كونسوڵی گشتی ئیمارات : ئەزموونی كوردەكان بۆ  گەشەی ئابووری و پیشەسازیی ئەزموونێكی گرنگە

كونسوڵی گشتی ئیمارات : ئەزموونی كوردەكان بۆ  گەشەی ئابووری و پیشەسازیی ئەزموونێكی گرنگە




2022-01-05 07:40:51



   ئەحمەد ئیبراهیم ئەلزاهری كە پێشتر لە لوبنان و ئێران و كوێت و ڤەنزەوێلا كاری كردووەو لەئێستادا كونسوڵی گشتی ئیماراتە لەهەرێمی كوردستان و  راستەوخۆ سەرپەرشتی بەشی بازرگانی و ئابووری لەناو كونسوڵخانەكە دەكات، سەبارەت بە ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم گەشەی كەرتی پیشەسازیی لەهەرێمی كوردستان و چەند پرس و تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندار؛ گۆڤاری سامان ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵیدا ئەنجام داوە. 
•    وڵاتی ئیمارات پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە؛ ئەمەش هاندەرێكی باشە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەكان، سەرەتا حەزدەكەین باسی رۆڵی كونسوڵخانەی ئیمارات لەهەرێمی كوردستانمان بۆ بكەیت بۆ باشتركردنی ئەم پەیوەندییانە؟
-    سەرەتا پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەكەتان خۆشحاڵم ئەگەر پەیفێكی كورت لەسەر پەیوەندییەكانی وڵاتەكەم لەگەڵ هەرێمی كوردستان باس بكەم؛ ئێمە لەئیمارات پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەرێگەی فەخامەتی سەرۆك مەسعودبارزانی یەوە بۆ پێش كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتی ئیمارات لەكوردستان  دەگەڕێتەوە، ئێمە لەوڵاتی ئیمارات بەگرنگی یەوە دەڕوانینە ئەم پەیوەندییانە.  لەگەڵ دواسەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئیمارات و دیدارە مێژوویەكەی لەگەڵ فەخامەتی شێخ محمد بن زائید ئال نەهیان جێنشینی ئەبوزەبی جەخت لەسەر برەودان بەپەیوەندییەكان لەهەموو بوارەكاندا كرایەوە، هاوكات سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەكەم كە هەنگاوەكانی چاكسازیی و گۆڕانكارییان دەست پێكردووە، بەتایبەتی لەبواری پاراستنی سەقامگیری و ئارامی نێوخۆی وڵات و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم و گرنگیدان بە گەشەكردنی بەرهەمی ناوخۆو بوژانەوەی كەرتی پیشەسازیی.
ئێمە لەدەوڵەتی ئیمارات ئامانجمانە ئەم پەیوەندییانە  بەهێزتر بكەین بەتایبەتی لەرووی هاتنی وەبەرهێنەرانی ئیمارات و گەورە كۆمپانیاكانی وڵاتەكەمان بۆ كوردستان. ئەم پەیوەندییانەش بنەمای سەرەكی بەهێزبوونی پەیوەندیی سیاسی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی یە.. هەموو ئەم دیدگا و ستراتیژییانەش  پێویستی بەكاری هاوبەش و هەڵگرتنی هەموو ئەو كۆت و بەربەستانە هەیە كە دەبێتە هۆی سنوورداركردن و دووركەوتنەوەی بیزنسكاران و وەبەرهێنەران لەكاری گەورەو باش.
•    وەكو دیبلۆماسێكی كارا چۆن دەڕوانیتە ژینگەی وەبەرهێنان و گەشە لەهەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی كە بەڕێزتان گرنگیەكی زۆر بەلایەنی ئابووری و پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەكان دەدەیت، چۆن دەڕواننە خاڵە بەهێزو لاوازەكانی بەردەم بوژانەوەی وەبەرهێنان و كاری بیزنس؟
-    ئەمە پرسیارێكی گرنگە؛ سەرەتات دەمەوێت باسی خاڵە بەهێزەكان بكەم بۆ ئەوەی زیاتر پارێزگاریی لێ بكەن و بەرەوپێشەوە ببەن، ئاشكرایە هەرێمی كوردستان پێش ساڵی 2014  وەرچەرخانێكی  گەورەی بەخۆوە بینی و كاریگەری ئەم وەرچەرخانەش تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت پێوەی دیارە، بەڵام شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و شوێنەوارەكانی پەتای كۆرۆنا شوێنەوارەكانی بەسەر بازاڕ و ئابووری كوردستانەوە بەجێهێشت، ئەو دەمە كۆمپانیای گەورەكانی ئیمارات روویان لەهەرێمی كوردستان كردبوو، پەیوەندییەكانی ئیمارات و كوردستان زیاتر بووە پەیوەندیی هاوكاری خێرخوازی و پاڵپشتی حكومەت بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەو پەناهەندەكان بوو ، ئەوەبوو مانگی سووری ئیماراتی  و دامەزراوەی خەلیفە بن زاهد و رێكخراوە خێرخوازییەكانی دیكەی ئیمارات پاڵپشتی ئەو ئەركە قورسەی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دەكرد،  لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە لە ئیمارات پێمان وایە كوردستان خاوەنی سەركردایەتیەكی باشە كە دیدگا و ستراتیژییەتێكی بۆ ئایندە هەیە، پاراستنی سەقامگیری و ئارامی هەرێمەكەو هەوڵە بەردەوامەكانی گەیشتن بە ئابووری بازاڕ و لیبرالیەتی ئابووری و بوونی هەلی كارو باشبوونی داهاتی تاكەكەسی و بوونی دوو فرۆكەخانەو سەرمایەی گەورەو سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی دەوڵەمەند و كۆمپانیا و بازرگان و وەبەرهێنەرانی باش و لەمانەش گرنگتر بوونی بازاڕێكی فراوان و گەورە كە دەكرێت سوود لەبازاڕی عراقیش وەربگرن، هەموو ئەم خاڵانە  هەمووی كۆمەڵێك نیشانەی ئابووری بەهێزن و بەڵگەن بۆ ئەوەی پشت بەخودا هەرێمەكە روو لەوەرچەرخانێكی دیكە كردووە. لەمەش گرنگتر پرسی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لەكوردستاندا قۆناغی گەورەی بڕیوە ئەمە نەك بۆ ناوبانگی میللەتی كوردو هەرێمەكە گرنگە بەڵكو بۆ بوژانەوەی ئابووریش گرنگە.
•    پرسێكی گرنگت وروژاند؛ ئەویش پرسی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی یە؛ كە لەهەرێمی كوردستان مێژوویەكی قووڵی هەیە، ئێوە لەئیمارات چۆن دەڕواننە ئەم پرسەو كاریگەرییەكانی لەسەر سەرجەم كایەكانی ژیان بەتایبەتی سێكتەرە ئابووری و پیشەسازییەكان چی یە؟ 
-     ئێمە لەئیمارات زۆر بەگرنگیەوە دەڕوانینە دوو خاڵی گرنگ كە لەهەرێمی كوردستان بوونی هەیە ئەویش: ( سەقامگیریی و پرسی پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەو ئاین و ئاینزاكان)ە، ئەمە خاڵێكی هاوبەشە لەنێوان ئیمارات و هەرێمی كوردستاندا، لای ئێمەش زیاتر لە100  نەتەوەو ئاین و ئاینزا بوونیان لەسەر خاكی ئیمارات  هەیە، ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاینی پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبووردەییە، هەر ئەمەشە وایكردووە كوردەكان نەتەوەیەكی رەسەنن و  بەناوبانگ بن بۆ میوانداریی و رێزگرتن لەبەرامبەر ئەمە ئەزموونی هەشتاكانی سەدەی رابردووی دەوڵەتی ئیماراتم بیر دەهێنێتەوە. كە لەگەڵ بوونی سەقامگیری و ئارامی و سامانی سروشتی دەوڵەمەند هەموو پێكەوە دەبنە هۆی سەقامگیری ئابووری و گەشەی بازاڕ و پێشخستنی سێكتەرەكانی گەشتیاری و پیشەسازیی و كاری هاوبەش، نەتەوەی كورد لەبەر ئەوەی ساڵانێكی زۆرە دووچاری زوڵم و چەوسانەوە بووە،  لەهەموو گەلانی دیكەی ناوچەكە زیاتر هەست بە ئازارو مەینەتیەكان و چەوسانەوە تێگەیشتووە،  لەمەش گرنگتر بوونی ئیرادەیەكی بەهێزە لای سەرۆك و سەركردەو گەلی كوردستان بۆ بونیاتنانی ژیانێكی بەختەوەرو خۆشگوزەران؛ ئەمە خاڵێكی زۆر بەهێزە. لەم روانگەیەوە زۆر گرنگە نەتەوەیەك بیەوێت لەئارامی و خۆشگوزەرانی دا بژی هەوڵی ئەوە بدات لەهەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزا لەسەر خاكەكەی بوونی هەبێت،  دواجار تۆ هەرێمێكی لەناو كۆمەڵێك وڵات و نەتەوەی جیاواز لەجیهاندا و پێویستیت بەبوونی هەموو ئەم فرەرەنگی و تێكەڵاوییە دەبێت، بەتایبەتی بۆ هاندانی كەرتی گەشتیاریی و بازرگانی و تەنانەت بۆ راكێشانی هزرو تواناو شارەزایی بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازیی، نابێت ئەوەش لەیاد بكەین ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەهێزكردنی ئەم پەیوەندییانە بوژانەوەیەك بەهەرێم و عێراقیش دەبەخشێت، ئێمە لەسەردەمی خوالێخۆشبوو شێخ زاهد بن  سوڵتان ئالنهیان دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیمارات  لەسەر بنەمای دوور لەتوندوتیژی و دەمارگیری 7 ئیمارات لەناو یەك دەوڵەتدا دامەزراندوو ئامانجی پاراستنی یەكێتی خاك و گرنگی بەهاونیشتمان و مرۆڤایەتی دا، دەوڵەتی ئیمارات لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی و هاوڵاتیبوون و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان بونیات نرا،   ئەمڕۆش ئەزموونی كوردەكان ئەزموونێكی دەوڵەمەندەو ئیمارات پێی دەزانێت، ئێمە بە گرنگیەوە دەڕوانینە بەهاناچوونی ئەو هەموو ئاوارەو پەناهەندەیەی ناوچەكەو عێراق ، من لە كەمپەكاندا لەنزیكەوە گفتوگۆو قسەم لەگەڵ ئاوارە عەرەبەكان كرد كە هەموویان رازی بوون لە چۆنیەتی پێشوازی و تەنانەت زۆربەیان ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.
•    لەگەڵ ئەم هەموو خاڵە ئەرێنی و دەوڵەمەندانە هەموو هەرێم و دەوڵەتێك بۆ بوژانەوەی كەرتی پیشەسازیی و گەیشتن بەكۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن دووچاری كۆمەڵێك تەحەددا دەبێت ، ئایا بەپێی ئەو دیراسەو بەدواداچوونانەی ئێوە هەرێمی كوردستان ئەو خاڵە نەرێنی و لاوازانە چین كە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پێشخستنی ئابووری و گەیشتن بەئابوورییەكی بەرهەمدار؟  
-    یەكێك لەگرفت و كێشەكانی بەردەم ئابووری و گەشەسەندنی كوردستان ئەو پشت بەستنە زۆرەیە بە داهاتی هەناردەكردنی نەوتی خاو، بەڕادەیەك زۆربەی داهاتی ناوخۆیی هەرێم پشتی بەداهاتی هەناردەكردنی نەوت بەستووە، ئەمە یەكێكە لەو هەڵە گەورانەی كە لەكاتی دابەزینی بەهای نەوت و ناسەقامگیری بازاڕەكانی نەوتی خاو یاخود لەكاتی هاتنە پێشەوەی هەر كێشەیەكی دیكە بەروونی هەستی پێ دەكەن و هەرێم رووبەرووی قەیرانێكی سەختی دارایی دەكاتەوە. نەوت و غازی سروشتی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت و پترۆكیمیاویی و بەرهەمهێنانی كارەبا و دەیان پیشەسازیی دیكە بەكاربهێنن، ئەمە سەقامگیری و سەربەخۆیی ئابووری و دارایی بەهەرێمی كوردستان دەبەخشێت و لەناوخۆشدا یەكێتی خاك و نزیكبوونەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەكان وا دەكات سەرجەم پەیوەندییەكانی دیكە بەهێز بكات.
لێرەدا دەمەوێت باسی خاڵێكی گرنگ بكەم ئەویش راگەیاندن و كەناڵەكانی راگەیاندنە ، دەبێت راگەیاندن لەهەرێمی كوردستاندا هەست بەبەرپرسیارێتی بكات و گرفت و كێشەكان گەورە نەكاتەوەو جەخت لەسەر لایەنی ئەرێنی لەهەرێمی كوردستان بكاتەوە، تەنانەت لەبواری گەشتیاریی و پیشەسازییەوە راگەیاندن لاوازە، ئێوە گرنگی بەراگەیاندنی زمانی عەرەبی نادەن لەكاتێكدا دەتوانن وەبەرهێنەر و بیزنسكارو گەشتیاری عەرەبی بە ناوچە گەشتیارییەكان و بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی كوردستان بناسێنن، دەكرێت راگەیاندنی ئابووری بكرێتە بنەمایەك بۆ راكێشان و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی بیانی. 

•    ئیمارات یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆر گرنگی بەپەروەردەو خوێندن دەدات ؛ تاچەند پەروەردەو خوێندن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توانای مرۆیی گرنگە، بەتایبەتی كە بۆ پێشخستنی سێكتەری پیشەسازیی هەرێمی كوردستان؟
-    پیشەسازیی و تەواویی سێكتەرەكانی دیكە بەبێ بوونی دەستی كارا و هێزی مرۆیی شارەزاو پسپۆر هەرگیز گەشە ناكات، ئێمە لەدەوڵەتی ئیمارات زۆر گرنگیمان بەم بوارە داوەو جەختمان لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمان كردووە لەگەڵ گەورە زانكۆكانی جیهان و مامۆستاو خەڵكی شارەزا لەدەرەوە كردووە، لە هەرێمی كوردستان پێویست بەوە دەكات بەردەوام گۆڕانكاریی و چاكسازیی لە پرۆگرامەكانی خوێندن و پسپۆرایەتیەكاندا بەپێی پێداویستیەكانی سەردەم بكەن، ئێمەش سەرەتا رێژەی نەخوێندەواری  لەوڵاتەكەماندا زۆر بەرز بوو شێخ زاهد ئەم رێژەیەی بۆ كەمتر لە 1% كەمكردەوەو ئەوانەش ئەو مرۆڤە بەتەمەنانە بوون كە ئەو هەلەیان دەست نەكەوتبوو، ئێستا نەوەیەكمان هەیە بەهێزن لەبواری زانستی ئابوورییەوە، سوپاس بۆ خودا هەرێمی كوردستانیش لەرووی خوێندن و زانست و مەعریفەوە بەرەوپێشەوە چووە و گرنگی بەئابووری و زانست و زانیاری باش دەدەن .
•    چۆن بیزنسكارو بازرگان و كۆمپانیا كوردستانییەكان بتوانن سوود لەئەزموونی ئیماراتی وەربگرن و سەرمایە و كاری كۆمپانیاكەیان فراوان و گەورە بكەن و بەسەر ئاستەنگ و بەربەستەكاندا زاڵ بن؟
-    من خۆم راستەوخۆ سەرپەرشتی بەشی ئابووری و بازرگانی لەكونسوڵخانەی ئیمارات لەهەرێمی كوردستان دەكەم، سەرەتا دەبێت گەورە بازرگان و بیزنسكارو وەبەرهێنەرانی كوردستان بتوانن بەسەر تەحەدییەكانی قەیرانی دارایی و ئابووری و پەتای كۆرۆنا و گرفت و كێشەكانی نێوخۆی دامەزراوەكەیان یاخود كۆمپانیاكەیان زاڵ بن، چونكە دواجار وەبەرهێن و ئاڵووێری بازرگانی و كاری بیزنس بەردەوامە ئەوەی راوەستێت بازاڕەكە بەجێی دەهێڵێت و زیانی گەورە دەكات. من دڵم زۆر بەیاسای نوێی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان خۆشە كە بڕیارە بەمنزیكانە پەسەند بكرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو پلانێكی نوێی ئابووریش لەم كابینەیەدا دانراوە كە پشت بە فرەجۆركردنی سێكتەرەكانی ئابووری و گەشەكردن بەكەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و پیشەسازیی، ئەمەش هەلێكی زێڕینە لەبەردەم بازرگان و پیشەسازیكاران و گەورە كۆمپانیاكانی كشتوكاڵ و گەشتیاریی یەوە، چونكە بەم پلانە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هەڵگرتنی ئاستەنگەكان و چارەسەركردنی هەموو گرفت و كێشەكانی بەردەم پەرەپێدانی كارو بیزنس لەهەرێمی كوردستاندا ، بەهاتنی گەورە كۆمپانیاكانی ئیمارات و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە و جیهان بۆ بەشداریكردن لەكاروباری وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان هەلێكی دیكە بۆ بازرگانی و پیشەسازیكاران و كۆمپانیا نێوخۆییەكان دروست دەبێت بۆ ئەوەی هەم سوود لە شارەزایی و توانای ئەو كۆمپانیانە وەربگرن و هەم بتوانن هاوبەشی دروست بكەن بۆ پەرەپێدانی كاروچالاكییەكانیان.

•    بەڕێزت سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی كوردستانت كردوو دیدارو چاوپێكەوتنت لەگەڵ نوێنەرانی بازرگانان و پیشەسازیكاران ئەنجام دا ؛ ئایا بەرنامەو پلانتان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان چی یە؟
-    سەرەتا بەپێویستی دەزانم سوپاسی سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان دارا جەلیل خەیات بكەم، كە بەردەوام خەمخۆری بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیانە لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات و هەردوو لامان پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ زیادكردنی هەلی وەبەرهێنان لەنێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئیمارات و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بیزنسكارو وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەبەرهێنەرانی دەوڵەتی ئیمارات، ئامانجمان زۆرە لەنێوان وەبەرهێنەرانی ئیمارات و وەبەرهێنەرانی كوردستان گرێبەست و رێكەوتن واژوو بكرێت. من لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەولێر باسی بوژانەوەی پیشەسازیی و بەهێزكردنی پەیوەندی رۆشنبیری و كلتووری نێوان كورد و ئیماراتیم كرد چونكە بەهێزكردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و فەرهەنگی رۆڵی گەورەی دەبێت لەیەكتر نزیكبوونەوەی نێوان بازرگان و پیشەسازیكاران.