‎یەكێتی ژوورەكان و دەستەی دەستپاكی وۆرك شۆپێكیان ئەنجام دا

‎یەكێتی ژوورەكان و دەستەی دەستپاكی وۆرك شۆپێكیان ئەنجام دا




2019-09-22 20:14:41


‎رێكەوتی ١٩/٦/٢٠١٩ یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و
‎پیشەسازی هەرێمی كوردستان و دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە بەشداری نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئابووری و سیروان محمد وئەیاد حسن جێگرانی سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی ئەنجومەنی وەزیران وبەرێوەبەری گشتی باجەكان ومامۆستایانی زانكۆ وۆرك شۆپێكیان لە ژێر ناونیشانی رێكخستنی بودجە كۆمپانیاكان ئەنجام دا
لەوبارەیەوە دكتۆر دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە وۆركشۆپەكەدا وتی "ئێمە لە ماوەی رابردودا زۆر گرفتمان هەبوە و زۆرجاریش گلەییمان لێكراوە، بۆیە تیمێكی هاوئاهەنگی هاوبەشی نێوان بازرگانی و دەسپاكی پێكهێنراوە و بەیەكەوە گەڵاڵەی چەند بۆچونێكیان كردوە، بۆیە ئەمڕۆ ئەو گفتوگۆیەی دەكرێت، گرنگی خۆی هەیە بۆئەوەی پێداچونەوە بە یاساكاندا بكرێت و ئەو كەموكورتیانەی هەشمانە چارەسەر بكرێن".
‎باسی لەوەشكرد ئەوان ئامادەی هاوئاهەنگین لەگەڵ هەموو دەستەكانی حكومەتی هەرێم لە دەسپاكی و چاودێری دارایی و سەندیكاكانی وردبینی و ژمێریاری تەنها بۆئەوەی هەنگاوەكانی بە سیستمبونی بودجەی كۆمپانیاكان بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا بەردەوام بن.

‎لەلایەن خۆیشیەوە د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كۆمپانیا بازرگانییەكان لەهەموو سیستمە حوكمڕانییەكاندا بڕبڕەی پشتی بازرگانی و ئاڵوگۆڕن و هەروەها داهاتیان بۆ حكومەتیش هەیە، بەڵام نابێت كاروباری بودجە و خەرجی و داهات و چۆنییەتی پڕۆژەكانی ئەو كۆمپانیایانە بەدەربێت لە چاودێری وردی حكومەت لەلایەن دەستە جۆراوجۆرەكانەوە.
‎باسی لەوەشكرد ئەو داهاتەی لە كۆمپانیاكانەوە باسی لێوەدەكرێت بۆ حكومەت و سیستمی باج و رسوماتە، بەشێكە لە داهاتی خەزێنەی گشتی بۆیە ئەوەش جارێكی دیكە دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە، ئەوەی ماوەتەوە دەستنیشانی پرۆسەیەكی وردە بۆ وەرگرتن و خەرجی بودجەی كۆمپانیاكان.