ ڕێگەچارەیەکی گونجاو بێت.
سیاسەتی پەرەپێدانی کاردێری لە چەندی وڵات دا پێشان دەدات کە ڕەهەندەکانی سیاسەت ڕێژی پەرەپێدانی کاردێری دەکرێ لە ٦ گروپ باس بکرێت:
•    باو کردنی کاردێری بە ئامانجی بەرزکردنی رۆانگەی پۆزێتیڤانەی بەرامبەر بە کاردێری.
•    فێرکردنی کاردێری لە سیستەمی خوێندن بە ئامانجی زیادتر جەخت کردن لە سەر کاردێری لە سیستەمی خوێندن.
•    باشتر کردنی ژینگەی کۆمپانیا تازە پێگەیشتووەکان، ئاسانکاری هاتنەوە ژوور، مانەوە و گەشە کردنی کۆمپانیاکان، یارمەتی دان بۆ هاتنە ژوور و مانەوە و دەرچوونی ئاسان بە هۆی کەم کردنەوەی رۆتینەکانی ئیداری و چاودێری.
•    دابین کردنی سەرمایەی سەرەتایی و دامەزراندن بە ئامانجی زیادتر کردنی دابین کردنی دارایی کاردێرە تازەکان و کۆمپانیا تازە پێگەیشتووەکان.
•    پاڵپشتی کردن لە کار و بیزنسە تازەکان، زیاد کردنی چەندایەتی و چۆنیەتی یارمەتییەکان لە کار و بیزنسەکان بۆ ئەو کاردێرانەی لە لە کاتی پەیدابووندا.
•    ستراتیژی سەرنج دان بە گروپە ئامانجەکان بۆ زیادتر کردنی نرخی دامەزراندنی کار و بیزنس لە نێوان ئەو چینە کۆمەڵایەتییە کە کەمتر بەهایان پێ دراوە ( گەنجەکان و ژنان) یان بۆ زیادتر کردنی ژمارەی کاردێرە تازەکان.


سندووقی کاردێری لە هەرێمی کوردستان
بە مەبەستی پەرەپێدان بە کاردێری لە هەرێمی کوردستان پێویستە کە کۆمەڵێک پاڵنەر بۆ یارمەتیدانی کاردێرەکانمان هەبێت، یەکێک لەو دامەزراوانەی کە دەتوانێت پاڵنەرێکی باش بۆ کاردێرەکان بێت سندوقی کاردێرییە.
کاردێری خاوەن ئێکۆسیستەمێکە کە لە چەندین بەش پێکهاتووە و بەشەکانی کاریگەریان لە سەر یەک هەیە و بە یەکەوە کار دەکەن، کە واتە دەبێت بۆ سەرخستنی کاردێری سەرجەم بەشەکانی ئەم ئێکۆسیستەمە هاوسەنگیان هەبێت. لە بەشەکانی ئەم ئێکۆسیستەمە دەتوانین ئاماژە بە: بەشی خێرا بەخش (Accelerator)، بەشی گەشەپێدان (Incubator)، وەبەرهێنانی مەترسیدار (Venture Capital)، وەبەرهێنەری مەترسیداری هاوبەشی (Corporate Venture Capital)، فریشتەکانی وەبەرهێنان (Angle Investors)، سندوقی توێژینەوە و تەکنۆلۆژی (Research and Technology Fund)  پارکی زانستی (Science Park)، ناوەندی داهێنان (Innovation Center) بکەین. لەم بابەتە تیشک دەخەینە سەر سەندوقی کاردێری.
سندوقی کاردێری تایبەتە بەو چالاکیانەی کە لە لایەن هاوڵاتیان پێشکەش دەکرێت بە مەبەستی چلاکییەکی بیزنسی کە سوودی بۆ کۆمەڵگادا هەیە و تازەیە و بەرهەم یان خزمەتێکی تازە یان جیاواز پێشکەش دەکات. ئەم سندوقە کە لە لایەن حکومەتەوە چاودێری دەکرێت، سندوقێکی وەبەرهێنانە کە جگە لە پێدانی قەرز بە خاوەن پرۆژەکان، کاری وەبەرهێنانیش دەکات. 
 هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان چەندین جۆر پێدانی قەرزمان هەیە کە ئامانجی دروستکردنی هەلی کارە بەڵام زۆر جار قەرزەکان بۆ شتی دیکە بە کاردێت. سندوقی کاردێری هەوڵێکی جدییە بۆ یارمەتی دانی خاوەن بیرۆکەکان لە ڕووی مادی و مەعنەوی دا کە بتواننن بیرۆکەکانیان جێبەجێبکەن. سندوقی کاردێری بە چەندین شێوە سەرمایە کۆدەکاتەوە:
1.    بەشداری کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پشکدارێک لەم سندوقە بە پێشکەشکردنی بڕەپارەیەکی دیاریکراوی ساڵانە.
2.    بەشداری کردنی خێرخوازانی بواری کار و کاردێری کە پشکدار دەبن لەم سەندوقە و بە شێوەیەکی مادی و مەعنەوی یارمەتیدەر دەبن.
3.    بەشداری کردنی خودی خاوەن پرۆژە یان بیرۆکەکان بەم شێوەیە کە بە دروست کردنی ئەکاونتێک بڕە پارەیەکی دیاریکراو لەم سەندوقە دادەنێت و لە دوای ماوەیەکی دیاری کراو دوو هەندەی پارەیەکە وەر دەگرێت، مێکانیزمێکی گەڕانەوەی بڕەپارەی قەرزەکەشی دیاری دەکرێت.
سندوقی کاردێری بە مەبەستی خزمەت کردن بە خاوەن پرۆژەکان و کەمکردنەوەی بێکار و بوژانەوەی ئابووری، کۆمەڵێک خزمەت پێشکەشی هاوڵاتیان دەکات:
1.    پێدانی قەرز بەو هاوڵاتیانەی کە خاوەن پرۆژەن و کە دەستپێکی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکن کە دەکرێت ئەولەویەت بۆ پرۆژەکانی بەرهەمدار بێت هەتا خزمەتگوزاری.
2.    پێدانی قەرز بە خاوەن کارگەکان بۆ پەرەپێدان بە کارەکانیان.
3.    پێدانی قەرز بەو پڕۆژانەی کە لە زنجیرەی بەرهەمهێنان ڕۆڵیان هەیە و زنجیرەی بەرهەمهێنان بەهێزتر دەکەن.
4.    پشتیوانی ڕاوێژکاری بۆ خاوەن پڕۆژەکان لە ڕووی بەبازارکردن، دارایی، یاسایی و چەندین بواری پێویست.
5.    پاڵپشتی کردن کە خاوەن پڕۆژەکان لە مامەلە بازرگانییەکانیان وەک LC کە ڕۆڵی هەبێت لە پەرەپێدانی پڕۆژەکان.
6.    هاوبەشی کردنی ئەم سندوقە لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان بۆ فەراهەم کردنی ژینگەیەکی لە بار بۆ ڕاپەڕاندنی کاری خاوەن پڕۆژەکان وەک وەزارەتەکانی دارایی، بازرگانی، پیشەسازی، کار و ڕێکخراوە ناحکومییەکان.
7.    بەرنامەی دیداری خاوەن بیرۆکەکان خاوەن سەرمایەکان بۆ وەبەرهێنان و کاری هاوبەش.
8.    پیشکەشکردنی سیمینار، وۆرکشۆپ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خاوەن بیرۆکەکان و خاوەن پڕۆژەکان. 
سندوقی کاردێری لە ڕاستی دا تەنها سندوقێک نییە بۆ پاڵپشتی دارایی خاوەن پرۆژە و بیرۆکەکان، بەڵکو دامەزراوەیەکە کە یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە یان بیرۆکەیەکان هەیە بۆ دروستکردنی هەلی کار یان پرۆژەیەکیان هەیە و بە نیازن پەری پێ بدەن، لەم سندوقە کە لە چەندن بەش پێکدێت جگە لایەنە داراییەکە کە وەک وام (سولفە) بە خاوەن بیرۆکە و پرۆژەکان دەدرێت، هاوکاری ڕاوێژکاری هەر لە سەرەتاوە هەتا سەقامگیر بوونی پرۆژەکەیان پێشکەش دەکرێت. بۆ نمونە ڕاوێژکاری ئامادە کردنی بیزنس پلان ، خوێندنەوەی شیکاریانە  بۆ بیرۆکەکان، داڕشتنی بیزنس مۆدێل، داڕشتنی بەرنامەی بەبازارکردن، داڕشتنی بەرنامەی ستراتیژی، ڕاوێژکاری یاسایی، ڕاوێژکاری بازرگانی بە تایبەتی بازرگانی نێودەوڵەتی. 
سندوقی کاردێری دامەزراوەیەکە بۆ پەرەپێدان بە سیاسەت و کلتوری کاردێری لە ناو کۆمەڵگادا، لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا کە کلتوری کاردێری دەبێت ببێتە بەشێک لە دامەزراوەکان بە تایبەت زانکۆکان کە نەوەی گەنج و تازە پیگەیشتوو لەوێەوە دێنە ناو جیهانی کار، بۆیە زۆر گرنگە دامەزراوەیەک وەک زانکۆ ببێتە خاوەن بەرنامەی توکمەی کاردێری بە مەبەستی پیگەیاندنی نەوەیەکی کاردێر لە ناو کۆمەڵگادا، هەرچەندە نابێت فەرامۆش بکەین کە بەرنامەی بە کلتورکردنی کاردێری دەبێت لە قوتابخانەکان و لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە دەست پێبکات. کاردێری بە بزوێنەری ئابووری ناسراوە، ئەم سندوقەش دەبێتە دابینکەری سوتەمەنی ئەم بزوێنەرە بۆ باشتر کارکردنی، بەرنامەی بە کلتور کردنی کارێری دەتوانێت لە ئایندەیەکی نزیک دا ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمبکاتەوە و ئابووری کوردستان لە ئابووریەیکی دەڵالی بەرەو ئابوورییەکی بەرهەمهێن ببات.