سەرۆكی یەكێتی ژوورەكان بەشداری كرد لە ڤیدیۆ كۆنفرانسی ئابووری كوردستان

سەرۆكی یەكێتی ژوورەكان بەشداری كرد لە ڤیدیۆ كۆنفرانسی ئابووری كوردستان




2021-02-04 08:13:24


 

ئێوارەی رۆژی 19/1/2021 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی هێلینا رانگ ئەمینداری گشتی رێكخراوی NUMOV رێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئەڵمانیا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیك و بە سەرپەرشتی میشێل فرانزیل ئەندامی هەمان رێكخراو و بە بەشداری سڤین كراوسپ كونسوڵی گشتی وڵاتی ئەڵمانیا لە هەولێر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە كۆمپانیای ئەڵمانی لە سێكتەرە جیاوازەكان، ڤیدیۆ كۆنفڕانسێك بۆ تیشك خستنە سەر كەرتی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی كوردستان سازكرا.

وتەی بەخێرهێنان و سەرەتای كۆنفڕاسنەكە لە لایەن میشێل فرانزیل ئەندامی رێكخراوی NUMOV پێشكەشكرا، وتی: هەرێمی كوردستان جیاوازە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامە لە گشەكردن، لە هەموو بوار و سێكتەرەكان وەبەرهێنان هەیە، زۆر بواریش پەرەی پێدراوە، ئێمە ئامانجمان لەم ڤیدیۆ كۆنفڕانسە تیشك خستنە سەر سێكتەرەكان و بەرچاوروونی یە بۆ كۆمپانیا ئەڵمانییەكان بۆ ئەوەی بچنە بازاڕی هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنان بكەن.

میشێل وتی: ژمارەیەك لە كۆمپانیا ئەڵمانییەكان لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ئامانجمان هاندانی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیایە و زیاتر كردنی ژمارەی كۆمپانیاكانمانە لە هەرێم، دەمكانەوێت پەرەی زیاتر بە ئابووری هەرێمی كوردستان بدەین، ئەمەش لە كاتێكدایە كەشی هەرێمی كوردستان لە هەموو روویەكەوە لەبارە، كوردستان و خەڵكەكەی پێگەی تایبەتییان هەیە لە لای ئەڵمانییەكان.

سڤین كراوسپ كونسوڵی گشتی وڵاتی ئەڵمانیا وتەی خۆی پێشكەش كرد رایگەیاند: ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی ئەم ڤیدیۆ كۆنفڕانسە كۆمپانیا ئەڵمانییەكان زیاتر ئاشنای هەرێمی كوردستان بن، چەندین خاڵی گرنگ هەیە هەوڵ دەدەین لە رێگەی ئەم دانیشتنەوە روون بكەینەوە، ێمە لە زووەوە دەستمان بەكار كردووە لە هەرێمی كوردستان، داهاتی هەرێمی كوردستان بە رێژەیەكی زۆر پشت دەبەستێت بە نەوت، ئێمە دەمانەوێت پەرە بە كەرتەكانی تر بدەین و لە داهاتوودا ببێتە داهاتێكی باش بۆ هەرێمی كوردستان.

كونسوڵ وتی: هەرێمی كوردستان زیاتر لە وڵاتی توركیا و كۆماری ئیسلامی ئێران كەل و پەل و كاڵا بە تایبەت خواردەمەنی هاوردە دەكات، ئێمە دەمانەوێت كۆمپانیا ئەڵمانییەكانیش بێنە ناو بازاڕی هەرێم و ئێستاش كاتێكی گونجاوە بە تایبەت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا خەریكی پرۆژەی چاكسازییە.

پاشان د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكان وتەی خۆی پێشكەش كرد رایگەیاند: بەهۆی پەتای كۆڤید19 ماوەیەكی زۆرە لە پەیوەندییەكان دابڕاوین، جگە لە لاوازبوونی پەیوەندییەكان بگرە قوڕساییەكی زۆریشی خستۆتە سەر ئابووری وڵاتان بە گشتی و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كە داهات و بودجەیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.

د. دارا وتی: ئەم ڤیدیۆ كۆنفڕانسە دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە پەیوەندییەكان بكەینەوە و بە گوڕ و تینێكی زیاتر پەرە بە پەیوەندییەكان بدەین.

سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند: ئێمە لە رابردوودا كاری هاوبەشمان ئەنجامداوە لەگەڵ رێكخراوەكانی (GIZ, AHK, NUMOV) و چەندین رێكخراوی ئەڵمانی تر، بەڵام بەهۆی پەتای كۆڤید 19 لە ساڵی 2020 پەیوەندییەكان وەستان.

وتیشی: عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتانەی كە داهاتیان لەسەر نەوتە بەهۆی هەرزانبوونی نرخەكەی و بوونی ئەم پەتایە لە ساڵی 2020 تووشی قەیرانێكی قوڵ هاتن، ئێمە دەمانەوێت بە هاوكاری كۆمپانیاكانی وڵاتی ئەڵمانیا پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ، گەشت و گوزار و پیشەسازی بدەین، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پاڵپشتی تەواوی وەبەرهێنان دەكات لەم كەرتانەو بەتایبەت لەم كابینەیە وەبەرهێنان كردن لەم كەرتانی لە پێشینەی كارەكانیەتی.

سەرۆكی یەكێتی ژوورەكان هیوای خواست پەیوەندییەكان لەماوەی داهاتوو بە گڕو تینێكی زیاتر لە جاران پەیوەندییەكان دەستپێبكەنەوە.

هەر لەم ڤیدیۆ كۆنفڕانسەدا چەند كۆمپانیایەكی ئەڵمانی بەشدارییان كرد، چەند پرسیارێكیان ئاڕاستەی سەرۆكی یەكێتی ژوورەكان كرد لەوانە (چۆنیەتی بازرگانی و هێنانی كەل و پەل بۆ عێراق و یاساكانی بازرگانی و وەبەرهێنان گرنگترین ئەو سێكتەرانەی كە دەبنە داهاتێكی باش بۆ هەرێم) سەرۆكی یەكێتی ژوورەكان لە وەڵامدا وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتییەكی تەواوی وەبەرهێنەران دەكات یاسایەكی وەبەرهێنانمان هەیە كە پشتگیری تەواو لە وەبەرهێنەران دەكات و هەموو كارئاسانییەكی بۆ دەكات.

وتیشی: ئەگەر كەل و پەل لە هەرێمی كوردستانەوە بچێت بۆ بەشەكانی تری عێراق هیچ گومرگێكی لەسەر نیە، هەموو بازرگانان و كۆمپانیاكان دەتوانن بەبێ هیچ كێشەیەك كاری خۆیان بكەن لە هەرێمی كوردستان.

دەربارەی گرنگترین ئەو سێكتەرانەی كە لە ئێستادا هەرێمی كوردستان پێویستی پێ یەتی سەرۆكی یەكێتی ژوورەكان وتی: هەرێمی كوردستان پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە لە گشت سێكتەرەكان وەكو پێشتریش ئاماژەم پێدا كەرتەكانی كشتوكاڵ، گەشت و گوزار و پیشەسازی لە ئێستادا زۆر پێویستە ئەوەشی خستەروو كە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر لە ناوچەكانی تری عێراق بۆ گەشتی (هاوینە و زستانە) بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیاو ئارامی كەشەكەی روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەگەر پەرە بەم كەرتە بدەین گەشتیارێكی زۆر زیاتر لە وڵاتانی ترەوە دێنە هەرێم كە ئەمەش دەبێتە داهاتێكی یەكجار باش بۆ هەرێمی كوردستان كە دانیشتوانەكەی 6 ملیۆنە بە بەراورد بە چەند وڵاتێك كە دانیشتوانیان یەكجار بەرزە و داهاتی سەرەكیشی گەشت و گوزارە.

لە كۆتایی ئەم ڤیدیۆ كۆنفڕانسە رێكخەر و بەشداربووان زۆر سوپاسی دكتۆر دارا جلیل خەیاتیان كرد، هاوڕابوون لە پەرەپێدانی زیاتر لە جاران لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و كاری زیاتر بكەن بۆ راكێشانی كۆمپانیا ئەڵمانییەكان بۆ هەرێمی كوردستان.