دكتۆر خالید حەیدەر :پرۆژە بچووكەكانی پیشەسازیی هاوشانی پرۆژە گەورەكان دەرفەتێكی لەبارە بۆ بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن

دكتۆر خالید حەیدەر :پرۆژە بچووكەكانی پیشەسازیی هاوشانی پرۆژە گەورەكان دەرفەتێكی لەبارە بۆ بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن




2022-01-05 10:10:42


ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم گەشەی پیشەسازیی و چۆنیەتی دانانی پلانێكی تۆكمە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم كەرتە گرنگەی ئابووری، بەیەكێك لەریزبەندی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی پەیوەندار گۆڤاری ( سامان) ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ دكتۆر خالید حەیدەر پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی ئەنجام دا.
•    لەگەڵ ئەوەی قەبارەی وەبەرهێنان لە كەرتی پیشەسازیی رووی لەزیادبوون كردووەو لێرەو لەوێ چەند كارگەیەكی نوێ دامەزراوە، بەڵام هێشتا ناتوانین بڵێین كۆمەڵگەی كوردستان لەكۆمەڵگەیەكی بەكارهێنەرەوە بەرەو كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێنان هەنگاوی خێرای ناوە، بەڕاوبۆچوونی بەڕێزت وەكو پسپۆرو شارەزایەكی ئابووری هەنگاوەكانی ئێستا تاچەند ئومێدبەخشن؟
-    ئەگەر چاوێك بەناو بازاڕو كاڵاو شمەكەكاندا بخشێنیت دەبینیت بەرهەمی نێوخۆیی لەناو ئەم بازاڕانەدا زۆر كەمن و بگرە غیابێكی بەرچاو لەبەرهەمی پیشەسازیی نێوخۆی كوردستان دەبینین بەتایبەتی لەبوارەكانی پیشەسازیی خۆراكی و بەرهەمهێنانی كەرەستەی جۆراوجۆر، هەرچەندە لەكەرتەكانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆو ئاسن بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی بەرهەمی ناوخۆ رووی لە زیادبوون و پێشكەوتن كردووە بەڕادەیەك لە 40%ی خستنەڕووی بازاڕی عێراقیشی دابین كردووە، ئەمەش بۆ كەمی تێچوونی گواستنەوەی ئەم بەرهەمانە دەگەڕێتەوە. 
بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر بابەتی نەوتی خاو لە گفتوگۆو پرسەكە جیابكەینەوە دەبینین ناهاوسەنگی باڵانسی هاوردەو هەناردە هەیە لەكەرتی بازرگانی كوردستاندا بوونی هەیە، یەكێك لەهۆكارەكانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەرهەمی بیانی تێچوونێكی كەمتری هەیە ئەگەر بەراوردی بكەین بەبەرهەمی ناوخۆیی. بەرهەمی چین و توركی و ئێرانی تێچوونی كەمترە و نرخی هەرزانترەو زۆرجار كوالێتیشی بەرز ترە، ئەمە وێڕای ئەوەی هەندێك بواری وەكو ئەلەكترۆنیات و ئامێرە كارەباییەكان و ساردكەرەوەو گەرمكەرەوە و پیشەسازی دیكەی قورس و مامناوەندی و پیشەسازیی كەرەستەی بیناسازیی و رۆن و زەیت و دەیان جۆری دیكەی پیشەسازیی لە بازاڕەكانی  هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا ونن ئەگەر لێرەو لەوێ چەند پیشەسازییەكی بچووك و كەمیش لەبوارێكدا هەبێت ئەوا لەرووی چەندایەتی و كوالێتیشەوە توانای كێبركێی بەرهەمی بیانی نییە، ئەمەش وایكردووە بیزنس و وەبەرهێنەرانی خۆمان روو لەو سێكتەرانە بكەن كە قازانجێكی خێرای تێدایە وەكو  كەرتەكانی خانووبەرەو بازرگانی. هەرچۆنێك بێت هەنگاوەكانی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتیش بەپێی خواست و ویستی ئێمەی شارەزایانی ئابووری نییە بەڵام تارادەیەك ئومێد بەخشە.
•    بەڵام خۆ هەندێك پیشەسازیی سووك و مامناوەندی هەیە وەكو پیشەسازیی خۆراك و بەرووبوومە كشتوكاڵیەكان و لەقوتوبەندو پێداویستی دیكە كە تەكنەلۆژیاو شارەزاییەكی بەرزی ناوێت ، ئەی  بۆچی لەهەرێمی كوردستان گرنگی بەم جۆرە پیشەسازییانەش نەدراوە؟
-    منیش لەگەڵ  ئێوەدا هاوڕام؛ خۆ دەكرێت لە پیشەسازیی خۆراك و دروستكردنی چەندین كەلوپەل و پێداویستی دیكە هەنگاوی گەورە بنێین ئەم پیشەسازییانە  شارەزایی و تەكنەلۆژیای بەرزو سەرمایەیەكی زۆری ناوێت و تەنانەت خواست و بازاڕێكی گەرمیشی هەیە، رەنگە ئەمە بۆ نەبوونی پلانێكی تۆكمەی ئابووری بگەڕێتەوە كە كارئاسانی و پاڵپشتی و هاوكاریی وەبەرهێنەران بكات بۆ گرنگیدان بەمجۆرە پیشەسازییە بچووك و مامناوەندییانە، تەنیا ئاستەنگێك لەبەردەمیاندا كەمی تێچوونی یەكەیەكی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە بەرهەمانەیە كە لەرووی دەستی كارو كەرەستەو ئامێرو شارەزاییەوە هەلی زیاتریان بۆ رەخساوە و توانای كێبركێی بەرهەمی خۆماڵی ئێمەیان هەیە. بۆ تەحەدداكردنی ئەم كێبركێ یە دەبێت بگەڕێینەوە سەر باسكردنی بنەمایەكی زانستی كە لەبواری ئابووریدا پێی دەوترێت پسپۆری و دابەشكردن و تایبەتمەندێتی لە كاروبارێكی دیاریكراودا، بەواتایەكی دیكە سەرەتا لەرووی كەڵكی ئابوورییەوە بەرەو ئەو پیشەسازییە بڕۆین كە تواناو ژینگەی لەباری پێشكەوتن و گەشەی مسۆگەرترە. بۆ نموونە بەرهەمی خۆماڵی لەرووی كوالێتی و دەوڵەمەندییەوە باشترە لەبەرهەم و بەرووبوومە كشتوكاڵیەكانی وڵاتانی بیانی لەبەروومە كشتوكاڵیەكانیش بەرهەمهێنانی ئەو خواردەمەنی و خۆراكییانەی پشت بەگەنم و تەماتەو ترێ و هەنارو گوڵەبەرۆژەو هەموو ئەو بەرهەمانەی دیكە دەبەستێت كە بەقەبارەیەكی زۆرو هەرزان هەیە.
•    باسی خاڵێكی گرنگت كرد ئەویش نەتوانینی پیشەسازیكارانی خۆمانە بۆ كێبركێكردن لەگەڵ بەرهەمی پیشەسازیی بیانی؛ ئایا لەرووی زانستی و پراكتیكی یەوە چی بكرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی كوردستانیش لەرووی چەندایەتی و چۆنایەتی یەوە لەئاست بەرهەمی ئەو وڵاتانەدا بێت، چونكە دواجار ئەوە بەرزی كوالێتی و زۆری بەرهەمە كەوا دەكات كۆنترۆڵی بازاڕ بكات و رەواج لای كڕیار دروست بكات؟
-  لای هەمووان روون و ئاشكرایە وڵاتانی بیانی چەندین ساڵە ئەزموون و شارەزاییان وەرگرتووەو رێژەی بەفیڕۆدان و تێچوونی یەك یەكەی بەرهەمهێنانیان كەمتر بووەو بەردەوامیش لەرێگەی داهێنان و هزری نوێوە گرنگی بە بەرهەمەكانیان دەدەن، بەپێچەوانەی ئێمەوە كە سەرەڕای تێچوونی گواستنەوەی بەرهەمی بیانی كەچی هەر تێچوونی یەكەیەكی بەرهەمەكەی ئەوان لەهی ئێمە كەمترە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی زۆربەی بیزنس و وەبەرهێنەران روویان لەكەرتی بازرگانی كردووەو بەتواناو سەرمایەیەكی بەرزەوە كاڵایەكی زۆر دەهێنن و دەیخەنە بازاڕەوە بێ ئەوەی هیچ رێنمایی و مەرجێكی دارایی و رێنمایی دانرێت، بازاڕەكانیان نغرۆی كاڵاو خۆراكی بیانی كردووە، تەنانەت بەهۆی كێبركێی دەروازە سنوورییەكانەوە بۆ راكێشانی بازرگانەكان تاریفەی گومركی لەئاستێكی وادا نییە تێچوونی یەكەیەكی بەرهەمهێنانی ئەوان لەیەكەیەكی تێچوونی بەرهەمی خۆماڵی بەرزتر بێت، ئەوەتا لەهەرێمی كوردستان دوو كارگەی لەقوتوبەندی دۆشاوی تەماتەمان هەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی باڵپشتی تێچوونی یەكەیەكی بەرهەم لەم كارگانە زیاترە لەنرخی دۆشاوی تەماتەی توركی و ئێرانی.  ئەمەش زۆر جار بەناچارییە بۆ ئەوەی قەیرانی دەگمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەكان روو نەدات كە خۆی لەخۆیدا بازاڕەكانی كوردستان و عێراق لەدۆخێكی هەڵاوساندان بەتایبەتی دوای داشكانی بەهای دینار بەرامبەر دراوە بیانییەكان، لێرەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە چەند هەنگاوێكی پراكتیكی بنێت لەوانە:
1- پاڵپشتی و كارئاسانی بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی كە روو لەكەرتی پیشەسازیی و دامەزراندنی كارگە دەكەن.
2- لێخۆشبوون لەتاریفەی گومرگی هێنانی ئامێرو كەرەستە پێشكەوتوو تەكنەلۆژییەكانی بواری بەرهەمهێنان.
3- گرنگیدان بەژێرخانی وڵات لەبواری كارەبا و ئاوو رێگاوبان و ئاسانكاریی هاتوچۆ.
4- ئاسانكاریی بانكی و قەرزی بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی كارگە دادەمەزرێنن.
5- دانانی رسوماتی گومرگی لەسەر ئەو بەرهەمانەی لەناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت و لەرووی چەندایەتی یەوە توانای دابینكردنی خواستی بازاڕەكانیان هەیە. 
6- بڵاوكردنەوەی هوشیاری و شارەزایی لای بەرهەمهێن و بەكارهێنەر بەوەی هاوكاری و پشتگیریی بەرهەمی ناوخۆ بكەن و كارگەكانیش لەئاست خواست و ویستی سەردەمیانەی كڕیارو بەكاربەردا بن. 
بەشێوەیەكی گشتی هەرچەندە لەرووی كەرتی تایبەتەوە سەرمایەیەكی باش لەهەرێمی كوردستان هەیە بەڵام ئێمە لەژینگەیەكدا دەژین بەگشتی  هاوكارو یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی پرۆسەیەكی پیشەسازیی تەندروست بونیات بنرێت و سەركەوتوو بێت. 
•    بەڵام ئەم ژینگەیە لەبەرهەمهێنانی هەموو كاڵاو خۆراكێكدا وەكو یەك نی یە بەواتایەكی دیكە ئایا چی وایكردووە لەكەرتێكی بەرهەمهێناندا ژینگەكە لەبار بێت و لە بوارێكی دیكەدا لەبار نەبێت؟
-    زۆر لە پیشەسازییەكانی عێراق لەهەرێمی كوردستانە بەتایبەتی لەشاری سلێمانی وەكو پیشەسازیی چیمەنتۆو ئاسن، ئەوە بوونی كەرەستەی خاوو دەوڵەمەندو كەمی تێچوونی گواستنەوەی ئەو كاڵاو بەرهەمانەیە بەراورد بە زۆری تێچوونی ئەو كاڵایانە لەوڵاتانی دیكەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی گەورە كۆمپانیای پێشكەوتوو لەو بوارەدا كار دەكەن و سەرمایەكەیان ئەوەندە بەرزە توانای كێبركێی نرخی هەمان جۆری كاڵا دەكەن كە لەدەرەوە دەهێنرێتە ناو هەرێمی كوردستان، ئەمە جگە لەوەی لەرووی كوالێتی و باشی بەرهەمیشەوە ناوبانگ و متمانەیەكی باشیان بەدەست هێناوە، كەواتە دەگەڕێمەوە ئەو خاڵەی كە دەبێت ئێمە رووبكەینە ئەو پیشەسازییانەی كە دیراسەی كەڵكی ئابوورییان لێرە هەلی سەركەوتنی زیاترە. 
* ئایا ئابووریناسان و شارەزایانی بواری پیشەسازیی تاچەند دیراسەت و توێژینەوەی كەڵكی ئابووری بۆ دامەزراندنی كارگەكان دەكەن، پێت وانی یە زۆرجار لەپێناو بەدەستهێنانی پارچەیەك زەوی فكرەی كارگەیەك دادەنرێت و دوای ماوەیەك مایەبووچبوونی خۆی یاخود بەرهەمەكە رادەگرن؟
- زۆر جار لەبواری شیرەمەنی و میوەجات بەرهەمی خۆماڵی گرانترە لەبەرهەمی بیانی،  كەچی هىشتا لای كڕیار رەواجی لەسەر زیاترە، ئەمەش بۆ هوشیاری كڕیار دەگەڕێتەوە كە لەرووی تام و دەوڵەمەندییەوە متمانەی بەبەرهەمی خۆماڵی زیاترە، خۆ ئەگەر بتوانرێت نرخەكەی بەرزتر نەبێت لەنرخی هەمان بەرهەمی بیانی ئەوا فرۆشێكی زۆر زیاتری دەبێت و جوتیارو پیشەسازیكاریش دەتوانێت ئاستی سەرمایەی بەگەڕخراو لەو بوارەدا زیاد بكات. دەكرێت پیشەسازیی لەقوتوبەند وەكو نموونە باس بكەین و لەهەرێمی كوردستان ئەمجۆرە پیشەسازییە پێش بخرێت، راستە بەرهەمی سروشتی دەوڵەمەندتر و بەتامترە بەڵام توانای دابینكردنی هەرچوار وەرزەی ساڵی بەهەمان چەندایەتی نی یە بۆیە دەبێت روو لەپیشەسازیی لەقوتوبەند بۆ بەرهەمی خۆماڵی بكەین. ئەوەی تایبەتە بە وەڵامی پرسیارەكەتان بەڵێ من پێم وایە سەرمایەدارو وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی كەمتر پشت بە دیراسەی كەڵكی ئابووری دەبەستن، چونكە لەبواری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی و كارئاسانی زۆر پێشكەشی بە وەبەرهێنەران كردووە.
 سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بوژانەوەی هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی بۆ ئەوەیە كەرەستەیەكی خاوی هەرزان بۆ پیشەسازیی خۆراكی دابین بكرێت، كە لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی دانیشتوانی كوردستان و ناردنە دەرەوەی بەرهەمەكانی كوردستان بۆ گەورە شاری موسڵ و پارێزگاكانی دیكەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەلێكی باش لەبەردەم ئەم هەنگاوەدایە، ئەمەش لەرووی كەڵكی ئابووری بۆ هەرێمەكە زۆر گرنگە چونكە پارەیەكی كەمتر دەچێتە دەرەوەی بۆ هاوردەكردنی كاڵاو بەرهەمەكان لەبری ئەوە ئەو پارەیە دەكرێت بۆ كڕینی ئامێرو مەكینەو تەكنەلۆژیای نوێی بەرهەمهێنان كە لەماوەی تەمەنی خۆیدا نەك پارەكەی دەردەهێنێتەوە بەڵكو چەندین هێندەی نرخی خۆی لێی سوودمەند دەبین، ئەمە وێڕای ئەوەی لەكەرتی پیشەسازیی زۆرترین هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین دەكرێت، كەواتە سوودی ئابوورییانەی پرۆژە پیشەسازییەكان سوودێكی راستەوخۆو ناراستەوخۆ و درێژخایەنە و كارگەریی لەسەر ژینگەی سیاسی و ئابووری و ئاشتی كۆمەڵایەتیش هەیە و لەپاشكەوتەی ئابووری عێراق و وڵاتانی دراوسێ رزگارمان دەبێت.
* بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی و زۆر بواری دیكەی پیشەسازیی دەكرێت سوود لە بوژانەوەی پرۆژەی بچووك وەربگرین پێشتر لەشارێكی وەكو سلێمانی و هەولێر بەدەیان پیشەكاریی تایبەت بەدارتاشی و ئاسنگەریی و پیشەی دیكەی جۆراوجۆر هەبوو، ئەمانە دەكرێت لەناو پرۆژەی بچووك كۆبكرێنەوەو دەزگایەكی پەیوەندار سەرپەرشتیان بكات و زۆرترین هەلی كارو دەستی سەنعەتی لێ بەدەست بهێنرێت، پرسیار ئەوەیە چی بكرێت بۆ ئەوەی پرۆژەی بچووك لەهەرێمی كوردستان ببووژێتەوە؟
- دامەزراندنی ئەو جۆرە دامەزراوانە گرنگی زۆری هەیە؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت پاڵپشتیان بكات و گرێبەستیان لەگەڵ بكات بەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانیان بكڕێتەوەو خۆی بازاڕی لەناوخۆدا بۆ بدۆزێتەوە، تەنانەت دەتوانێت لەڕێگەی دووبارەكردنەوەی پێدانی قەرزی بچووك سەرمایەكانیان بۆ هێنانی ئامێری پێشكەوتوو پێش بخات، ئەم پرۆژە بچووكانە دەكرێت لەبوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزاریش ئەنجام بدرێت، لەبواری گەشتوگوزاریش بەدەیان بەرهەمی پێویست هەیە هەر لەكلینسك و سابون و قاپ و كەلوپەلی خێرا بەكارهاتوو لەگەڵ دروستكردنی كەلوپەلی  فۆلكلۆر و شوێنەواریی.. دەكرێت كارگەی بچووك بۆ بەرهەمهێنانی دابمەزرێت كە پێی دەوترێت پیشەسازیی گەشتیاریی و لەكوردستاندا تەنیا لەبواری گەشتیاریی خزمەتگوزاریی لەم كەرتە سوودمەند بووین ، بەمەش حكومەت لەلایەك بەرهەمی ناوخۆیی زیاد دەكات و لەلایەكی دیكەوە هەلی كار بۆ خەڵكێكی دەدۆزێتەوەو كۆمەڵگەی كوردستان دەبێتە كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن.