كۆبونەوەی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق، لە هەولێر سازدرا

كۆبونەوەی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق، لە هەولێر سازدرا




2021-01-10 14:45:49


رۆژی 10ی 12ی2020 كۆبونەوەی خولی 12 لەسەر 13ی یەكێتی ژورەكانی بازرگانی عێراق، لە هەولێر و هۆڵی كۆبونەوەكانی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان سازدرا.

لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆكی گشت ژوورە بازرگانیەكانی عێراق و هەرێمی كورستان بەشداربوون.

لە سەرەتای مەڕاسیمی كۆبونەوەكەدا، د.دارا جەلیل خەیات ، سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد كرد، بەخێرهاتی میوانان و بەشدارانی كۆبونەوەكەی كرد و جەختی كردەوە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵە بە لەباوەشگرتنی كۆبونەوەی هەموو یەكێتیە ژوورەكانی بازرگانی عێراق و دووپاتی كردەوە ئەو كۆبونەوەیە دەرفەتێكە بۆ لە یەكتر نزیكبوونەوە و چارەسەركردنی كێشەكان.

دارا جەلیل خەیات، گوتی: هەولێر لە پاڵ کاروانی ئاوەدانی وگەشەکردن، بەردەوام هەوڵی بەیەکەوەستنەوەی هێڵە ئابوورییەکانی عێراقی داوە، بۆیە ئەم کۆنگرەیە وەک خولی هەولێر بەهێزەوە وەردەگرێت و هیوادارین بە کۆمەڵێک بڕیاره‌وه‌ دەربچین کە لە بەرژەوەندی بازرگانیی تەواوی عیراق بێت.

لای خۆیەوە د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە وتەیەكدا گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم و بە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیی پێویست بە کەرتی تایبەت دراوە و ڕایسپاردووین هەموولایەنە پەیوەندیدارەکان زۆرترین ئاسانکاری بۆ خاوەن کار و بازرگانان بکەین.

گوتیشی: ئێمە لە کوردستان دەرفەتێکی باشی بواری بازرگانی و وەبەرهێنانمان هەیە، لە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی كوردستانەوە تا کەشوهەوا و ژینگە و سروشتی کوردستان، بۆیە ئێمە جگە لەوەی چاومان لە وەبەرهێنەرانی بیانییە، زۆرترین کاتیش هەوڵی ئەوەمان داوە وەبەرهێنەرانی عیراقی بێنە کوردستان بۆ ئەوەی داهات و ماددە خاوەکانی ئەو پڕۆژانە لەناو عێراق بمێننەوە، ئەوەش دەبێتە هێزی ئابووری بۆ کوردستان وعێراق.

لەلایەن خۆشیەوە عەبدولڕەزاق زوهێری ، سەرۆکی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی بە پێشکەوتنی کوردستان لەسەر دەستی وەبەرهێنەر و بارزگانانی کوردستان، باسی لەوەش کرد کە دەبێ کێشەکانی بازرگانان بەپێی یەسا چارەسەربکرێن تا زۆرترین دەرفەتیان هەبێ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، "بۆئەو مەبەستەش هەموو لایەک ئاسانکاریمان بۆ دەکەن چونکە خۆمان یەکهەڵویێستین".

دواتر كۆبونەوەكە دەستی پێكرد، كە ناوەڕۆكەكەی تایبەت بووە بە كێشە و گرفتەكانی بازرگانانی پارێزگا جیاوازەكان، هەر لە كۆبوەنەوەكە چارەسەریەكان خرانەڕوو، هەروەها چەندین بڕیاریش لەمبارەیەوەدرا.