دكتۆر ئەمیر سەلیم: نەبوونی بانکی پێشكەوتوو.. خراپی سیستەمی دارایی هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی كەرتی پیشەسازیی یە

دكتۆر ئەمیر سەلیم: نەبوونی بانکی پێشكەوتوو.. خراپی سیستەمی دارایی هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی كەرتی پیشەسازیی یە

2022-02-03 06:13:47

نەبوونی سیستەم و سەرچاوەی پێشکەوتووی بانکی و پارەدارکردن بۆ بە ئاسانی دەستکەوتنی قەرز، بەیەكێك لەهۆكارە گرنگەكانی پێش نەكەوتنی ئابووری و پیشەسازیی دادەنرێت، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ دكتۆر ئەمیر سەلیم شارەزا و پسپۆری بواری دارایی جەخت لەسەر ئەم ئاستەنگە گرنگەو چۆنیەتی لابردنی دەكەینەوە.

لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا پیشەسازیكاران

بە ئاسانی دەگەن بە سەرچاوەی دارایی پێویست لەرێی بانکەکانەوە

دكتۆر ئەمیر سەلیم سەرۆكی بەشی دارایی و بانك لەزانكۆی سەلاحەدین سەبارەت بەگرنگی سیستەمی دارایی و بوونی بانكی پێشكەوتوو پێی وابوو: (( سیستەمی بانک رۆڵێکی بەهێز و کایگەر دەگێڕێت لە بەرەوپێشچوونی ئابووری و گەشەکردنی کەرتە جۆراوجۆرەکانی ئابووری. ئەو وڵاتانەی لەرووی ئابوورییەوە لە ئاستێکی بەرزی پێشکەوتندان، چونکە پرۆژە و کۆمپانیاکان بە گشتی و پرۆژە پیشەسازییەکان لەو وڵاتانەدا بە ئاسانی دەگەن بە سەرچاوەی دارایی پێویست لەرێی بانکەکانەوە.

ئەگەر سەیرێکی بارودۆخی ئێستای کوردستان بکەین دەبینین کە کەرتی پیشەسازی وەک پێویست پەرەی نەسەندووە، بۆ ئەمەش هۆکار گەلێک رۆڵیان هەیە لەوانە، ئەوان ناتوانن کێبڕکێی بەرهەمی بیانی بکەن، بەمەش بەرهەمەکانیان لە بازاڕ بە ئاسانی ساغنابنەوە، رەنگە گەڕانەوەی سەرمایە لەم کەرتەدا ماوەیەکی درێژ بخایەنێت و خاوەن کارەکان دڕەنگ دەستمایە و قازانجیان بگاتەوە دەست، یاخو رەنگە خەڵک ئاشنا نەبێت بە بەرهەمەکانیان بەهۆی لاوازی بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان، ڕاهاتنی خەڵکی خۆمان بە بەکاربردنی بەرهەمە بیانییەکان هۆكارێكی دیكەیە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەکرێت بڵێین کە نەبوونی سەرچاوەی پێشکەوتووی بانکی و پارەدارکردن بۆ بە ئاسانی دەستکەوتنی قەرز و پاڵپشتی دارایی هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوەیە، چونکە ئەگەر خاوەن پرۆژە پیشەسازییەکان بتوانن بە ئاسانی بگەن بەسەرچاوەی دارایی لە رێی بانکەکان دەتوانن پرۆژەکانیان فراوان بکەن و جۆری بەرهەمەکانیشیان پێش بخەن و بەبازاڕبردنێکی باشیشیان بۆ بکەن کە لە ئاکامدا رێژەی فرۆشی بەرهەمەکانیان زیاد دەبێت و گەشە دەکەن و کەرتی پیشەسازیش پێش دەکەوێت)).

وەبەر‌هێنەران لەرێی خستنەڕووی پشکەکان و دەرکردنی قەواڵەکان

دەتوان سەرچاوەی پێویست دارایی بەدەستبهێنن

سەبارەت بەخراپی سیستەمی بانكی و گەیشتن بەئاسانكاریی دارایی و كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی هاندانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ كردنەوەی پرۆژەی پیشەسازیی گەورە لەهەرێمی كوردستاندا دكتۆر ئەمیر سەلیم وتی:(( پێشکەوتنی کەرتی بانکی لە هەر وڵاتێک زامنی بەرەوپێشبردنی ئابوورییە بە گشت کەرتەکانییەوە. خاوەن پرۆژە و کارەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی دارایی و قەرز بۆ فراونکردنی پرۆژە پیشەسازییەکان بە پلە یەک پشت بە بانک دەبەستن، ئەمە جگە لەوەی تایبەتمەندی زۆربەی زۆری ئەو پرۆژانە پشکدارین واتە هاوبەشایەتی کۆمەڵێکی زۆری وەبەر‌هێنەرن، هەروەها بە هۆی گەورەیی و پێشکەوتنی بازاڕە داراییەکانیشەوە زۆر بە ئاسانی لەرێی خستنەڕووی پشکەکان و دەرکردنی قەواڵەکان دەتوان سەرچاوەی پێویست دارایی بەدەستبهێنن بۆ برەودان بە پرۆژەکانیان. هەربۆیە ئاساییە کاتێک وەبەرهێنێکی بیانی دێتە کوردستان پرسیار لە سەرچاوەی دارایی و سیستەمی بانکی بکات، چونکە ئەمە تەنها رێگەیەکە بۆ کردنەوەی پرۆژەکانیان و پێشخستنیان، بەوپێیەی کەوا بۆئەوەی پرۆژەکان بەرهەمی زیاتر بخەنە بازاڕ بە جۆرێتییەکی باش و نرخێکی گونجاو ئەوا پێویستە سەرچاوەی دارایی پێویستیان لە بەردەست بێت، بە تایبەتی ئەو کاتەی کە خواست و داواکاریی بەکاربەر زیاد دەبێت لە سەر بەرهەمەکانیان)).

بانک بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی ببینێت

لە پەرەسەندنی پیشەسازییدا پێویستی بە سەرمایەکی زۆر و زل هەیە

چارەسەر تەنیا دامەزراندنی سیستەمێكی پێشكەوتووی بانكی و دروستبوونی بازاڕی كاغەزە داراییەكانە، دكتۆر ئەمیر سەلیم باسی لەمەترسیەكانی بەردەوامبوونی خراپی بارودۆخی سیستەمی بانكی لەكوردستان كرد لەمبارەیەوە وتی: (( بانک بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی ببینێت لە پەرەسەندنی کەرتە جیاجیاکانی ئابووری و کەرتی پیشەسازیی بەتایبەتی پێویستی بە سەرمایەکی زۆر و زل هەیە، کە ئەمەیان تاکو ئەم رۆژە لە کوردستان بوونی نییە چ لەسەر ئاستی بانکە حکومییەکان بێت کە تەنها بوونەتە دەزگایەک بۆ دابەشکردنی مووچە و پاراستنی هەژماری دەزگاکانی حکومەت. لەسەر ئاستی بانکە تایبەتییەکانیشەوە بێت هەرچەندە هەندێک لەوان قەرزی بچووک پێشکەش دەکەن، بەڵام ئەوان توانا و سەرمایەی داراییان سنووردارە و نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بتوانن ببنە سەرچاوەی سەرەکی پارەدارکردنی پرۆژە پیشەسازییەکان.

لەگەڵ ئەوەی کە نەبوونی سەرچاوەی دارایی و قەرز و سیستەمی بانکی رێگرن لەبەردەم پێشکەوتنی کەرتی پیشەسازی، بەڵام راستییەک هەیە پێویستە ئاماژەی پێ بکەین ئەویش ئەوە کە وەبەرهێنەکان چ بیانی بن یاخود خۆماڵی ئەوەندەی بیر لە پرۆژەکانی خانووبەرە و بازرگانی خێرا دەکەنەوە ئەوەندە بیر لە پرۆژەکانی وەبەرهێنانی راستەقینەی وەک پیشەسازیی ناکەنەوە، بەو پێیەی کە دەتوانن زۆر بە ئاسانی پرۆژەکانی خانووبەرە تەواو بکەن بە پشتبەستن بە پارەی قیستەکانی هاوڵاتیان و پاشانیش قازانجێکی باش بکەن و داهاتێکی بەردەومیشیان دێتە دەست لە ژێر ناوی پارەی خزمەتگوزارییەکان ئەمە جگە لەوەی کە هیچ مەترسییەکی وای تێدا نییە کە لە داهاتوودا سەرمایەیان لەدەست بدەن یان قازانج نەکەن.

یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە کە پرۆژە و کارگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکان زیاتر تایبەتمەندی خێزانی یان حزبیان هەیە و پشت بە سەرمایەی خۆیان دەبەستن بۆ فەراهەمکردنی سەرمایە بۆ وەبەرهێنانەکانیان.

بە دڵنیاییەوە یەکێک لە رێگایەکانی دروستکردنی سیستەمی بانکی پێشکەوتوو ببتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدان بە کەرتی پیشەسازی دروستکردنی بانکەکانی وەبەرهێنانە بە شێوەی گروپ لەلایەن وەبەرهێنەر و خاوەن پرۆژەکان خۆیانەوە. ئەمەش یارمەتیدەرێکی بەهێز دەبێت بۆ دروستکردنی پرۆژە پیشەسازییەکان و فراوانکردنیان لە داهاتوودا. هەروەها دەکرێت کار بۆ ئەوە بکرێت بازاڕی دارایی کوردستان بێتە کایەوە ، ئەمەش پێوست دەکات پرۆژە و کۆمپانیایی پشکداری دروست بکرێن بۆ پەیداکردنی سەرمایە و سەرچاوەی دارایی کە پشت بە پشک و قەواڵەکانی خراوەڕوو ببەستن لەو بازاڕەدا)).