نەوزاد شێخ كامیل :جموجووڵی بازرگانی زیاد بووەو لەم ساڵدا

نەوزاد شێخ كامیل :جموجووڵی بازرگانی زیاد بووەو لەم ساڵدا




2022-01-05 17:07:31


مامەڵەكردن لەگەڵ بازاڕی كوردستان كە لەهێشتا لەقۆناغەكانی سەرەتادایە بەرەو پەیڕەوكردنی بنەماكانی ئابووری بازاڕ دەچێت؛ كارێكی ئاسان نی یە، بەتایبەتی كە ناهاوسەنگیەكی روون و ئاشكرا هەیە لەنێوان كاڵاو شمەكەكانی هاوردەو هەناردە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسەو چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندار بەچاودێریكردنی بازاڕ و پەیوەندییە بازرگانییەكانمان لەگەڵ عێراقدا؛ گۆڤاری ( سامان ) ئەم دیدارەی لەگەڵ نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی سازدا.
•    ئابووری هەر وڵاتێك بە گرنگیدان بەپیشەسازیی و ئاراستەكردنی كۆمەڵگە بەرەو كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن پێش دەكەوێت؛ سەرەتا دەكرێت بزانین ئێوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی مامەڵە لەگەڵ چی سیستەمێكی ئابووری و بازاڕ دەكەن؟
-    ئابووری كوردستان ئابوورییەكی شۆشیالیستی نییە و بنەماكانی لیبرالیەتی ئابووری بازاڕیش بەتەواوەتی جێبەجێ نەكراوە، ئەوەتا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی هێشتا بەتەواوەتی دەستی لەبازاڕ نەكێشاوەتەوە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی بەپشت بەستن بەپلانێكی ستراتیژیی كە گوزارشت لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات هەنگاوی ئەرێنی داوەو زەمینەی خۆش كردووە بۆ ئەوەی بازرگانان و پیشەسازیكاران پێكەوە كار بكەن و ئازادانە كاڵاكانیان كڕین و فرۆشتنەوەی پێوەبكەن، لەكاتی دەركەوتنی هەر كەموكوڕییەكی تایبەت بەقۆرخكاری و گەمەكردن بەنرخەكانەوە ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی و لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی چاودێری بازاڕەوە دەست تێوەردان لەبەرژەوەندی خەڵك دەكەین تا ئەو ڕادەیەی پاڵپشتی و هانی بازرگانەكان دەكەین بۆ هێنانی ئەو كاڵاو پێداویستیانەی لەبازاڕەكانی كوردستان خواستی لەسەرە. لەئابووری بازاڕدا بەتایبەتی كە ئابوورییەكە پەیوەندی توندی لەگەڵ یەكتر هەیە و بەستراوەتەوە پێكەوەو شوێنەوارەكانی قەیرانە سیاسی و تەندروستیەكان و تەنانەت شەڕەكان كاریگەریی لەسەر یەكتر هەیە بۆیە دەبێت بەردەوام چاوكراوە بیت و لەكاتی كەوتنەوەی قەیرانەكاندا پێش وەختە پلان و ئامادەكاریت كردبێت.
•    بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ هێستا نەتوانراوە بەئابووری عێراق و كوردستانیشەوە بگەینە قۆناغی ئابوورییەكی بەرهەمهێن، بۆ ئەوەی چیتر پشت بەداهاتی هەناردەكردنی نەوتی خاو نەبەستین و ئەوەندە نەكەوینە ژێر رەحمەتی گرانبوونی نرخەكان لەسەرچاوە سەرەكییەكەی كاڵاو بەرهەمەكانەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ناهاوسەنگی نێوان هەناردەو هێنراوكان لەچی ئاستێكدایە؟
-    ئەمە پرسیارێكی گرنگە، چونكە بۆ ئەوەی بزانین ئابووری هەرێمی كوردستان ئابوورییەكی بەهێزو سەقامگیرە دەبێت ئابوورییەكی هەمەجۆرت هەبێت و داهاتەكەشی جۆراوجۆر بێت، واتا تەنیا پشت بەداهاتی ناسەقامگیریی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو نەبەستین، هەندێك بابەتی تایبەت بەپەیڕەوكردنی سیستەمی ئابووری و هاوسەنگكردنی تەرازووی بازرگانی نێوان هاوردەو هەناردە تەنیا پەیوەندار نییە بەهەرێمی كوردستانەوە بەڵكو پەیوەندی بەهەموو عێراقەوە هەیە، لەعێراق و هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 80%ی كاڵاو شمەكەكانی نێوخۆ هاوردەی وڵاتانی بیانی یە، هەوڵەكانی حكومەت لەسەرجەم سێكتەرەكان دەستی پێكردووە دەمانەوێت ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزی كێشەی سیولەو دارایی و ئابووری دروست نەبێتەوە، هەوڵەكانی بەرهەمهێنان دەستی پێكردووەو ئەوەتا لەهەندێك بواردا بەرهەمی نێوخۆی كوردستان لەرووی كوالێتییەوە زۆر بەرزە و لەدەرەوەی وڵات داواكاریی لەسەرە. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا ناهاوسەنگی لەنێوان هەناردەو هاوردەدا هەیە، بەتایبەتی لەبواری هێنانی پێداویستی پزیشكی و كەرەستەی بیناسازی و خۆراكی و كشتوكاڵی  كە لەریزبەندی پێشەوەی ئەو پێداویستیانەیە دێن كە هاوردە دەكرێن، بەشێوەیەكی گشتی قەبارەی بازرگانی ساڵ لەدوای ساڵ رووی لە هەڵكشان كردووە لە ساڵی  2020 ئەم قەبارەیە گەیشتە زیاتر لە 4 ملیار دۆلار رەنگە ئەگەر پەتای كۆڕۆناو گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی تووند نەبووایە ئەم قەبارەیە بۆ دوو  هێندە زیادی بكردایە.
•    كاتێك باسی ئابووری و هەر سێكتەرێك دەكەیت نابێت پەتای كۆرۆنا لەبیر بكەین، بەڕێزت ئاماژەت بەوەدا كە پەتای جیهانی كۆڕۆنا زیانی گەورەی بەكەرتی بازرگانی و پیشەسازیی و ئابووری گەیاندووە، ئایا دەكرێت بزانین زیانەكانی ئابووری پەتاكە لەسەر كوردستان چەند بوو؟
-    كۆڕۆنا جگە لەزیانە گیانی و تەندروستیەكانی زیانێكی ئابووری و دارایی ئەوەندە گەورە بووە زۆڕ زەحمەتە هیچ وڵاتێك بتوانێت مەزەندەی بكات، جووڵەی بازرگانی لەسەرانسەریی جیهان و بەهەرێمی كوردستانیشەوە سست و لاواز كردوو قەیرانی گەورەی نەوت و دارایی لێكەوتەوە، خۆ ئەگەرسیاسەت و بەرنامەكانی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبووایە قەیرانێكی زۆر سەخت رووی لەخەڵكی كوردستان دەكرد. ئێستاكە ڕەوشەكە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت دوای بڵاوبوونەوەی ڤاكسین و خۆگونجاندن لەگەڵ شوێنەوارە تەندروستی و ئابوورییەكانی پەتاكە ئەوەتا لەم ساڵدا توانیومانە8 هەزار و 756 مۆڵەتی بازرگانی بدەینە كۆمپانیاكان بەتایبەتی كۆمپانیاكانی دەرمان و بیناسازی و خۆراك و ئاژەڵداریی و لەبەرنامەدایە ئەم ئاستە زۆر زیاتر بەرز بكەینەوە بۆ ئەم مەبەستە دەمانەوێت لەڕێگەی گۆڕینی هەندێك رێنمایی و ئەو یاسایانەی پێشتر هەبووە هەمواریان بكەینەوەو لەگەڵ سەردەمەكەو واقیعەكەی ئەمڕۆدا بیگونجێنین و ئاسانكاریی زیاتر بۆ بوژانەوەی هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازیی بكەین، بۆ ئەوەی زیاتر پاڵپشتی بەرهەمە ناوخۆییەكان بكەین .
•    كەواتە هەنگاوەكانی بەرەو پشت بەستن بەبەرهەمی ناوخۆ دەستی پێكردووە، دەكرێت زیاتر ئەم هەنگاوانەمان بۆ روون بكەیتەوە؟
-    گەشەكردنی ژێرخانی ئابووری و بوژانەوەی سێكتەری كشتوكاڵ و دامەزراندنی سایلۆكان و پەیڕەوكردنی رێوشوێنی ئاسانكاریی بۆ ئەو كەسانەی پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆ دەكەن لەدیارترین هەنگاوە كردارییەكانە، ئەوەتا بەرهەمی گەنم وخۆراكی ئێمە لەرووی كوالێتیەوە بەرزەو بۆ ئەوەی ئێمەش گرنگی بەم لایەنە بدەین سێ سایلۆمان دروست كردووەو لە 95%ی كارەكانی تەواو بووە، ئەویش سایلۆكانی ( كەلارو قوشتەپەو روڤیا) یە كە هەریەكەیان توانای 40 هەزار تۆن گەنمیان هەیە و لەگەڵ 8 سایلۆكەی دیكەو چەند سایلۆیەكی كەرتی تایبەتیش كە توانای 500 هەزار تۆنیان هەیە بەهەموویان توانای هەڵگرتنی ملیۆن و 700 هەزار تۆن گەنمیان دەبێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ دامەزراندنی ناوچەكانی پیشەسازی خۆراكی . لایەنێكی دیكەی گرنگ كە پێویستە پەیڕەو بكرێت ئەویش لایەنی هوشیارییە  بەداخەوە خەڵكی خۆمان ناچن گرنگی بەخۆراك و بەرووبوومی كشتوكاڵی ناوخۆ بدەن كە لەرووی كوالێتی و تەندروستی یەوە دەوڵەمەندە،  دەچن روو لەكاڵاو بەرهەمی هەرزانی وڵاتانی دراوسێ  بیانی دەكەن، لەكاتێكدا پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی لە ئەگەری قەیرانەكان دوورمان دەخاتەوەو لەرووی كوالێتی و تەندروستیشەوە لەئاستێكی بەرزدایە. 
•    مەبەستت قەیرانی قۆرخكاری و گرانبوونی نرخی كاڵاو پێداویستی یە خۆراكییەكانە؟
-    بەڵێ؛ بۆ نموونە گرانبوونی نرخی نان و سەموون كە پەیوەندی بە گرانبوونی نرخی گەنمەوە هەبوو لە سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی گەنم كە لەروسیایەو دواتر دێتە توركیاو هەرێمی كوردستان، خۆشبەختانە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر زوو رێوشوێنی پێویستی گرتەبەر و رێگای بەم گرانبوونەی ئەم پێداویستی یە رۆژانەو گرنگەی خەڵكی نەدا، تەنانەت لەئێستادا لەسایلۆكانی هەرێمی كوردستان گەنمێكی جوانمان وەرگرتووەو نانەواخانەكانی خۆمان دەتوانن ئاردەكەی خۆمان لەگەڵ ئاردی سفر تێكەڵ بكەن و نانی لێ دروست بكەن، بەشێوەیەكی گشتی لەهەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك گرفتی ئارد دروست نابێت و كۆمپانیاكانی ناوخۆ دەستیان بەبەرهەمهێنانی ئاردی سفر كردووە و لەگەڵ ئاردی خۆماڵی تێكەڵی دەكەن و ئاردێكی باش و بەسوود دەبێت بۆ نانەواخانەو سەمونخانەكان .  لەبواری بەرهەمی بەرووبوومە كشتوكاڵییەكانیشەوە بەهەمان شێوە ئاستی بەرهەمی ناوخۆ بەرز بووەتەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهای زۆر لەبەرهەمەكانی وڵاتانی بیانی بەرزبووەتەوەو ئەمەش هانی جوتیاران دەدات زیاتر روو لەبەرهەمی خۆماڵی بكەن.  
•    هەموو ئەم پرس و بابەتانەی باسمان كرد پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەكانی حكومەتی عێراقیش هەیە، چونكە لەرووی سیاسەتی بارزگانی دەرەكی و داراییەوە كوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا هەرێمێكی فیدراڵی یە، ئایا لەم رووەوە چی كێشەیەكتان لەگەڵ عێراق هەیە؟
-    پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق باشە؛ ئێمە یەكێكین لەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتیانەی رۆژانە چەندین پرس و بابەت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی عێراق كۆمان دەكاتەوە و بەردەوام سەردان و گفتوگۆ لەگەڵ یەكتر دەكەین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان لە 17 بەڕێوەبەرایەتی پێكهاتووە كە زۆربەیان پەیوەندیان بەعێراقەوە هەیە وەكو بەڕێوەبەرایەتییەكانی پسوولەی خۆراك و چاودێری بازرگانی و دروستكراوی دانەوێڵە و بازرگانی دانەوێڵە كە پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ عێراق هەیە و ئیشوكارەكانیان پێكەوە ئەنجام دەدەن. لەگەڵ ئەمەشدا زۆربەی ئەو دیدارو گفتوگۆیانە بۆ زیاتر چارەسەركردنی كێشەكان و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان و عێراقیش، ئەوەتا ئێمە كێشەمان لەبواری هەناردە هەیە و پێویستمان بەسیتەمێكی هاوبەشە لەگەڵ عێراقدا هەیە، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە لەدوا كۆبوونەوەماندا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق هەردوو لا رێكەوتین بەوەی سیستەمێكی هاوبەش لەسەر ئاستی عێراق دابنێین بۆ رێكخستنی هەناردە، هاوكات بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و خێرا بەڕێوەچوونی مامەڵەی بازرگانەكان هەنگاوی باش نراوەو نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیمان لەشاری دهۆك داناوەو لەئایندەیەكی نزیكیشدا ئەو نووسینگەیە لەسنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانیش دادەنێین و هەمواری رێنماییەكانیش دەكەینەوە. 
بەشێوەیەكی گشتی نزیكبوونەوەی نێوان هەرێم و عێراق لەرووی بارزگانی و ئابوورییەوە بەقازانجی هەمووان و بوژانەوەی ئابووری وڵات و هەرێم تەواو دەبێت و كەرتی بازرگانی و پیشەسازیی و سەرجەم سێكتەرەكانی دیكە زیاتر دەچنە پێشەوە.